ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی نوامبری ٢٠٢٤، بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، سمینارێک لەلایەن کۆمیتەکانی دەرەوە و نۆروێژی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی ژنان، لە شاری سترؤمێن وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
خاتوو گەلاوێژ مێهفەر بەڕێوەبەری سێمینار بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد. پاشان بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاراستنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی گەل دەستی پێکرد.
خاتوو نەمام زەڕینفام بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ پەیامێکی لەسەر ٢٥ی نوامبر باس کرد. ناوبراو وێڕای بەخێر هاتنی بەشداران و کۆڕگێڕان ئاماژەی کرد بە ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ کە لەلایەن ناوەندی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان درابوو. لە هەر ١٠ خولەکێک ژنێک لە لایەن کەسی نێزیکی بنەماڵەیەوە کوژراوە.
هەر وەها وتی:
نەتەوە یەکگرتووەکان کەمپینی جیهانی شازدە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژنان داناوە.
ئامانجی ئەو کەمپەینە بردنەسەرەوەی ئاستی هوشیاری و دانانی پلان و بەرنامە بۆ لەنێوبردن و بنبڕکردنی دیاردەی تووندوتیژیە.
لە بەشی یەکەمی سمینارەکەدا “خاتوو ئەوین رؤستەمی“ چەند کۆپلە شێعرێکی بە نۆروێژی و کوردی پێشکەش کرد.
دواتر خاتوو توبا ئەلیاسی چالاکی سیاسی و شارەزای بواری مافەکانی ژنان باسێکی لەسەر جۆرەکانی تووندوتیژی و هۆکارەکانی پێشکەش کرد. بەرێزیان لە بەشێک لە باسەکەیدا کە تایبەت بوو بە تووندوتیژی وتی:
دیاردەی تووندوتیژی دژی ژنان لەنێو کۆمەڵگەدا زۆرن. ئەو نموونەی ٣ خوشکی میراباڵی هێنایەوە کە لە ساڵی ١٩٦٠ میلادی لەلایەن ڕێژیمی (رافایل) لە دۆمینیکا دەگیرێن و ئەشکەنجە و دەسترێژی جنسیان دەکرێتە سەر و دەکوژرێن. دواتر چالاکانی سیاسی و مەدەنی دژی ئەو کردەوەی ڕێژیمی (رافایل) دژی ئەو تووندوتیژیانە خەبات دەکەن.
ناوبراو لە دریژەی باسەیکدا وتی:
کاتێک باس لە تووندوتیژی دەکرێ تەنیا جەستەی ژنێک تووشی ئازار و ئەشکەنجە نابێتەوە.
ئەشکەنجە جۆر و مێتۆدی جۆراوجۆریان هەیە، بۆ نموونە:
تووند و تیژی دەروونی، سێکسی و تیکنوۆلۆژی.
(تووندووتیژی دەروونی )
ناسراوە بە تووندوتیژی شاراوە، وەک لۆمەکردن، ڕەخنەگرتن، هەڕەشەکردن، تەهدیدکردن، ناچارکردن بە ئەنجامی کارگەلێک بە پێچەوانەی ویستی خۆیان و زۆر شتی لەو بابەتانە. هەر بۆیە کۆتایی ئەم جۆرە تووندوتیژیانە خۆکوشتنی ژنانی لێ دەکەوێتەوە.
(تووندووتیژی سێکسی)
ئەم جۆرە تووندووتیژیانە لە جیهاندا زۆر باوە دەکرێ لەلایەن هاوسەر، یان کەسانی زۆر نزیک وەک باوک، برا و یان کەسانی تڕ بەرانبەر بە کچان و ژنان و یان کچ و خوشکی خۆیان بیکەن، باسکردنی ئەم حاڵەتانە ئەستەمە:
(تووندوتیژی تێکنۆلۆژی)
ئەم جۆرە تووندوتیژیانە لە سەردەمی تێکنۆلۆژیا زۆر باوە و گەورەترین مەترسی لەسەر ژیان و گیانی کچان و ژنان داناوە. بە دانانی وێنە، ویدیو و شتی لەم بابەتانە زۆر جاران مەترسیەکی گەورە لەسەر ژیانی کچ و ژن دروست بووە و دەبێ.
)هۆکارەکان)
شەڕ، هەژاری، سیستمە دیکتاتۆرەکان، کولتوور، ئایین و مەزهەب
لە کۆتاییدا باس لە چارەسەێک بۆ نەهێشتن و بنەبڕکردنی تووندوتیژیەکانی نێو بنەماڵە و کۆمەڵگە کرد.
