یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان-سوید، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو جیهان ساڵحی یە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
من ناوم جیھان، کچی خاڵە کەریم، ناسراو بە کەریم سووتاو و مەلەک ڕەشیدی م.
لە ساڵی ١٩٨٢ لە دێی ورچەکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان چاوم بە دنیا ھەڵهێنا.
هەر لە تەمەنی منداڵیم و بە هۆی ئەوەی کە باوکم پێشمەرگە بوو و پاش ئاوارەیی لە زۆربەی دێیەکانی ڕۆژھەڵات بە ناچاری دایکم و باوکم لە گەڵ منی تەمەن یەک سالە زێدی خۆمان جێ ھێشت و چووین بۆ باشووری کوردستان و دێی ھەباس چەقەڵ و لەوێ نیشتەجێ بووین.
باوکم لە دێیەکان ئێمەی دادەنا و پێشمەرگایەتی خۆی ئەکرد و کاتی وا بوو بە شەش، حەوت مانگ نەدەھاتەوە.
دوای چەند ساڵ لەگەڵ ھاتنە خوارەوی حیزب بۆ ڕانیە و دۆڵێ، ئێمەش بارمان کرد و پاش دوو سێ ساڵ حیزب بڕیارێکی دەرکرد کە ئەو ماڵانەی شەش حەوت سەر خێزانن لە بەر ئەوەی ئەرکن بۆ سەر حیزب، بنێرن بۆ شوێنێکی دیاری کراو.
لە ئۆردوگای شوملی “کۆنتینێکمان” ئاوەدان کردەوە و ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک لێی بووین و لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕی ئێراق و کوەیت مەجبوور بووین دووبارە ھەڵێین و ئەمجارە بە لۆری بەنزین و دیسێل لە نیوە شەودا چوین بۆ بەغدایەکی وێران کە ماوەی ١٢ ڕۆژ بێ نان و ئاو و بەرق ژیانمان بردە سەر.
دوای ئەم چەند ڕۆژە ئوتوبووسی گەورە گەورە ھاتن و کۆیان کردینەوە و ھەموومان دۆعامان ئەکرد لەم ژیانە بەدبەختیانە نەجاتمان بێ. پرسیارمان کرد بۆ کوێمام ئەبەن؟ لە وڵام دا وتیان خۆتان ئەیبینن.
ئێمەش دۆعامان ئەکرد شوێنێکی خۆشتر بێ لە شوملی و بەغدا بەڵام بەداخەوە لە گڵ و خۆڵی ڕومادیە جوابی دۆعاکانمان درایەوە. ئەمجا سەختیەکانی ژیانمان دەستی پێ کرد. ماوەی سێ ساڵیش لەو زیندانەش ماینەوە.
باوکم ماوەی زیاتر لە شەست ساڵ پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات بوو و دایکم زیاتر لە چل ساڵ شان بە شانی باوکم خزمەتی بە گەل و خاک کرد، وەک ھەموو ژنێکی دیکە لە خزمەت ماڵ و مناڵ و حیزبەکەی دا بووە.
٢- لە چ ساڵێکدا زێدی خۆت جێهێشتووە و کەی هاتووی بۆ سوید؟
وەک پێشتر باسم کرد، لە تەمەنی یەک ساڵیدا بە ناچاری زێدی خۆمم بەجێهێشتووە و سپاس بۆ خوای گەورە لە ١٩٩٣ وە لە وڵاتی سوید ژیان بەسەر ئەبەین، بەڵام بە داخەوە ئێستا باجی ئێش و ئازاری ئەو ڕۆژانەی ڕابردوو دەدەین.
۳. ڕادەی خوێندەواریتان پێش هاتن بۆ سوید چەند بووە و لێرە چیتان خوێندووە؟
ئەو خوێندەواریەی ھەمە لە سوید بە دەستم ھێناوە. کەمێک کوردیم لە دۆڵێ خوێند و لە ڕومادیە لە بەر لێدانی مامۆستایان وازم لە خوێندن هێنا و نەچوومەوە قوتابخانە.
لێرە دوای خوێندنی ئامادەیی و دانیشگا ئێستا ئیسراحەتێک ئەکەم.
٤- دەکرێ باسێک لە چۆنیەتی و هۆی پێوندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و چالاکییەکانی خۆتان لەو رێکخراوە دا، بکەن؟
لە ساڵی ٢٠٠٩ لە لایەن یەکیەتیی ژنانەوە پێوەندی بە شارەکەمان کرا و من وەک بەڕێوەبەری شاری ئوپسالا ھەڵبژێردرام تا ئەم ساڵانەی دوایی لە دەستەی بەڕێوەبەری شارەکەماندا ئەرکم بەڕێوە بردووە.
٥- لە ئێستا دا، بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان رێک خستوە؟
ئێستا بە هۆی لەدەست دانی چەن بەشێکی مێشکم و لە بەر نەخۆشی کە سترێسی ژیانم پێی داوم، خانە نشین و لە ماڵەوەم. حکومەتی سوید، ماڵیان ئاوەدان بێت، ھاوکاریم دەکەن بۆ ئەوەی ژیانێکی تا ڕادەیەک ئاسایی بەڕێوە بەرم.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەرانمان هەیە، فەرموون.
بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە و ڕێکخراوەکەمان.
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.