ڕۆژی شەممە ٢١/٩/٢٠٢٤ لە لایەن کومیتەکانی دەرەوە و سوئیدی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سمینارێک بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی مووشەکبارانی بنکەکانی دێموکرات و یادی دوو ساڵەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری ستوکهوڵمی پێتەختی وڵاتی سوئید و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی یەکیەتیی ژنان و میوانانی پێکهاتوو لە ڕێکخراو و لایەنە کوردی و غەیرە کوردییەکان پێکهات.
سەرەتای سمینار بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕیز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و یەکسانی دەستی پێکرد.
پاشان بەڕێوەبەری سمینار بەڕێز خاتوو جەمیلە حەسەنخاڵی بە خوێندنەوەی کورتە هۆنراوەیەک لە پێوەندی لەگەڵ خەرماناندا، لەسەر ڕێڕەوی کاری سمینار بەرچاوڕوونی دایە بەشداربووان و سمینار دەستی بە کارەکانی کرد.
لە دەسپێکی سمینارکدا لە لایەن بەڕێز خاتوو شلێر حەسەنپوور، بەرپرسی کومیتەی سوئیدی یەکیەتیی ژنان بەخێر هاتنی بەشداربووان و میوانان کرا و پاشان مەحبووبە ڕەحیمی بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنان چەند وتەیەکی لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی مانگی خەرمانان و مەبەست لە بەڕێوە بردنی ئەو سمینارە پێشکەش کرد.
لە یەکەم بڕگەی سمینارەکەدا بەڕێز خاتوو گەلاوێژ پەیرەوان، باسێکی لەسەر ١٧ی خەرمانان و مووشەکبارانی بنەکەکانی دێموکرات و کورتەیەک لەسەر ژیان و تایبەتمەندییەکانی دوو ژنە خەباتکاری نێو ڕیزەکانی شۆڕش و یەکیەتیی ژنان، شەهیدان نەسرین حەداد و شەهید سوهەیلا قادری، پێشکەش بە بەشدار بووان کرد و دواتر بەڕێز خاتوو فەریبا بەلووچ، باسێکی لەسەر شۆڕشی ژینا و گشتگیر بوونی ئەو شۆڕشە و هەروەها ئاماژە بە هەینی خوێنینی زاهیدان و کێشە هاوبەشەکانی کورد و بەلووچ کرد، لە دڕێژەی سمینارەکەدا بەڕێر خاتوو شوکریا برادۆست بابەتێکی لە سەر ژنی کورد لە کوێی ئەم شۆڕشەدان و پێگەی ژنی کورد لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها هۆ و مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە هێرشی نیزامی و مووشەکی بۆ سەر حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان باس کرد، دواتر بەڕێز خاتوو شلێر باپیری بابەتێکی لەسەر سایبەر فیمینیزم و سایبەر ئەکتیڤیزم لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا، پێشکەش بە بەشدار بووان کرد.
لە کۆتایی بڕگەی یەکەمدا، کۆڕگێڕان بە وردی وەڵامی پرسیاری بەشدار بووانیان دایەوە و بڕگەی یەکەم کۆتایی پێهات.
لە دەسپێکی بڕگەی دووهەمی سمینارەکەدا، پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سوئید، لە لایەن بەرپرسی ئەنجومەنەکە بەڕێز حەسەن حاتەمی پێشکەش کرا، کە لەو پەیامەدا ئاماژە بە بیر و بۆچوونەکانی پێشەوا قازی محەمەد لە پێوەندی لەگەڵ ژناندا پێشکەش بە بەشدار بووان کرد، و ژینا بە شۆڕشێکی جیهانی ناوزەد کرابوو و تێکۆشانی ژنان و کچان لە حیزب و ڕێکخراوەکانی ژناندا بەرز نرخێندرابوو و لەسەر شێرە کچ و شێرە ژنانی وەک یایی زێڕوەشان، ژینا، دایکی ژینا و گرتن و زیندانیکردن و گوشاری زیندانییە سیاسییەکان بەتایبەتی ژنان و کچان.
پاشان پەیامی نێردراوی سکرتێری ژنانی ئینتێرناسیوناڵ سووسیالیست، ژانێت کامیلؤ لە لایەن جێگرەکەیەوە بەڕێز خاتوو گۆڵاڵە شەرەفکەندی پێشکەش کرا. لە پەیامەکەدا هاتبوو کە دەوڵەتی ئێران دەبێ واز لە ئەزیەت و ئازار و گوشار بۆ سەر ژنان بهێنێت و وتی کە پێشکەوتنی وڵات بە ئازادبوونی ژنان دەستەبەر دەکرێ.
پاش پێشکەشکردنی پەیامەکان گۆڵاڵە شەرەفکەندی بابەتێکی لەسەر شۆڕشی ژینا و هەڵسەنگاندنی ئەو شۆڕشە و جیاوازییەکانی لەگەڵ شۆڕشەکانی پێشووتر کە لە ئێراندا سەریان هەڵداوە، پێشکەش کرد و شۆڕشی ژینای بە شۆڕشێک کە لە بنەمادا شۆڕشێکی فمینیستی بوو ناو برد، کە بوو بەهۆی ئاڵوگۆڕی بیری کۆمەڵایەتی لە ئێراندا.
لە کۆتایی سمیناردا لە لایەن بەرپەسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی ژنان، بەڕێز خاتوو لەتیفە جەباری سپاسی کومیتەی سوئید و بەشدار بووان و بەڕێوەبەرانی سمینار کرا. هەروەها بەرپرسی کومیتەی سوئید، بەڕێز خاتوو شلێر حەسەنپوور چەپکە گوڵێک و ڕێز و سپاسی پێشکەش بە کۆڕگێڕان کرد و سمینار پاش پێنج کاتژمێر کۆتایی پێهات.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیران