لە یادی ٧٦ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی کوردستان، ئەو یەکیەتییە ڕێوڕەسمێکی بە شکۆی لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری کۆیە بەڕێوە برد.
پاش نێوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی٧٦ەمین ساڵڕۆژی دامەزرانیەوە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی قەڵای دێموکرات بە بەشداری بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە شاری کۆیە، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سرودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” لەلایەن هونەرمەندی لاو ڕزگار شەڕەفکەندی و پاش ساتێک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی شەهیدانی کوردستان بەتایبەتی دوو شەهیدی سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان شەهیدان نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری دەستی پێکرد.
پەیامی دەستەی بەڕێوەبەریی بە بۆنەی یادی ۷٦ ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان لەلایەن خاتوو موژگان عەلیپوور سکرتێری ڕێکخراوەکە پێشکەش کرا.
خاتوو موژگان عەلیپوور بە ئاوردانەوەیەکی کورت لە مێژووی دامەزرانی ڕێکخراەی یەکیەتی ژنان دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: دامەزرانی یەکیەتیی ژنان ۷٦ ساڵ پێش ئێستا و لە سەردەمی کۆماری کوردستان نیشانەی بایەخدانی سەرۆککۆماری یەکەم دەسەڵاتی کوردی، پێشەوا قازی محەممەد و ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە بە پرسی ژنان و گرینگیدان بە بەشداری ژنان لە بوارە جیاوازەکانە.
خاتوو موژگان لە بەشێک لە پەیامەکەیاندا باسێکیان لەسەر خەباتی ئێستا و ڕابردووی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وتیان: ژنانی ڕۆژهەڵات ئێستا چاوەڕوانی دەرفەتەکان نین و خۆیان دەرفەتەکان دەخوڵقێنن و لە زۆربەی هەلومەرجەکاندا پێشەنگن، بۆیە هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی و مەدەنی لە ئێراندا لە ئارادابێ ناتوانێ هێزی ژنان لەبەرچاو نەگرێ و بەشداریان پێ نەکا، لەبەر ئەوەی کە ژنان بەشێکی چارەنووسسازی مەسەلەکانی ناو کۆمەڵگەن.
دیاربوونی ژنان لە مەیدانی تێکۆشانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات و نموونەی بەرزی ژنانی تێکۆشەر لەو ڕێگایە شەهید سوهەیلا قادری و شەهید نەسرین حەداد، بەشێکی دیکەی باسەکەی بوو.
خاتوو موژگان بەئاماژە بە ئەرکەکانی یەکیەتیی ژنان لەو قۆناغدا کۆتایی بە قسەکانی هێنا.
بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە چەند گۆرانی لە وەسفی ژندا لەلایەن هونەرمەند ڕزگار شەڕەفکەندی و تابلۆیەکی هەڵپەڕکێی کچان و کوڕانی “تیپی هەڵپەڕکێی ڕۆژهەڵات” و خوێندنەوەی پەخشانێک لەلایەن کاک کەریم فەرخەپوور و تابلۆیەکی هەڵپەڕکێی لەلایەن ژنانی ئەندامی لەمێژینەی ڕێکخراوە ڕازێندرایەوە.
ڕێوڕەسمەکەش بە گۆرانی هونەرمەند ڕزگار شەڕەفکەندی و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.