ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی نوامبرکاتژمێر یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک، لە زنجیرەی چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە ٢٥ی نوامبردا وێبینارێکی بۆ بەڕێزکاک حەسەن حاتەمی ئەندامی ڕاوێژکاری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنا. تەوەری باسی کاک حەسەن توندوتیژی دژی ژنان و کچان، لە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
ئەو وێبینارە کە بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکیەتی ژنان بەڕێوەچوو، بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەم دا پێشەکییەکی کورت لە سەر ڕۆژی جیهانی ٢٥ی نوامبر و هۆکاری گرینگ بوونی ئەو ڕۆژە بۆ ژنی کورد لە لایەن شاناز کاکەئازەر بەڕێوەبەری وێبینارەکە باس کرا.
پاشان کاک حەسەن حاتەمی باسەکەی خۆی لەم پێوەندییەدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەڕێز حاتەمی لە سەرەتای قسەکانیدا بە کورتی باسی لە پێشینەی ڕۆژی جیهانیی ٢٥ی نوامبر و دیاری کرانی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان کرد.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی ژنان لە سەردەمی پێش هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی کرد کە چۆن ژنان لە ئێران بە تایبەتی ژنانی کورد و ئازەری کۆمەڵە مافێکی وەک مافی دەنگ دانیان بە دەست هێنا، بەڵام پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامی ئەم مافانە لە لایەن کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە دژایەتیان لەگەڵ کرا و چەخماخەی سەرکووت و چەوساندنەوەی ژنان بە پاساوی ئایین لێ درا. تەنانەت خومەینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێش هاتنە سەرکاریشی بەردەوام ڕەخنەی لەم یاسایانە دەگرت کە لە بەرژەوەندیی ژنان دا بوون.
بەڕێز حاتەمی وێڕای ئەوەی کە بە وردی باسی لە سەر جۆرەکانی تووندوتیژی دژی ژنان کرد، ئاماژەی بە هەڵوێستی ژنان لە سەرەتای دەست بە کار بوونی کۆماری ئیسلامیدا کرد کە لە ڕۆژی ٨ی مارس لە چوارچێوەی خۆپێشاندانێکدا ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر زەوت کردنی مافەکانیان دەربڕی.
کاک حەسەن وەک نموونەی هەرە بەرچاوی تووندوتیژیی کۆماری ئیسلامی بە دژی ژنان، ئاماژەی بە لاقە کردنی کچانی چالاکی سیاسی لە بەندیخانەکانی ڕێژیم و پاشان کوشتن و بڕینی سیستماتیکی ئەوانی کرد.
بڕگەی کۆتایی وێبنارەکە بۆ پرسیار و تێبینی بەشدار بووان تەرخان کرابوو، کە کاک حەسەن بە وردی وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
وێبینارەکە پاش نزیک بە ٢ کاتژمێر کۆتایی پێ هات.