ناسک نەسیری
ڕاپەڕینی ژینا، ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەهێز بە دروشم و ویستی بەهێز، کە دروشم و ویستگەلێکی مێژوویی کەمتر بە ڕاشکاوی دەربڕدراو بوون و ترسی سەرەکیی دوژمن لە خرانە ڕووی ئەم دروشم و ویستانە بووە و هەیە، بەڵام ئەم ڕاپەڕینە لە چەند ڕوویەکەوە زوڵمی لێ کراوە و لێ دەکرێت. هۆکارەکەشی هەر خودی کورد و ڕەوتی سیاسیی کورد و ڕاگەیاندنی کوردییە. لێرەدا ئاوڕێک لەم مژارە دەدەینەوە:
یەک: وا باس دەکرێ کە گوایە ڕاپەڕینی ژینا، گەورەترین ڕاپەڕین لە مێژووی کوردستاندا بووە. ئەمە هەم زوڵمە لە مێژووی کوردستان و هەم لە خودی ڕاپەڕینی ژینا. زوڵمە لە ڕاپەڕینی ژینا چونکوو گەورەکردنەوەی لەم قەوارەیەدا، بە ئاکام نەگەیشتنەکەی دەکاتە هۆکارێک بۆ دڵساردیی شەقامی کوردستان و بە خۆیان دەڵێن جا مادام ئەم ڕاپەڕینە کە گەورەترین ڕاپەڕینی مێژووی کوردستانە بە ئەنجام نەگەیشت و سەرکوت کرا، دەی کەواتە کورد بە ئامانج ناگات. ئینجا باس کردنی هەر بابەتێک لە قەوارەی خۆیدا گرنگە نەک گەورە یان بچووک کردنەوەی. هەر کامێک لەمانە، گەورەکردنەوە و بچووک کردنەوە خۆی خەساری خۆی بەدواوەیە. کەواتە ڕاپەڕینی ژینا، خاڵێکە لە مێژووی ڕاپەڕینی کوردستاندا، لە درێژەی مێژوویەکی تەژی لە ڕابوون و ڕاسانەوە و بەرنگاریی داگیرکەردا، هەر لە ڕاپەڕینی جوتیارانی موکریان و فەیزوڵابەگییەوە هەتا کۆڕەوی مەریوان و ڕێپێوانی خەڵک لە سنەوە بەرەو مەریوان و ناڕەزایەتییەکان بە شەهیدکرانی شوانەی سەید قادری و دەیان نموونەی تر لە مێژووی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، بەو جیاوازییە کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی ژینادا، ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتی هەن و کوردی تاراوگەش چالاکتر بوو و ڕێژیمیش گوشاری دەرەکیی زۆرتری لەسەر بوو و یەک خاڵی تریش کە بریتی بوو لە دروشمەکان کە سەربەخۆیی خوازانە بوون و بەداخەوە ئەمەش خودی حیزبەکان و سەرکردەکانیان لە دەرفەتەوە کردییان بە هەڕەشە و لەبری زەق کردنەوەی، بۆ دڵی فارس، شاردییانەوە و خەڵکیان پێ دڵسارد کرد.
دوو: ڕاپەڕین بوو نەک شۆرش: بەداخەوە تا ئێستاش بە هەڵە، جا یان بە ئانقەست یان بە نەزانانە، لەبری ڕاپەڕینی ژینا، شۆرشی ژینا بەکار دێت. شۆرش، ویستەکانی ڕوونن و ویستی ڕووخاندن و ئاڵوگۆڕیی هەیە و بە چرکەساتێکەوە ناوەستێ و داواکارییەکانی تەواو ڕوونن. لە ڕاپەڕینی ژینادا، ئەمە بەدی نەدەکرا و بگرە بەهۆی نەبوونی ڕێبەرییەکی ڕوون و دیار و بوێر، دژواریش بەدی دەکرا، کە ئەمەیان خاڵێکی گرنگە و دەبێ لە شوێنی خۆیدا باسی بکرێ.
