نەسرین یوسفزادە
وا بزانم وەرزی هاوین بوو بینیمن، ئیتر باش لەسەر یاد نیم چ مانگێک بوو، لەگەڵ یەکیکی دیکە لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانمان میوانی ماڵیان بووین. ژن و میردێکی میهرەبان و میوانگر، بەردەوام پرسیاریان لێ دەکردین، بەتایبەت باجە هاجەر دەیگوت «دەی نەسرین گیان بڵێ بزانم دایک و باوکت ماون شکوور؟ غەمیانت نییە؟» و
منیش لە وڵامدا دەمگوت «بەڵی ئەرێوەڵڵا شکوور ماون وەڵڵا جا بیریشیان دەکەم چ بکەم چارەنووسمان وای لێهاتووە».
دەیگوت «وایە وەڵڵا ماڵی ئەو زاڵمە (کۆماری ئیسلامی) بڕووخێ ئەو هەموو کوردەی لەسەر ماڵ و ژیانیان هەڵقەند و هەمووی لە کەسوکار و خۆشەویستیان دوور کردەوە».
دوای کەمێک بێدەنگی گوتی «هیچ نییە غەمت نەبێ من ئەوە سی ساڵ پترە لەگەڵ سەید برایم لێرەم. سەید برایم بۆم بووەتە دایک و باوک و خوشک و برا و هەموو کەسێک، یاخوا لەسەر سەری گەڕێم، یاخوا مەرگم پێش مەرگی بکەوێ».
وردەوەردە کەلوپەلی خوانی نیوەڕۆ ئامادە بوو و باجە هاجەریش هەر وا میهرەبانانە گوتی «ئێوە بچن سفرەکە ڕاخەن تا من چێشتەکە تێ دەکەم». جا خوان چ خوانێک ئەوەی لەدەستی هاتبوو و بۆی کرابوو بە زیادەوە کردبووی، سفەرەی ماڵەکەی هێندەی دڵی گەورە و بەرین بوو، ئەوە نەوەک بۆ ئێمە بەڵکوو بۆ هەموان وا بوو.
کاک سەید برایم لە باجە هاجەری هاوژینی بەتەمنتر دیار بوو. یان لەوانەیە دەردی ئەو ڕۆژگارە و ژێردەستەییی گەلی کورد تاڵە قژەکانی ئەویشی وەک بەفر سپی کردبوو؛ ڕوخساریکی تووڕەی بوو بەڵام کاتیک کە دەتدواند دەتزانی دڵیکی پڕاوپڕ لە بەزەیی و میهرەنانی هەیە. چەندین ساڵ بوو لە کۆمیتەی ئەمنییەت بوو و دەیان جاری کەسانێک کە ڕێژیمی ترسەنۆک و دژەمرۆڤیی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی نێو حیزبی دێموکرات ناردبوونی و لێرە شناسایی کرابوون و پێیان لە تاوانەکەیان نابوو، دیتبوو، هەر بۆیە زۆر درەنگ باوەڕی بە کەسانێک کە تازە دەیبینین دەکرد.
باجە هاجەر پرچێکی لوولی ڕەشی بوو میهرەبان و بە دەست و دڵییەکی تایبەتی بوو، پێی وا بوو ئەگە ئەوەی هەیەتی لەگەڵ خەڵکی دیکە نەیخوا، ڕۆژی شەو نابێتەوە. کەس نەبوو بچێتە ماڵی و بە دیارییەکەوە نەیاتە دەرێ، یان ئەوەی تا ماوەیەک هەر بیری لەو هەموو خانەدانی و کابانەتییەی باجە هاجەری میهرەباندا نەکردبایە.
لانی کەم دەکرێ بڵێین زەماوەند و شایی و بووکمارەکردنی دەیان پیشمەرگەی لاو لە ماڵیان بووبێت کەمە و هەموویان هەتا لەنێو حیزب مابووبن ماڵی کاک سەید برایم و باجە هاجەریان بە ماڵی باوک و دایکی خۆیان زانیوە.
ئەوەی زۆر گرینگ بوو ئەوە بوو کە هەرچی باجە هاجەر بیبەخشیبایە کاک سەید برایم لێی نەدەپرسییەوە، لەوانەیە هیی ئەوە بوو خۆیان منداڵیان نەدەبوو بۆیە هەموو کوڕ و کچە لاوەکان و هەموو پێشمەرگەکانیان بە منداڵ و ڕۆڵەی خۆیان دەزانی.
یان ئەوەندە دڵدار و خۆشەویستی یەک بوون، خۆشەویستیی خۆیان لەگەڵ هەمووان دابەش دەکرد تاوەکوو دنیا پڕ بکەن لە کەسە باشەکان. هەر جارێک کە باجە هاجەری میهرەبان خواردن و ترشیات و مرەبا و … ساز دەکرد و بۆ کەسانی دیکەی دەنارد دەیگوت «ڕەبی دەسەرسەرت گەڕێم سەید برایم گیان، ڕەبی مەرگم پێش مەرگت کەوێ تۆ ئەوەندە پیاوێکی باش نەبایەی من بۆ دەمتوانی ئاوا خێر و خێرات بکەم».