*سیستمی یاسایی دادپەروەر و یەکسان
*هەبوونی مافی دەرفەت وەکوو یەک
*پەروەردەی کۆمەڵگە
*سەربەخۆیی ئابووری ژنان
*نەمانی شەڕ و هەژاری
*بەشداری ژنان لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات
*جیایی دین لە سیاسەت و دەوڵەت
لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا خاتوو بەیان کەریمی چالاکی بواری ژنان بە ڕیگای ئۆنلاین بەشدار بوو.
باسێکی لەسەر کۆلۆنیالیزم و کێشەی ژنی کورد پێشکەش کرد. بەرڕێزیان زۆر بەوردی و بە هێنانی چەند ئامارێک و بە تێئۆری شیکاری بۆ وشەکە کردبوو. کۆڵۆنیالیزمی لە چوار بەشدا بە باشی باس کرد.
ناوبراو وتی: هەر کردارێکی تووندوتیژیانە لەباری جەندەری لەسەر ژنان بە تووندوتیژی دەناسرێت.
هەروەها وتی:
“ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەرزترین ڕێژەی تووندوتیژی بەرانبەر بە دانیشتوانی وڵاتەکە و بە تایبەتتر بە ژنانی کردووە و دەیکات”
بەرێزیان لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا وتی:
“یاسا هیچ بەرەنگارییەک لە ژنان ناکا و کارئاسانی بۆ ڕوودانی ئەو تووندووتیژیانە دەکات. نەبوونی ئابووری سەربەخۆ، کوشتاری قەتڵی نامووسی، سەپاندنی سەرپۆش بۆ سەر ژنان و بە دەرەجە ٢ ناسینی ژنان لەلایەن حکوومەتەوە، ژنانی هەر چی زۆرتر خستووەتە پەراوێزەوە.
هەموو ئەو فشارانەی ڕێژیمی ئێسلامی ئێران هۆیەک بوون بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرفەتێکی باش بوو بۆ بەرەنگار بوونەوەی ژنان دژی بەکارهێنانی حیجابی زۆرەملی . هەروەها ئیشارە بە دژکردەوەی (ئاهوو دەریایی) دژی تووندوتیژیەکانی سیستم حاکم لە ئێران کرد.
پێشێلکردنی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و لەبەرچاو نەگرتنی ئەو مافانە دەرحەق بە ژنان و کچان لە ئیران و بە تایبەت لە کوردستان دەری دەخات کە تەقریبەن ڕێژەی ٢٥ لە سەدی ژنانی دەستبەسەرکراو لە ئێراندا، لە ژنانی کوردن . بۆ وێنە زارا محەممەدی، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و هتد……
لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و تا ڕادەیەک سەرکووتکردنی ئەو شۆڕشە لەلایەن ڕێژیمی ئاخووندی ئێرانەوە ڕێژەی لەسێدارە دانی ژنان لە ئێراندا زیادی کردووە. هۆیەکانیشی دەگەڕێننەوە بۆ نافەرمانی و ڕەچاونەکردنی حیجاب.
ناوبراو وتی:
بە سەربازیکردنی ئێران و سەرکوتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بە ئەنقەست بەرەو ڕووخان بردنی ژێرخانی ئابووری کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە، وای کردووە کە زۆرینەی خەڵک لەژێر هیڵی هەژاریدا دەژین.
لە کۆتایی باسەکەیدا وتی:
فێمینیزمی فارسی لە ئێراندا نەیتوانیووە یارمەتیدەری گیروگرفتەکانی ژنی کورد بێت.
هەوڵی بە فارس کردنی درووشمی ژن، ژیان، ئازادی دەدات.
لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکە لە خاتوو شایستە ڕەحمانی بە سەرهاتێکی ژیانی خۆی گێڕایەوە کە باسەکەی دەچووە خانەی تووندووتیژی بنەماڵەیی.
خاتوو مەحبووبە ڕەحیمی بەرپرسی
(ی،ژ،د،ک،ئ، د.و) وێرای دەستخۆشی لە کۆڕگیرەکان و سوپاس لە بەشدارانی سێمینارەکە لە درێژەی کار و چالاکیەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتی سێمیناری ٢٥ی نوامبر لە هەموو وڵاتانی ئۆرووپایی لە لایەن ئەندامانی ژنانەوە بەڕێوە دەچێ.
بەشی کۆتایی سیمینارەکە بە پرسیاری بەشداران و وڵامدانەوەیان لەلایەن کۆڕگێران و بەخشینی چەپکە گوڵ بە کۆڕگێڕان هەروەها بەخشینی گوڵ لە لایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ( دەرەوەی وڵات) بە کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە نۆروێژ لە پاش زیاتر لە ٣ سەعات کۆتایی پێ هات.
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران (دەرەوەی وڵات)
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران- (نۆروێژ)