یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان:
بەڕێوە چوونی وێبینارێک بە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی!
ڕۆژی چوارشەممە ٩ی فێوریەی ٢٠٢٢، بەرانبەر بە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی و لە بەرە بەرەی ٤٣ساڵەی ساڵوەگەڕی هاتنە سەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کۆمیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، وێبینارێکی بۆ بەڕێزان خاتوو موژگان عەلیپوور، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، کاک حەسەن حاتەمی، ئەندامی بەشی پێوەندییە ئێرانییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات و خاتوو بەیان کەریمی چالاکی بواری ژنان، بە شێوەی سەرهێڵ بەڕێوە برد.
کۆڕەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و پاشان خاتوو “تریفە فاتیحی” بەڕێوەبەری وێبینار، بەخێرهاتنی بەشدار بووان و کۆڕگێرانی کرد.
لە دەسپێکی وێبینارەکەدا، خاتوو موژگان عەلیپوور، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان باسێکی لەژێر ناوی”پرسی ژنان لە قوناغە جیاوازەکانی ماوەی دەسەڵاتداری ڕێژیمی ئێران” دا پێشکەش کرد. دەسپێکی باسەکەی خاتوو موژگان، ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە دۆخی ژنان پێش شۆرشی گەلانی ئێران بوو. ناوبراو وتی: پرس و مافی ژنان لە ئێران بە درێژایی مێژوو بابەتێک بووە کە ژنان هەوڵیان بۆ داوە و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێشێل کراوە و پاشان ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لەو شۆرشە و ئاکامەکانی دا کرد. خاتوو موژگان لە درێژەدا باسی لە قۆناغە جیاوازەکانی پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیە دا کرد و بە سەر چەند قۆناغدا دابەشی کردن. ناوبراو قۆناغی یەکەمی بە سەردەمی زەبر و زەنگ بۆ خستنە ژوورەوی ژنان و چەسپاندی یاساکانی دژبە ژنان ناوبرد و فتوای خومەینی بۆ حیجابی زۆرەملێ بە نموونە هێنایەوە و شەڕی ئێران و عێراق، کە فەزایەکی سەربازی و قورسی دروست کردبوو بە قۆناغێکی گرینگ ناوبرد کە تێیدا دەستی دەسەڵات بۆ زەبر وزەنگ ئاواڵەتر بوو و پێی وابوو کە لەو سەردەمەدا زۆرترین خەسار لە بزووتنەوەی ژنان کەوتووە. قۆناغی پاش ئەو سەرکوتانە، قۆناغی هاتنە سەرکاری ڕێفۆرمیستەکان بوو کە بەو هۆیەوە کەلێنێکی سیاسی کەوتە ناو دەسەڵات و دەرفەتێکی بچووکی بە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دا کە بەچاپی بڵاوکراوە و دامەزراندنی هێندێک ڕێکخراوی سینفی جموجۆڵێک بکەن و ژنان و بزووتنەوە و داواکارییەکانیان لەو قۆناغەدا بەشێک بوون لەو جموجوڵانە. هەرچەند بەو حاڵەش هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە بە نیسبەت مافی ژنانەوە نەهاتە ئاراوە. پاش ئەو سەردەمە کۆمەڵێک هۆکار وەک هاتنی تەکنوڵۆژیا و زۆر بوونی ڕێژەی خوێندەواران لە ناو ژنان و هاتنی مۆدێرنیتە، وایان کرد کە کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بە تایبەتی ئاستی وشیاریان بچێتە سەرێ و زیاتر پێداگر بن لە سەر داواکارییەکانیان و ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی ۹٦ و ۹٨ی هەتاوی کرد کە ژنان ڕۆڵ و حزووریان لە سەرشەقام وەک تاک بۆ خواستە گشتییەکانی کۆمەڵگە و خواستەکانی خۆشیان وەک ژن چەندە پڕ ڕەنگ بووە. بەشی کۆتایی قسەکانی خاتوو موژگان تەرخان کرابوو بە پرسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێیان وابوو کە بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای هاتنە سەرکاری یەک لەدوای یەکی حکوومەتە دژە ژنەکان، توانیویەتی ڕێچکەیەکی قایم، هەم لە بواری نەتەوەیی و هەم یەکسانیخوازیدا بەرێتە پێشێ و بە چالاکی و تێکۆشانیان لەناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات شاهیدی خۆ بەڕێوەبەری خەڵکین و کۆمەڵێک کەلتووری جوان و سەردەمیانە لەو پێوەندییەدا درووست بوون.
پاشان “حەسەنی حاتەمی” باسێکی لە ژێر سەردێری “بازنەی نەگۆڕی سەرەڕۆیی لە مێژووی ئێران دا”، پێشکەش کرد و بە کورتی باسی سێ ڕووداوی گرینگی ١٣٢ ساڵی ڕابردووی لە مێژووی ئێران دا کرد. یەکەم: بزووتنەوەی تەنباکۆ لە زەمانی ناسرئەدینی شای قاجار دا لە ساڵی ١٢٦٨ هەتاوی (١٨٩٠) زایینی دا، دووهەم: شۆڕشی مەشرووتە لە ساڵی ١٢٨٥ (١٩٠٦) دا و سێیەم: شۆڕشی گەلانی بەرایی لە ئێران لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩) دا پێشکەش کرد.