سێ: ڕاپەڕینەکە بە ناوی ژیناوە ناو نرا. ئەمە ئاساییە و لە گشت شوێنێک، هۆکارێک، شوێنێک، ناوێک و هتد، ناودێر دەکرێ بەڵام ئەوەی کە دواتر ناویان نا شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی، تەنیا کەڵکاوەژۆی هەندێک ڕەوتی کوردیی پێوە دیارە کە دەیانهەوێ بڵێن ئەوان ژنی کوردیان خوڵقاندووە ئەگینا بەر لەوان ژنی کورد زیندەبەگۆڕ بووە. ئەم ڕاپەڕینە، ڕاپەڕینی کوردستان بوو بە هۆی شەهیدکرانی کیژێکی کورد و دروشمی ژن، ژیان، ئازادیش دروشمێک لە دروشمەکان بوو. مخابن تا ئێستاش لە ڕاگەیێندراوی هەموو حیزبەکاندا و بەتایبەتی هی پەکەکەدا هەموو شت دەبردرێتەوە سەر ژن، ژیان، ئازادی و تەنانەت کەسانێک بێهۆ دەینووسنەوە و دەیڵێنەوە، وایان لێ کردووە کە هەندێک چاوەدێری سیاسی دەڵێن ئەم دروشمە لاڕێ کراوە و وردەوردە سووک کراوە. (پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تری باشوور، تا ئێستاش خۆیان لێ بێ خاوەن کردووە و بەڵکوو بەداخەوە لەدوای ئەم ڕاپەڕینە، هەموو هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ تا ئامانجەکانی ڕێژیمی ئێران بێننە دی کە ئەمە لە قەڵاچۆکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و سەردانی بەناو سەرۆککۆماری ئێران بۆ سلێمانی و هەولێر دیارە).
چوار: بە هۆی لێکدانەوەی هەڵە و نەناسینی فارس و ئێرانییەکان، هەندێک لایەن و تاکی سیاسی، لەم ڕاپەڕینەدا کوردییان کرد بە قوربانی. ئەوان وایاندەزانی فارس و ئێرانییەکان دێن و دەست دەدەن بە دەستی کورد و ئیتر پێکەوە ڕێژیمی ئێران دەڕووخێنن. ئەوە دەریدەخست کە ئەوان نە ئێرانیزمیان ناسیوە و نە ئێرانی. ئەوەش وایکرد تا دروشمەکانی کوردستان و ویستەکانی خاو بکەنەوە و لە ئەنجامدا ڕۆی بمرکێنن و بیکوژێننەوە. یەکگرتووییەکی کە هەتا ئێستاش هەر ئەو کەس و لایەنانە دروشمی بۆ دەدەن و دەڵێن ڕاپەڕینەکە هی ئێران و کوردستان بووە. سەیر ئەوەیە کە ئێستاش ناوی ئێران وە پێش ناوی کوردستان دەدەن و زۆرن ئەو لایەن و تاکە کوردانەی کە تا ئێستاش ئەگەر نەنووسین مەهسا-ژینا، دڵیان ناحەسێتەوە. کۆی ئەمە بۆ ڕازی کردنی دڵی فارس بوو. ئەمەش دەریدەخست کە تا ئێستاش نازانن لە پێناو چی خەبات دەکەن و لە دژی کێ. هەر ئەوەش وایکرد دونیاش وەک ئەمان، کورد کەمڕەنگتر ببینێ و ئێستا ڕاپەڕینی ژینا سەرمەشقی هەموو جیهان بێ، هی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات نا. جیهان و ئێرانییەکانیش کەڵک لە ناوەرۆکی ڕاپەڕینەکە وەردەگرن کەچی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پەکەکە، تەنیا لە ناوەکەی.
ڕاپەڕینی ژینا وێستگەیەک بوو بۆ:
یەک: شەقامی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ویست و دروشم و داواکار و حەزی خۆی خستە ڕوو. ئەمە لەتەک حەز و ویستی و خواستی حیزبەکان و سیاسیکارەکانی ئێرانچی و ئەوانەش کە خۆیان لەنێوان ئێرانچێتی و کوردایەتیدا حەشار داوە و تا ئێستاش کەس نازانێ بەری کام لان، خستە ڕوو و دەستنیشانی کرد.
