یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوئێد، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خۆی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان کەماڵ حەسەنپوور
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
ناوم کەمال حەسەنپوورە، لە دایکبووی ساڵی ١۳٤١ی هەتاویی لە شاری سەردەشتم. لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر کە لە کۆنەوە پێشینەی کوردایەتییان هەبووە پەروەردە کراوم.
2. لە چ ساڵێکدا زێدی خۆتت جێهێشتووە و کەی هاتووی بۆ سوئێد؟
لە بەهاری ١٣٦٧ی هەتاوییدا وڵاتم جێهێشتووە و لە زستانی هەمان ساڵدا هاتوومە سوید.
3. ڕادەی خوێندەواریتان پێش هاتن بۆ سوئێد چەند بووە و لێرە چیتان خوێندووە؟
من ساڵی ١٣٦٠ دیپلۆمی ئابووریم وەرگرتووە و کاتێک هاتمە سوید و پاش دەورەی سەرەتایی فێر بوونی زمانی سویدی حەزم لە خوێندن بوو، بەڵام دەمزانی وەک کەسێکی بیانی ئەگەر درێژە بەخوێندنی ئابووری لە ئاستی زانکۆدا بدەم، دوای تەواو بوونی خوێندنەکە، ئەگەری پەیدا کردنی کارێک لەو بوارەدا کەمە چونکە هێشتا کە سی ساڵ لەو کاتییەوە تێپەڕ بووە بەشی ئابووری و دارایی وڵاتی سوێد هەڵاواردنێکی زۆری بەرانبەر بە خەڵکی بیانی پێوە دیارە. بۆیە لە بەشی خوێندنی گەورەساڵان ڕشتەی کارەبام خوێند و دیپلۆمی سویدیم لەو ڕشتەیەدا وەرگرت. پاشان لە زانکۆی لینشۆپینگ ئەندازیاریی ئێلێکترۆنیکم خوێند.
4. دەکرێ باسێک لە چۆنیەتی و هۆی پێوەندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و کار و چالاکییەکانی خۆتان لەو ڕێکخراوەیەدا بکەن؟
مێژووی پێوەندیی من لەگەڵ یەکیەتی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ دوای لەتبوونی حیزب. ئەوکاتی یەکیەتی ژنان بە شێویەکی زۆر چالاکانە لە وڵاتی سوید دەستی بە کار کرد و منیش لە بواری پێڕەو و پرۆگرامی سویدیی و پرۆژەکانی پێشکەشکراو لە لایەن ئەو ڕێکخراوەوە هاوکاریی بەشی بەڕێوەبەریی یەکیەتی ژنام کرد و هەر ئەو کات بوومە ئەندامی یەکیەتی ژنان و تا ئیستاش لە هەر بوارێکدا کە داوای یارمەتیم لێ کرابێ و لە توانام دابووبێ هاوکاری یەکیەتی ژنان بووم و لە داهاتووشدا دەبم.
5. لە ئێستادا بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان ڕێک خستووە؟
جگە لە کاری تەواو وەخت کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان پێویستە، خەریکی وەرگێڕانم. چەند ساڵە هاوکاری ڕۆژنامەی کوردستان دەکەم کە لەو ماوەیەدا سەدان بابەتی سیاسییم وەرگێڕاوەتەوە. هەروەها سێ کتێبیشم وەرگێڕاونەوە کە سێهەمین یان لە نەورۆزی ئەمساڵدا چاپ و بڵاو کرایەوە. ئێستا خەریکی وەرگێڕانی کتێبێکی دیکەم و ماوەیەکە بە وەرگێڕانی بابەتی زانستیی هاوکاریی گۆڤاری تیشکیش دەکەم. من وەک خۆم کەسێکم کە هەمیشە کات بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکانی دڵخوازم کەم دێنم، ئەوە بۆتە هۆی ئەوە کە قەت کاتی وەڕەز بوونم نییە و هەمیشە دوو-سێ پرۆژەی هاوکاتم بەدەستەوەن. ماندێلا لە کتێبی ڕێبازی ماندێلادا دەڵێ هەموو کەس دەبێ بێستانی خۆی ببینێتەوە و منیش بێ گومان وەرگێڕان بۆتە بێستانێک کە بەشێکی زۆر لە کاتەکەمی تێدا دەبەمە سەر.
6. ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەران هەیە فەرموون.
هەڵاواردن یەکێک لە دیاردەکانی زۆربەی کۆمەڵگاکانی مرۆڤن. کە پێكهاتووە لە هەڵاواردنی ئەتنیکی، ئایینی، ڕەگەزیی، جێندەریی و تاد. ژنان و کچانی کۆرد زۆرترین جۆری هەڵاواردنیان لە کۆمەڵگاکەیاندا ئەزموون کردووە و دەیکەن، بۆیە بۆ وەلانانی ئەو هەموو هەڵاواردنانە خەباتێکی لێبڕاوانەی کچان و ژنان پێویستە کە لەو خەباتەدا دەبێ پیاوانی یەکسانیخواز پشتگیرییان بکەن. ئەو ڕێگایە دوور و درێژ و پڕ لە کەند و کۆسپە بەڵام لە هێچ کۆمەڵگایەکدا یەکسانیی جێندەریی بە بێ خەباتی بێوچانی ژنان نەهاتۆتە دی، بۆیە ژنان و کچانی کوردستانیش دەبێ تا گەیشتن بە ئاواتەکانیان، کە کۆمەڵگایەکی یەکسانی بێ هەڵاواردنە بە شێوەی ڕێکخراو خەبات بکەن، چونکە بێگومان کۆمەڵگایەکی یەکسان و بێ هەڵاواردن باشترین کۆمەڵگایە بۆ هەمووان، تەنانەت بۆ پیاوانیش.
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.