ناوبراو پاش باسێکی کورت لە سەر بزووتنەوەی تەنباکۆ، پرژایە سەر شۆڕشی مەشرووتە و سەرهەڵدانی ئەو تاقم و گرووپانەی، کە لە کۆتاییدا بوو بە هۆی ڕووخانی دەسەڵاتی قاجار و هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی پەهلەوی و شەڕی جیهانی دووهەم. هەروەها ئاماژەی بە سەرهەڵدانی حیزب و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان لە ئێران و لەو سەردەمەدا کرد و حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستانی بە دوو دەسکەوتی مێژوویی ئەو سەردەمە ناو برد.
لە بەشی سێهەمی باسەکەیدا، حاتەمی بە وردی باسی لە سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە سەرەتاوە تا سەرکەوتن کرد و یەکیەتی نێوان ڕەوتە میللی گەرا، چەپ و ئیسلامییەکان و سەرهەڵدانەوە و دروست بوونی هەندێک حیزب و ڕێکخراوی بە هۆیەکی کاریگەر بۆ خێراتر بوونی ڕەوتی شۆڕش زانی، کە لە ئەنجامدا بوو بە هۆی رێفراندومی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی و دامەزراندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی،کە بەداخەوە
٤٣ ساڵە ئەو دەسەڵاتە درێژەی هەیە.
حاتەمی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە دوو ڕووداوی گرینگی سەرەتاکانی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی کرد ە وتی: دوو ڕووداو کە لە ڕەشەممەی ١٣٥٧ چێ بوون، خەباتکارانی شێلگیری ئەو ٤٣ ساڵەن، کە هاوخەبات و پشتیوانیی گەلی دیکەشیان بەخۆشییەوە بۆ دروست بووە. ئەو ڕووداوانە مێتینگی ١١ی ڕەشەمەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ناڕەزایەتی شەقامی ژنان و کچان لە ١٧ی ڕەشەمە ( ٨ ی مارس) دا، بوون.
حاتەمی لە کۆتاییدا، باسی ناکارامەیی ئەو ڕێژیمە و قەیرانە مەزەنەکانی ئابووری، هەستەیی، هەژاری و نەداری، ئاوسان، بێ نرخی دراویی و کەم ئاوی و مادە هۆشبەرەکانی کرد، کە لە بەرانبەریدا، خەباتی چەند لایەنەی چین وتوێژەکان لە شەقامەکان بەردەوامن. دادگاکانی گەلی ئابان لە ئینگلستان و دادگای حەمیدی نووری (عەبباسی) لە ستۆکهۆڵم، هەڵدانەوەی فایل و پەروەندەکانی جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆ و توتالیتێرەن کە لە گەڵاڕێزانی ٩٨ لە شەقامەکان دا، و کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان لە هاوینی ١٣٦٧ دا، ئەنجام دراون.
لە کۆی وتەکانی بەڕێزیان ئاکامگیری کرا، کە نزیک ٦٠ ساڵ سەرەڕۆیی پەهلەوییەکان، بە خەبات و خۆراگری گەلانی بەرایی لە ئێران بە مێژوو سپێردرا و ئەگەر خەبات و تێکۆشانی یەکگرتووانەی گەلان لە سەرانسەری ئێران و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چێ بن، ڕێژیمی پتر سەرەڕۆ و توتالیتێری ئیسلامی سیاسی شیعە و وەلی فەقییەکانی یەکەم و دوویەم ، خومەینی و خامنەییش، چارەنووسیان بە مێژوو سپاردن دەبێ.
لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا، خاتوو بەیان کەریمی، باسێکی لە ژێر ناوی “چەمکی ئینترسیکشنالەتی و کولۆنیالەتی جەندەر” پێشکەش کرد و پاش شی کردنەوە، بارودۆخی تایبەت و جیاوازی ژنی کوردی لە رۆژهەلاتی کوردستان بەو بابەتەوە گرێ دا و باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر جیاوازییەکانی نێوان فیمینیستی نەتەوەیی و فیمینیستی ناوەندی پێشکەش کرد و وتی: زانیاری لە سەر چەوسانەوە و ژێردەستی نەتەوەیی و جەندەری ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرینگی هەیە بۆ بەرنگار بوونەوی ژنی کورد بە دژی فیمنیستی ناوەندی، کە لە پرۆسەی بوونیدا ژنی کوردی بێدەنگ کردوە. هەروەها وتی: جووڵانەوەی نەتەوەیی کە لە سەر نمای پیاو سالاری لای نەداوە، گرنگە بۆ شکڵگیری فیمنیستیکی کوردی و لەو ڕاستایەدا دەبێ ئینترسیکشنالەتی بیر بکەینەوە، واتە خەبات و جووڵانەوەکەمان لە سەر هەلو مەرج، ئەزموون و دەنگی راستەوخۆی ژنی کورد دابڕێژین.
لە بەشی کۆتایی وێبینارەکەدا پرسیاری بەشداربووان وەرگیرا، و لە لایەن کۆڕگێڕانەوە بە وردی وەڵام درانەوە.