یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان-سوئێد، بە مەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی، هەر جارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامان چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا. چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان لەتیفە جەباری یە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە؟
من ناوم لەتیفە کۆشا، ناسراو بە لەتیفە جەباری م. ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٦٦ی زایینی لە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سەقز، بە نێوی کازم خان لە دایک بووم و هەر لەو گەڕەکەیش چوومە قوتابخانە و دەورەی سەرەتایی و مام ناوەندیم لەگەڵ منداڵانی گەڕەک و لە قوتابخانەکانی ئەو گەڕەکە تەواو کرد.
لە پۆلی دووهەمی مام ناوەندی و سەرەتاکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، بۆ یەکەم جار و لە ڕێگای برای لە خۆم گەورەترەوە تێکەڵاوی کاری سیاسی بووم و لە چالاکی قوتابخانەکانەوە و وەک نوێنەری قوتابیان دەستم پێکرد.
دوای داگیر کردنی شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزەکانی جمهوری ئێسلامییەوە، لە زۆربەی چالاکییەکانی قوتابخانەکان لە سەقز بەشدار بووم. لە پۆلی دووهەمی دواناوەندی دا و لە سەرەتاکانی ساڵی خوێندندا بووم کە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە گیرام و پاش مانەوەی زیاتر لە سێ مانگ لە گرتووخانەدا، بۆ ماوەی سێ ساڵیش لە قوتابخانە دەرکرام. ساڵێک دواتر وەک مامۆستای گەورەساڵان لە نێهزەتی سەوادئامووزی لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک شاری سەقز بە نێوی کانی نیاز دەستم بە کار کرد، کە دوای پێنج مانگ کار کردن و بە هۆی هەڵاتنی براکەم لە زیندان، منیش ئاشکرا بووم و لەوێش دەرکرام. پاش تێپەڕ بوونی سێ ساڵی دوور کەوتنەوەم دیسان گەڕامەوە قوتابخانە و دەستم دایەوە خوێندن. پێویستە ئەوەیش بڵێم کە لەو ماوەدا زۆر جار لە لایەن ئیتلاعاتەوە و بە بیانووی جۆراوجۆر دەسبەسەر دەکرام و هەر جارەو ماوەی دوو حەوتوو تا مانگێک لە بەندیخانە و بێ لێپرسینەوە ڕایاندەگرتم و پاش ئازارێکی زۆری جەستەیی و دەروونی ئازادیان دەکردم. دوا جار لە هاوینی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٨٦ی زایینی و پاش شەهید بوونی براکەم شەهید حەمەساڵە ناسراو بە فەرەیدون جەباری کە من ناسناوی حیزبی خۆم لەوەوە وەرگرتووە، دیسان گیرام و ئەمجارەیان حوکم درام و بۆ ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگ لە زینداندا مامەوە و هەر لەوێیش بوو کە تووشی نەخۆشی سیل بووم. پاش ئازاد بوونم لە لایەن بنەماڵەکەمەوە دەسبەجێ بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری تەورێز ڕاگوێزرام و پاش مانەوەی زیاتر لە مانگێک لە لایەن پزیشکەکانەوە ئیزن درام و بە نیوە مردوویی و بۆ مردنی یەکجاری بۆ سەقز بەڕێ کرامەوە کە بە خۆشییەوە نەمردم و ئێستاش لە خزمەتی ئێوەدام. ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی و لە قەندیل لەگەڵ هاوژینەکەم ئەحمەد ئازەرپیرا یەکمان ناسی و ژیانی هاوبەشمان پێکهێنا و خاوەنی کوڕێکین بە نێوی هونەر.
٢- لە چ ساڵێکدا زێدی خۆتت بەجێهێشتووە و کەی هاتووی بۆ سوئێد؟
دەکرێ بڵێم من لە زێدی خۆم ڕاو نراوم و ناچار بووم کە زێدی خۆم بەجێ بهێڵم. ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٩٢ی زایینی شاری دێرینی سەقزم بەجێ هێشت و چوومە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و پاش چەند ساڵ مانەوە و بەڕێوەبردنی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی وەک مامۆستای منداڵان و مامۆستای دەورەی سەرەتایی فێرگە لە بواری زمانی کوردی و مافی ژنان، ساڵی ٢٠٠٨ و پاش مانەوەیەکی زۆر لە وڵاتی تورکیە و بڕینی ڕێگایەکی سەخت و پڕ مەترسی گەیشتینە وڵاتی سوئێد و لێرە نیشتەجێ بووین.
