یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان-سوید، بەمەبەستی ناساندنی ئەندامانی خۆی هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خۆی چاوپێکەوتن دەکا و تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەت و چۆنیەتی ژیانی ئێستا و تێکۆشانی هەرکام لە ئەندامانی خۆی لە ڕێکخراوەکەدا.
چاوپێکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزمان خاتوو “جەمیلە کرمانجی” یە.
١- دەکرێ خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنی و بە کورتی ئاوڕێک لە ژیانی تایبەتی خۆت بدەیتەوە.
ئەمن ناوم جەمیلە کرمانجی، لە دایک بووی شاری نەغەدە و مەڵبەندی موکریانم.
بنەماڵەی گەورەی ئێمە پێکهاتبوو لە باوکم و چوار مام و شەش پوور. بنەماڵەی باوکم پێکهاتبوو لە باوک و دایکم و ٤ کچ و ٤ کوڕ. بۆخۆم لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا و لە ناو شۆڕش ژیانی هاوسەریم دەگەڵ رحیم محمدزادە پێک هێناوە، ٤ منداڵم بووە، نۆبەرەم کوڕ بوو کە لە چیا لە دایک بوو و بە داخەوە لە چیاش کۆچی دوایی کرد، ئێستا خاوەنی ٣ کچ و ٣ نەوەم. دەگەڵ دەست پێکردنی شۆڕش هەموو پیاو و گەنجەکانی ئێمەش بۆ پارێزگاری و دیفاع لە گەل و نیشتمان بوون بە پێشمەرگە، کە بە داخەوە چوار مام و خوشکێکم شەهید بوون و گیانی خۆیان فیدای ئازادی گەل و نیشتمان کرد. پوورەکانیشم لە تاو لە دەستدانی براکانیان بە جەوانی سەریان نایەوە و ئێستا تەنیا باوکم و پوورێکم لە ژیاندا ماون. مامە سمایلم لە شەڕی قەڵاتان لە بەهاری ١٣٥٨ی هەتاوی شەهید بوو. مامی هەرە بچووکم مامە سەلاح لە بەهاری ١٣٦١ی هەتاوی لە مەحمەشەی سەرێ لە ناوچەی نەغەدە شەهید بوو، مینای خوشکم لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شاری قەڵادزێی باشوور و مامە مرادم لە هاوینی ١٣٦٤ی هەتاوی لە گوندی گەرگولی ناوچەی لاجان شەهید بوو. مامە تەهام لە ٤ی ژانویەی ١٩٩٤ی زایینی لە شاری چرۆمی تورکیە تیرۆر کرا. ئەو بەسەر هاتە تراژێدیایە بەشێکی هەرە بچووکە لە واقیعی ژیانی بنەماڵەی ئێمە.
٢- لە چ سالێکدا زێدی خۆت بەجێهێشتوە و کەی هاتووی بۆ سوید؟
بنەماڵەی ئێمە پاش شەڕی نگریسی نەغەدە، وەک سەدان بنەماڵەی دیکەی کورد لە زێدی خۆمان هەڵقەندراین، ماوەیەک لە ناوچەکانی لاجان و شاروێرانی مهاباد و شاری مهاباد بووین و پاشان بۆ کوردستانی باشوور. مانگی سیپتامبری ١٩٨٨ هاتووینەتە سوید.
٣- ڕادەی خوێندواریتان پێش هاتن بۆ سوید چەندە بووە و لێرە چیتان خوێندووە؟
ئەمن کلاسی دوو،و سێی ڕاهنماییم لە شاری نەغەدە تەواو کرد و کلاسی هەوڵ و دووهەمی نەزەریم لە شاری مهاباد خوێند، لە هەوەڵین دەورەی ماموەستایانی شؤڕش لە شاری شنۆ بەشدار بووم و بووم بە ماموەستای شۆڕش. . پاش هاتنیشم بۆ سوید، پاش خوێندن و فێر بوونی زمانی سویدی، دەبیرستانی ئێرەم تەواو کرد و پاشان دەورەی پرستاریم دیت و دەستم بە کار کرد. پاش ماوەیەک کار کردن داوای چوونە زانکۆم کرد و لە زانکۆی ئۆرێبروو وەرگیرام و لەوێ دەورەیەکی چوار ساڵی ”سوسیال ئۆمسۆری پرۆگرام و لێدار سکاپ و ئۆرگانیزاخوون و ئیکۆنۆمی” م خوێندووە.
٤- لە ئێستا دا، بە چییەوە سەرقاڵن و لەگەڵ ژیانی ئێرە چۆن خۆتان ڕێک خستووە؟
دوای تەواو کردنی زانکۆ هەر زوو کارم وەرگرت و وەک بەرپرس لە ٢٠٠١ ڕا هەتا ٢٠١٧ لە پارێزگای ئۆرێبروو کارم کرد، پاشان شوێنی کارم گۆڕی و لە ساڵی ٢٠١٧ وە لە “فاشتا ستراند” کە سەر بە شاری “ستۆکهۆڵم” ە وەک بەڕێوەبەری بەشێک کار دەکەم.
٥- دەکرێ باسێک لە چۆنییەتی و هۆی پێوندیتان بە یەکیەتیی ژنانەوە و چالاکییەکانی خۆتان لەو ڕێکخراوە دا، بکەن؟
لە کوردستان و ئەو کات کە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا بووم، بەشداری رێوڕەسمەکانی حیزب و یەکیەتیی ژنانم دەکرد، بەڵام لێرە لە سوید زیاتر تێکەڵاوی یەکیەتیی ژنان بووم و یەک دوو دەورەش لە دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی سوید دا بووم.
٦- ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەکتان بۆ خوێنەرانمان هەیە، فەرموون.
ئەوەی پێویستە عەرزی خوشکانی بەڕێزم بکەم ئەوەیە کە لەم وڵاتە ئیمکان و دەرفەتی پێگەیشتنی مرۆڤەکان و بە تایبەت خوشکان زۆرە، هەوڵ بدەن کە هەل و فرسەتەکان لە کیس نەدەن و بۆ خۆ پێگەیاندن و گەیشتن بە ئارەزووەکانیان لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرن. هەر شاد بن.
سپاس بۆ بەشداریتان لەم چاوپێکەوتنەدا و بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوەی ئازیز.