ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی ئاوریلی ٢٠٢١ی زایینی خاتوو نازدار مەحموودزادە ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان بە هۆی نەخۆشی دڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئۆرێبرو دڵە مێهرەبانەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو نازدار ساڵی ١٩٤٧ی زایینی لە گوندی قووڵەسویرو لە داوێنی بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە دایک بوو. دواتر ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خەباتکاری نەسرەوتووی کوردایەتی کاک مەلا برایم مەسڵەحەت پێک هێنا. دوای ساڵانێک ژیانی پێشمەرگایەتی، کاڵەی غەریبیان لە وڵاتی سوئێد کردەوەو هەتا دوا ساتەکانی ژیانیان لە شاری ئۆرێبرو ژیان.
ئەندامەتی خاتوو نازدار مەحمودزادە لە یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان دا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩٩٠ی زایینی. ناوبراو سەرەڕای نەخوێندەوار بوونی، ئەندامێکی دڵسۆز و چالاکی یەکیەتیی ژنان بوو و لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوەکەی دا بەشداری دەکرد. هەر وەها ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو وبۆ ڕزگاری گەلەکەیشی زۆر بە پەرۆش بوو و هەر لەو رێگایەشدا برایەکی شەهید بوو.
بە کۆچی دوایی خاتوو نازدار یەکیەتیی ژنان ئەندامێکی دڵسۆزی خۆی لە دەست دا. هەر بەو بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامانی رێکخراوەکەمان و جگەر گۆشەکانی و هەموو دۆستان و هاوڕێیانی دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.
یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان کۆمیتەی سوید
١٠ی ئاوریلی ٢٠٢١