ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ٧-٨-٢٠٢١ی زایینی و پاش هێور بوونەوەی دۆخی کۆرۆنا، کۆمیتەی سویدی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان فێستیڤاڵێکی یەک ڕۆژە و هەمەڕەنگی بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی ئەو ڕێکخراوە و بنەماڵەکانیان، لەشاری لینشۆپینگی وڵاتی سوید پێک هێنا.
سەرەتا خاتوو فەریبا وەیسی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان لە کۆمیتەی سوید، بەخێرهاتنی بەشدار بووان بەتایبەتی خوشکە سەکینە جەوانمەرد، ئەندامی لە مێژینەی یەکیەتیی ژنان و یەکەمین بەڕێوەبەری هەڵبژێردراوی ڕێکخراوەکەمانی کرد و پاشان ڕیزی بەرنامەکانی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد.
دواتر لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەوە خاتوو لەتیفە جەباری کورتە باسێک لەسەر مێژووی یەکیەتیی ژنان لە سەرەتای دامەزراندنی تاکوو ئێستا و هەروەها مێژووی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان لە سوید و شێوەی چالاکییەکانی لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ پێشکەشی میوانان و بەشدار بووان کرا.
دواتر لە لایەن بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانەوە خاتوو کەژال ئەحمەدی چەند پرسیارێک کە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کار و چالاکییەکانی کۆمیتە و هەروەها وەرگرتنی ڕای بەشداربووان لە سەر شێوە کاری داهاتوومان ئامادە کرابوو، لە شێوەی وۆرکشۆپ پێشکەش کرا و بەشدار بووان بە گەرمی پێشوازییان لێ کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی فێستیڤاڵدا چالاکی یەک بۆ مندالان ئامادە کرابوو(tipspromenad) کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی منداڵان بەرەوڕوو بوو و بە بەشداری هەموو منداڵەکان لە تەمەنە جیاوازەکاندا بەڕێوەچوو و پاشانیش مندالان بە کتێب و شیرنی خەڵات کران.
پاش خواردنی نانی نیوەڕۆ و تا کۆتایی ئێوارە، نێواخنی بەرنامەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ ڕازاندرایەوە و پاشان بە ماڵئاوایی کردنی بەشداربووان کۆتایی بە فێستیڤاڵەکە هات.