دوو: دوورکەوتنەوە و درز لە نێوان شەقام و حیزبەکان بەم شێوەی کە ئێستا هەن. خەڵک دروشمی کوردستان، گۆڕستانی فاشیستانیان دا و ئەوان، کوردستان چێشم و چراغی ئیران. ئەمە پێمان ئێژێ کە ئێستا سەردەمی ئەوە هاتووە کۆتایی بە شێوەکۆنەکەی خەبات بەو شۆڕشە کۆنە و بەو پێکهاتە کۆنە بێت و شۆرشێک لە ڕەگەزی کوردستان دەست پێ بکاتەوە. هەر کۆی ئەم توخمانەش بوو وایکرد، ڕێژیم زەفەر بە حیزبەکان بەرێ و ڕاگۆێزیان بکات.
کۆبەند:
ڕاپەڕینی ژینا، وەک وێستگەیەکی تر یان خاڵێکی تر لە ڕاپەڕینی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە بۆ ماف و داواکارییەکانی کە بریتییە لە بنیاتنانەوەی کۆماری کوردستان. ئەم ڕاپەڕینە پێی پیشان داین کە وزە، هێز، داواکاری و تینی کوردستان و کوردستانیان بۆ مافەکانی، بە هیچ شێوەیەک نەک کەمی نەکردووە بگرە هەڵەسوونی هێناوە. نەوەی نوێ، خوێنی نوێی لە دەماریان دایە و ئەم گڕکانە، گڕی نوێی تێخزاوە. بەڵام هەندێک کۆسپ و کەند لەسەر ئەم ڕێگایە هەن کە دەبێ بسڕدرێنەوە ئەگینا ئەم خوێنە نوێ و گەرمەش مەیو و سارد دەبێتەوە. ئەمە پێویستیی بە شۆرشێکی نوێ، شعوورێکی نوێ و ڕاسانێکی نوێ هەیە. ئەم شۆرشە لەنێوخۆوە دەکرێ، بۆیە دەبێ شعوور و ڕاسانەکەشی لەنێوخۆوە بێ. چونکوو ئەوەیتر تاقیکاریی خۆی داوەتەوە، بە حیزبەکانیشەوە و بەوانەشەوە کە وەک دەمڕاستی کورد و سیاسیکار لێرە و لەوێ دەدوێن و دەردەکەون. یەکگرتوویی لەگەڵ ئێرانیەکانیش خەیاڵی خاوی بەر بایە. ئەوان هەروەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وەک لە پەیماننامەکانیاندا و وەک لە شەقامی ئورووپایاندا بەدی دەکرێ، لە جەماران زیاتر بە خوێنی سەری کورد تینوون. ئەوان هەموویان بە قەڵاچۆکردنی حیزبەکان شاگەشکەن و بە سڕینەوەی تیرۆر لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندی دەزانن کە خۆی چاوگە و خواوەندی تیرۆری ناودەوڵەتییە. بۆیە کوردستان، هەرچەند دژوار و ئەستەم، دەبێ ڕێگای خۆی بڕوات. خۆ ئەم ڕێگایە چەندیش دژوار بێ، لەو هەموو هێرش و جوێن و پەرتەوازەکرانەمان لەلایەن ئەوانەوە لەم ڕاپەڕینی ژینایەدا، دژوارتر نییە.
ڕاپەڕینی ژینا، بەم دژواری و دووڕووییە سیاسییە کە هەبوو، سڕ کرا. شەقامی کوردستان هەستی بەم پێکناکۆکی، دوڕوویی و چەواشەکارییە سیاسییە لە پێناو بەرژەوەندیی تاکەکەسی یان بەهۆی ئەقڵی ئێرانچییەوە کرد، بۆیەش ڕۆمرکا. ئەگەر ئەمە نەبووایە، ئەم وێستگەیە، دەیتوانی بە بەشێک لە مەنزڵگەی خۆی بگات.