بەڕێوە چوونی سێمینارێکی تایبەت لە سەر مافی مرۆڤ لە ڕۆژی ٢٤.١٠.٢٠٢٤ لە کتێبخانەی لیللەستڕۆم لە وڵاتی نۆڕوێژ، ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٤ی ئۆکتوبەر ڕۆژی نەتەوەیەکگرتەوەکانە.
سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامە،خاتوو کامیلا شلێتبەرک” وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان ، باسێکی لە سەر چۆنیەتی دامەزرانی ڕێکخراوەی نەتەویەکگرتووەکان و کاری ئەم ڕێکخراوەیە پێشکەش کرد. لە بەشێك لە باسەکەیدا وتی: ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ کار بۆ مافی مڕۆڤ، مافی ژنان و ئاسایش دەکات.
دوواتر خاتوو ئێللا ئینگەبۆرگ باسێکی لە سەر مافی ژنان و کارکردنی ژنان پێشکەش کرد و وتی : بە دەیان و هەزاران ژنمان هەیە کە بێبەشن لە مافی ئینسانی و لە مافی کارکرد، هەروەها باسی کرد کە ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان چۆن و بە چ شێوەیەک کار بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەن، دواتر باسی لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ئەفعانستان کرد، ئازادی تاک و ژنان لەم دوو وڵاتە زۆر کەم دەبیندرێ.
هەر بە دوای باسکەی خاتوو ئێللا” بەڕێز کاک عەبدوڵا حیجاب” باسێکی لە سەر وەزعی کورد لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.
لە بەشێک لە باسەکەیدا وتی: لە چوارچێوەی سیستەمی نێونەتەوەییدا زۆر بەڵگە و ڕێککەوتننامە هەن کە پێداگری لە سەر «مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلان» دەکەن. هەر لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بگرە تا ڕاگەیاندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ پەسند کراوی ساڵی ١٩٤٨ و کۆنوانسیۆنەکانی مافە مەدەنی و سیاسیەکان ، و مافە ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتیەکان و زۆر بەڵگەنامەی دیکە، هەمووی ئەمانە کۆمەڵە مافێک بۆ نەتەوەکان دەستنیشان دەکەن و داوای پاراستنیان دەکەن.
دواتر وتی: بەڵام کێ دیاری دەکا کە نەتەوە چ کۆمەڵە خەڵکێکە ، کێ بڕیار دەدا ئەو کۆمەڵە خەڵکە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە یا نە، ئەوانە پرسیارگەلێکن کە نەتەوە یەکگرتووەکان نە وەڵامی بۆی هەیە و نە خۆی لە وڵامەکەی دەدا.
گەل و نەتەوەی کورد، گەلانی تامیل، ئویگور، فەلەستین و لە کوێی سیستەمی نێونەتەوەییدا جێیان دەبێ؟ ئەوەش پرسیارێکی بێ وڵامە.
بەڵام کورد بۆ خۆی، خۆی بە نەتەوە دەزانێ و بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی و سیاسی خۆی تێدەکۆشێ. لە بەرامبەر ئەو داخوازە ڕەوایەدا، هەموو مافە نەتەوەیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی نەتەوەی کورد بە تووندی پێشێل
دەکرێن، گوندنشینە هەژارەکانی هەرێمە سنوورییەکان کە بۆ بژێویی ژیانی خۆیان ناچارن لەم دیو و لەو دیوی سنوور کۆڵبەری بکەن، لە لایەن پاسدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە وەبەر دەستڕێژی فیشەک دەدرێن. گرینگ نییە کە ژمارەی قوربانییەکان کەم بێ یا زۆر ، گرینگ ئەوەیە کە هەموو ساڵێک بە سەدان کەس لەو ڕێگایەدا دەبنە قوربانی، بە بێ ئەوەی سیستەمی نێونەتەوەیی سنوورێک بۆ ئەو جینایەتانەی ئێران دابنێت.
ئێستا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێو قەیراندا دەکوڵێ و ڕێکخراوەی نێونەتەوەییەکان بۆ هێورکردنەوەی ئەو قەیران و شەڕ و شوورە هیچ کارێکیان لە دەست نایە، لە هەمان کاتدا نابێ لە بیری بکەین کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا فەلەستین و ئیسرائیل نییە، پرسی کوردستان، پرسێکی گرینگی نێونەتەوەییە. شەڕی تورکیە لە دژی نەتەوەی کورد، کەمتر لە شەڕی ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان نییە. بەڵام بێدەنگی جیهان لە بەرامبەر ئەو شەڕەدا جێی تێڕامانە.
دواتر خاتوو ماریە هیتێل باسێکی لەسەر یونیسێف و مافی منداڵ پێشکەش کرد.
خاتوو ماریە باسی لە برسییایەتی و بێ بەشی مندال کرد و وتی: لە هەژمار نایە کە چەند منداڵ لە دونیادا برسین، ڕووتن، شوێنی مانەوەیان نییە و بێبەشن لە چوونە قوتابخانە . یونیسێف ئەوەندی لە توانایدایە، هەوڵ دەدا کە مافی منداڵ بپارێزرێ و کار بۆ نەمانی برسییایەتی و دابین کردنی قوتابخانە و شوێنی مانەوە بۆ ئەو منداڵانە بکات کە بوونەوتە قوربانی شەڕی ناعادڵانەی جیهان .
شایەنی باسە” بۆ دانی زانیاری لە سەر بارودۆخ و شێوەی کاری ڕێکخراوەکان” هەر لە شوێنی سێمینارەکە جێیەک دەستنیشان کرابوو بۆ کۆمیتەکانی دەرەوە و نۆروێژی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، تا بتوانن زانیاری لە سەر ڕێکخراوەکە بە بەشدار بووان و بەتایبەت نۆروێژەیەکان بدەن.
سێمینارەکە لە کتێبخانەی لیللەستڕۆم بە هاوکاری و هاوفکری لە گەڵ ڕێکخراوەی لێبوردیی نێودەوڵەتی ، یەكیەتی ژنانی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران کومیتەی دەرەوە و هەر وەها کومیتەی نۆڕوێژ ، کۆمەڵەی خێزانی سوودان ، کۆمەڵەی ژنانی ئەفغانستان، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری سووریا، بەڕێوەیان برد .