شەممە ڕێکەوتی 16.11.2024 سێمینارێکی دەروونزانی، لەلایەن مامۆستا محەممەد ئەحمەدیان و دەروونناس ژیلوان سۆڵتانپەنا لە لیللەسترۆم لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو.
بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و دەقیقەیەک بێ دەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
خاتوو تەوار ئەحمەدی بەرێوەبەری بەرنامە وێڕای بەخەیر هاتنی بەشداران بۆ دەسپێکی سێمینار پارچە شێعرێکی خوێندەوە.
یەکەم کۆرگیر خاتوو ژیلوان سۆڵتانپەنا باسێکی چڕ و پڕی لە سەر پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ باس کرد و وتی:
گرێدان یان پەیوەندیەکان دابەش دەبن بە سەر چەند خاڵدا.
“ گرێدانی پارێزراو، گرێدانی ناپارێزراو، گرێدانی دووفاقی، گرێدانی ناڕێکخراو”
گرێدراوی پاریزراو تەندروستترین پەیوەندیە لە نێوان منداڵ و دایک و باوک. لەو پەیوەندیەدا بنەماڵە گەرمترین و پارێزراوترین شوێنە بۆ گەشەکردن و گەورە بوونی منداڵ. دایک و باوک پێوەندی تەندروست و نەبڕاوی لەگەڵ منداڵان دەبێ.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا وتی: لە گرێدانی نەپارێزراو بۆ ماوەیەکی کاتی پەیوەندیەکە بە هەر هۆیەکەوە دەپچرێ. دایک و باوک هەوڵدەدەن پێوەندییەکە بە زووترین کات ڕیک بخەنەوە کە ئەوەش کارتێکەری ئەرێنی هەیە لە سەر پەروەردەی منداڵ.
گرێدانی دووفاقی و گرێدانی ناڕێکخراو تەئسیری نەرێنی و مەنفی لە سەر پێوەندی و پەروەردەی منداڵان دەبێ.
لە پەروەردەی دووفاقی دایک و باوکان لە باری بریاردانەوە لاوازن. منداڵان هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن کە لەلایەن بنەماڵەیان سزا بدرێن.
لە گرێدانی ناپارێزراو ئەو دایک و باوکانەی کە بەهۆی نەخۆشی دەروونی یان ئالوودە بوون بە مادەی هۆشبەر ناتوانن گرێدراوی منداڵەکانیان بن. لەم کاتانە منداڵان هەوڵ دەدەن خۆیان لە دایک و باوکیان نیزیک بکەنەوە بەڵام هیچ هەستێکی گرێدراویان نابێ.
کۆڕگێڕ لە دوایین بەشی باسەکەیدا باسێکی لە سەر بازنەی پارێزراو ( Trygghetssirkelen) باس کرد.
لەم باسەدا دایک و باوکان ئامێزیان بۆ منداڵان کراوەیە بۆ ئەوەی هەم لە باری فیزیکی و هەم دەروونیەوە بنەماڵەیەکی باش و پڕ لە ئەمنییەت بن بۆ گەشە و گەورە بوونی منداڵان.
کۆڕگێڕی دووهەم مامۆستا محەممەد ئەحمەدیان لە ٢ تەوەردا باسەکەی پیشکێش کرد.
١- زمانی زگماکی و کارتێکەری لە سەر منداڵ و کەسایەتی منداڵان
٢- کارتێکەری ڕاگەیاندراوەکان یان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە سەر منداڵان
ناوبراو لە سەر زمانی زگماکی وتی
“ زمان دوو بەشە، زمانی کۆد و زمانی شیکردنەوە، زمانی شیکردنەوە زۆر گرینگە بۆ ئەوەی شیکردنەوە و مانا بە وشەکان دەبەخشێ”
هەروەها وتی:
“ زۆر پێویستە کە هەموو بنەماڵەکان بە زمانی دایکی لە گەڵ منداڵەکانیان قسە بکەن. هەر بۆیە ئەو منداڵانە زۆر سەرکەوتووترن لە باری فێربوونی زمانی دووهەم. هەروەها ئەو جۆرە منداڵانە کەسایەتی (Identitet) خۆیان بە باشی دەناسن و منداڵێکی سەربە خۆ دەبن”
مامۆستا محەممەد ئاماژەی بەوە دا کە لە زۆر لاوە هەوڵی لەناوچوونی زمانی کوردی دەدرێ. کەوابوو با ئێمە بۆ خۆمان بۆ پاراستنی زمانەکەمان هەوڵ بدەین لە ماڵەوە بە کوردی لەگەڵ منداڵەکانمان ئاخاوتنمان هەبێ.
بەشی دووهەمی باسەکەی لە سەر کارلێکەری میدیا لەسەر منداڵان وتی
“ مێدیا دەتوانێ زۆر بە هاسانی کارتێکەری ئەرێنی و نەرێنی لە سەر دونیا هەبێ. بەڵام ئێمە خۆمان دەتوانین هەڵبژێرین چۆن و بە چ شێوازێک ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە بەکار بهێنین”
بە بڕوای مامۆستا محەممەد بەکارهێنانی میدیا لەلایەن منداڵان و گەنجان ئەوەندە جێگای مەترسی نییە کە ئێمە وەکوو دایک و باوک هەست دەکەین.
ئەو وتی: مێدیا پێشتر یەک لایانە بوو بۆ نموونە ڕادیۆ، تلویزیون، ڕۆژنامە بوو. بەڵام میدیای ئەمڕۆ دەست و چاوە. منداڵان ئەمرۆ بەدەست لەگەڵ ئەوە سەر و کاریان هەیە.
منداڵ نابێ کۆنتڕۆڵ بکرێن، بەڵکوو دەبی تێبگەیەندرێن کە چۆن لەگەڵ میدیا رەفتار بکەن”
سیمینارەکە بە پرسیار و وڵامی بەشداربووان کۆتایی پێهات.
خاتوو نەمام زەڕینفام بەرپرسی یەکیەتیی ژنان چەپکە گۆڵی ڕێز لێنانی پێشکێش بە مامۆستا محەممەد و خاتوو ژیلوان کرد.
دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ئێران- نۆروێژ
شەممە 16.11.2024