رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی دێسامبری ٢٠١٨ کۆنفڕانسی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان کۆمیتەی ئۆرێبروو بە بەشداری نزیک بەتەواوی ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە بەڕێوە چوو.
کۆنفڕانسەکە کاتژمێر ١١،٣٠ی پێش نیوڕۆ بە دەقەیەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی رێگای رزگاری و یەکسانی دەستی پێکرد.
دواتر خاتوو نەدا شەهبازی وەک نوێنەری کۆمیتەی گشتی یەکیەتی ژنان لە وڵاتی سوئێدو هاوکات بەڕێوەبەری بەرنامە بەخێر هاتنی بەشدارانی کردو مەبەستی کۆبوونەوەکەشی لە باسێکی کورت دا شی کردەوە. خاتوو نەدا لە باسەکەی دا جەختی لەسەر شێوەی پەروەردەی بنەماڵە کردەوە کە چۆن لە بناغە ڕا منداڵەکانمان چ کچ چ کوڕ بە فکرێکی یەکسانیخوازی بار بێنین و تەحویلی کۆمەڵگایان بدەین. لە درێژەی باسەکەی دا خاتوو نەدا باسی لە پێوستی فێر بوونی رێنووسی کوردی بۆ هەموو چالاکوانێکی مەدەنی و سیاسی کرد.
ئەو جار خاتوو شوعلە قادری بەرپرسی کۆمیتەی ئۆرێبرو بە رێز لێنانو پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ گیانی پاکی دوو سکرتێری یەک لە دوای یەکی یەکیەتیی ژنان شەهیدان سۆهەیلا قادری و نەسرین حەدداد، راپۆرتی کارو چالاکی نیوان دوو کۆنفڕانسی خوێندەوە.
دواتر راپۆرتی ماڵی ئەو کۆمیتەیە خوێندرایەوە. پاشان نۆرە درا بە بەشداران بۆ دەر بڕینی راوو بۆچوونو پێشنیارەکانیان، لەو بەشەش دا ئەندامان زۆر چالاکانە ڕای و پێشنیارەكانی خۆیان ھێنانە بەرباس.
دوایین بەشی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنی ئەندامانی بەڕێوەبەری کۆمیتەی تازە بوو بۆ بەڕێوە بردنی ئەرکەکانی یەکیەتیی ژنان لە شاری ئۆرێبرو، کە بە خۆشیەوە کۆمیتەیەکی پێنج کەسی بە تێکرای دەنگ متمانەی کار کردنیان بە دەست هێنا.
کاتژمێر ١٤،٠٠ کۆبوونەوەکە کۆتایی پێ هات.
کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە ئۆرێبرو