ڕۆژی شەممە ۲۱ی نوامبر، لە لایەن یەکیەتی ژنانی دێموکڕات کومیتەی سوئێد،، وێبینارێک بە بۆنەی ۲٥ی نوامبر، ڕۆژی بەرەنگار بوونەوەی توند و تیژی دژی ژنان، بۆ بەڕێزان کەژاڵ ئەحمەدی و تارا عەزیزی و بە بەشداری بەشێک لە ئەندامانی یەکیەتیی ژنان و یەکیەتیی لاوان لە وڵاتی سوئێد بەڕێوە چوو.
سەرەتا خاتوو شیلان ساڵحی بە نوێنەرایەتی کومیتەی یەکیەتیی ژنان لە سوئێد، بەخێر هاتنی بەشداران بەگشتی و خاتوو کەژاڵ و خاتوو تارای بەتایبەتی کرد و پاشان کورتەیەکی لە سەر کەسایەتی هەر دوو خاتوونی کۆڕگێڕ و هەروەها ڕێڕەوی کار وێبینارەکەی باس کرد.
لە بڕگەی یەکەمی وێبینارەکەدا خاتوو کەژاڵ ئەحمەدی، کۆمەڵزان و شارەزا لە بواری ڕەوان دەرمانی باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر دڵەڕاوکێ و ڕەفتاری زیان لەخۆدەر و هۆکارەکانی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد.
ناوبراو پاش ئاماژەدان بەوەی کە دڵەڕاوکێ نەخۆشییەکی دەروونی و درێژخایەنە کە زیاتر لە نێو لاوان و ژناندا باوە و هەر وەها هۆیەکی سەرەکییە بۆ دروست بوونی ئازار و دواتر زیان لەخۆدان لە لایەن نەخۆشەوە، باسی لەو ڕێکارانە کرد کە لە وڵاتی سوئێد و لە لایەن بەشی تەندروستییەوە پێشکەش بەو کەسانە و بنەماڵەکانیان دەکرێ و هەروەها چۆنیەتی هەڵسوکەوت و ئەرکی بنەماڵە و دەوروبەر لە ئەگەری هاتنە ئارای حاڵەتێکی لەو شێوە لە خێزاندا کرد.
بڕگەی دووهەمی وێبینارەکە تەرخان کرابوو بۆ خاتوو تارا عەزیزی، مافناس و نوێنەری سوئێد لە کومیسیونی نێو دەوڵەتی مافناسان ( ئای سی جی ICJ ) لە ژێر ناوی توند و تیژی دژی ژنان لە سوێنگەی مافی ژنان و قانوونە نێو دەوڵەتییەکانەوە کە بە هەر دوو زمانی سوئێدی و ئینگلیزی پێشکەشی کرد.
ناوبراو لە باسەکەیدا، بە پشت بەستن بە مافەکانی پەسەندکرای ژنان لە یاسا و چارتەرەکانی نەتەوە یەکگرتۆکان و ئەو دەوڵەتانی ئیمزایان کردووە دەست نیشانی کرد کە توندو تیژی و هەڵاواردن لە دژی ژنان تاوانە و دەوڵەتان و دەسەڵاتدارەکان نە تەنیا دەبێ پێش بە ئەو جۆرە تاوانانە بگرن، بەڵکو لە جێ بە جێ کردنیشدا بەرپرسیار و وڵامدەرن دەبێ سەزاش بۆ تاوانکار دابنێن. تارا عەزیزی لە باوەڕدابو کە هۆی سەرەکی توند و تیژی و هەڵاواردن لە دژی ژنان دەگەڕێتەوە سەر جێ بە جێ نەبوونی قانون، لێنەپرسینەوەی دەسەڵات و کولتوری توندو تیژی و هەڵاواردن لە کۆمەڵگادا. توندو تێژی دیاردەیەکی جیهانیە و لە وڵاتانی پێشکەوتو و پاش کەوت و کولتوری جیاوازدا بە شێوازی جۆراوجۆر وجودی هەیە و دەبیندری. کولتوری جیاوازی وڵاتەکان وای کردووە کە قانون و یاسەکانیش سەبارەت بە ژن و مافی ژنان لێک جیاواز بن. لە زۆربەی وڵاتەکان یاساکانیان زۆر لە قانون و چارتری UN کز و لاوازترە. بە پێی ڕێکخراوی تندروستی جیهانی WHO یەک لە سێی ژنان لە ماوەی تەمەنیاندا بە جۆرێک دەست درێژی سێکسییان دەکرێتە سەر. ڕیگا چارەی ئەو دیاردەیە ئەوە نییە کە پیاواکان ببن بە هەدەف و تاوانبار بکرێن، بەڵکو گۆڕانکاری لە کولتور و جێ خستنی عەقڵییەتی یەکسانی نێوان ژن و پیاوە کە دەستەبەری کۆمەڵگایەکی یەکسان دەکا کە ئەمنیەت بۆ ژن مسۆگەر بێت و هەست بە مەسولییەتش بۆ پیاو دروست بێ و کۆمەڵگاکەش ئەرکدار بێت.
لە بەشێکی تری باسەکەیدا وێرای ئاماژە بە دۆخی ژنان لە ئێران و کوردستان، گوتی بە پێی سەرچاوەکانی ئەمنستی و هیومن ڕایتس واچ، (Amnesty, Human Rights Watch ) جیاواز لە لایەنی کولتوری و یاسای کە مافی ژنان ڕەچاو ناگیرێ، دەسەڵات خۆشی تاوانبارە بۆ ڕێگە خۆش کردنی هەڵاواردن و توندو تیژی لە دژی ژنان. ناوبراو هەروا گوتی کە ژنانی ئێران و کوردستانی کۆڵیان نەداوە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە زانیارێکی بەرچاو لەسەر وەزعی خۆیان بەڕی دەکەن بۆ ناوەند و ڕێکخراوەکانی پێوەندیدار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا خاتو تارا عەزیزی گوتی لە سەردەمی کۆڕۆنادا بە پێی ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکانی UN بە داخەوە ڕادەی توند و تیژی لە دژی ژنان بە ڕێژەی سی لە سەددا زیادی کردووە و کۆمەڵگا دەبێ ئەو پەیامە بە جیدی وەرگرێ.
بەشی کۆتایی وێبینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیاری بەشدار بووان، کە لە لایەن هەر دوو بەڕێزان، خاتوو کەژاڵ و خاتوو تارا بە وردی و تێر و تەسەلی وەڵام درانەوە.
وێبینارەکە پاش زیاتر لە دوو سەعات کۆتایی پێ هات.
یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان- سوئێد