٣- ڕادەی خوێندەواریتان پێش هاتن بۆ سوئێد چەندە بووە و لێرە چیتان خوێندووە؟
وەک پێشتر باسم کرد، بە دەردەسەریەکی زۆر و پچڕ پچڕ توانیم قۆناغی دواناوەندی تەواو بکەم و بە چەند مانگ پێش هەڵاتنم لە شار، لە بواری فەرهەنگ و ئەدەب دا دیپلۆمم وەرگرت. پاش هاتنم بۆ سوئێد، هەوڵی فێربوونی زمانی سوئێدیم دا و پاش تەواو کردنی دەورەی سەرەتایی فێربوونی زمان، دەورەی مام ناوەندیشم تەواو کرد و پاشان لە بەشی دەرمان و پێڕاگەیشتن دەستم دایە خوێندن و پاش تەواو کردنی دەورەکە لە ساڵی ٢٠١١ دا مەدرەکی یاریدەدەری پەرەستار( ئووندێر خۆتێشکا) م وەرگرتووە.
٤- دەکرێ باسێک لە چۆنیەتی و هۆی پێوەندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و چالاکییەکانتان لەو ڕێکخراوەدا بکەن؟
هەر لە یەکەم مانگەکانی هاتنم بۆ نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، لە لایەن بەڕێوەبەریی کاتی یەکیەتیی ژنانەوە پێوەندیم پێوە گیرا و دەستم بە کار کرد و وەک مامۆستای کوردی بۆ ژنانی نەخوێندەوار و هەروەها دانانی دەورەیێکی چنین بۆ ژنان لە فێرگەی سیاسی نیزامی ئەرکم بەڕێوە برد. پاشان تا گرتنی کونفڕانسی یەکەمی یەکیەتیی ژنان ئەرکی کۆبوونەوە و شانەبەندی و هەروەها ئامادەکاری بۆ گرتنی کۆنفڕانسم بەڕێوە دەبرد. لە یەکەم کۆنفڕانسی گشتی یەکیەتیی ژنان لە سالی ١٣٧٣ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٩٩٤ی زایینی، وەک ئەندامی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنان، و لە کۆنفڕانسی دووهەمدا و لە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٩٩٧ی زایینی وەک بەرپرسی گشتی یەکیەتیی ژنان، و لە کۆنفڕانسی سێهەمدا، لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠٠١ی زایینی دیسان وەک ئەندامی بەڕێوەبەری هەڵبژێردرامەوە و وەک بەرپرسی کۆمیتەی هەولێر، کە ئەو کات بەشێکی زۆری بنەماڵەکانی حیزبی لەوێ نیشتەجێ بوون، دیاری کرام. پاش کۆچ کردنم بۆ وڵاتی تورکیە لە کۆتاییەکانی سالی ٢٠٠١دا، بە تەواوی لە یەکیەتیی ژنان دابڕام و لە ساڵی ٢٠١٨ دیسان پێوەندیم بە ڕێکخراوەکەمان لە سوئێد گرت و وەک ئەندام دەستم بە کار کردەوە. ساڵی ٢٠١٩ لە کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆمیتەی سوئێد وەک ئەندامی بەڕێوەبەری و لە کۆنفڕانسی ساڵی ٢٠٢٠ وەک بەرپرسی کۆمیتەی سوئێد هەڵبژێردرام و تا ئێستاش ئەو ئەرکەم لە ئەستۆیە. لە کۆنفڕانسی سێهەمی دەرەوەی وڵات وەک ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمیتەی دەرەوە هەلبژێردرام و کار ئەکەم.
٥- لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان ڕێک خستووە؟
وەک زۆربەی ژنانی نیشتەجێی دەرەوە، منیش هەم ئەرکی ماڵەوە بەڕێوە دەبەم و هەم لە دەرەوەی ماڵ و لە ماڵی بەساڵاچووان دا کار ئەکەم. جگە لەوەش بە کاری ڕێکخراوەییەوە سەرقاڵم و وەک باسم کرد لە کۆمیتەی سوئێد وکومیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنان ئەرک بەڕێوە دەبەم.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەرانمان هەیە، فەرموون.
هیوادارم کە هەوڵەکانمان چڕتر و هەنگاوەکانمان پتەوتر لە پێشوو بن بۆ گەیشتن بە مافی یەکسانی لە کۆمەڵگادا. هەوڵ بدەین بۆ پێگەیاندنی خۆمان و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی کەسانی هەڵسووڕ و هێنانە مەیدانی لاوان و پێگەیاندنیان لە بواری کاری ڕێکخراوەییدا. سپاس بۆ ئێوە و بە هیوای سەرکەوتنتان.
سپاس بۆ بەشداریتان و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.