کاک سەید برایمیش بە بزەیەکەوە دەیگوت «کچی هاجەر خاتوون ئەوە چ قسەیەکە دەیکەیت، من ماڵم نییە هەمووی هیی تۆیە و ئیختیاری بە خۆتە چۆنت پێ باشە وای لێ بکە».
ڕۆژی ٣٠ گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژی پڕ لە شانازی یەکگرتنەوەی حیزبی گەورەی دێموکرات لە کاتی ڕێوڕەسمەکەدا لەگەڵ باجی هاجەر لەلای یەک دانیشتبووین. زۆر دڵی خۆش بوو بەردەوام و دەیگوت تۆ چاو لێ بکە چەندە خۆشە نەسرین ئەوە هەمووشمان نین، جا تۆ بڵێی چۆن دەبین ئەگە هەموو بین کوا ساڵۆنێکی ئاوا هەڵیدەگرێت؟
گوتم ڕاست وایە باجە هاجەر گیان ئەو دڵخۆشییە مێژوویی دەبێت و بۆ هەتاهەتایە لە دڵی هەموو کوردستاندا دەمێنیتەوە.
ئەو ڕۆژە کۆتا جار بوو من باجە هاجەرم لە نیزیکەوە بینی. لە مانگی خەرمانانی ئەو ساڵەدا کە حیزب بە یەکجاری یەکی گرتبووە و خەریکی کاروباری ڕێکخستنی ئورگانەکان بووین لەگەڵ ئەوەش باس لە چەند ڕووداوی مێژوویی وەک ١٧ی خەرمانان ڕووداری هێرشی هاژەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر قەڵا و فێرگەی دێموکرات و هەڵپڕووکانی شازدە گوڵاڵە سوورە و ٢٦ی خەرمانان تاڵیادی تێرۆری شەهیدانی میکۆنۆس بوو. هەر لەو مانگەدا یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەی ژنان بە ناوی هاوژین نستانی کچی شەهید ئەمیر نستانی تەنیا ٤ ڕۆژ پێش شەشەمین ساڵرۆژی شەهیدبوونی باوکی بە ڕووداوێکی هاتوچوو گیانی لەدەست دا و خەمێکی گەورەی خستە سەر دڵمان.
٢٣ی خەرمانان لە تارانی پێتەخت کچێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی دەکەوێتە بەر هێرشی گەشتی بەناو ئیرشاد و چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکردن و بردنی بۆ بنکەی پۆلس هەواڵی ئەوە دەدەن کە گۆیا ئەو کچە جەڵدەی مێشک لێی داوە و بۆ نەخۆشخانە بەڕێ کراوە.
دوایی بە بڵاوکردنەوەی وێنەکان و دانپێداهێنانی پزیشکان دیار کەوت ئەو کچە کوردە ٢١ ساڵەی کە وێڕای بنەماڵەکەی لە تارانی نگریس میوان بوون بە جێگەی هەموو میواندارییەک دەستبەسەریان کردبوو و بە زەربی مست ئەویش نەوەک جارێک بەڵکوو چەندین جار سەری بە دیوار یان شتێکی قورس درابوو هەتا ئەو کاتەی توانای هەناسەدانی نەما و ناچار بەوە بوون بیبەن بۆ نەخۆشخانەی کەسرای تاران و لەوێ کۆمەڵێک دوکتوۆر و پەرستاری لەخۆبوردوو شەووڕۆژ هەوڵی ئەوەیان دا گیانی ڕزگار بکەن کە بەداخەوە هەموو هەوڵەکانیان بێئاکام مایەوە و ڕۆژی ٢۵ی خەرمانان ژینای کوردستان بۆ هەمیشە چاوە جوانەکانی لەسەر یەک دانا و شەهید بوو.
شەهید بوونی ژینا بوو بە هۆکاری تووڕەییی چەندین ساڵەی خەڵکی کوردستان و ئێران، خرۆشی خەڵکی تووڕەبوو لەبەر درگای نەخۆشخانەی کەسرای تاران دەستی پێ کرد و ئاگری تووڕەیی و هاواریان لە گۆڕستانی ئایچی سەقزەوە دەستی پێ کرد و لە یەک ڕۆژدا هەموو کوردستانی گرتەوە.
هەر ئەو کاتە بوو کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بەیاننامەیەکی ڕوو بە خەڵکی کوردستان دەرکرد و داوای لێ کردن لە بەرانبەر ئەو زوڵمە ناڕەوایە بێدەنگ نەبن. شار بە شار و ناوچە بە ناوچە خەڵک بە دژی ڕێژیم هاتبوونە دەرێ.
لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەموو جیهانیش دەنگی شۆڕشی ژینا بڵاو بووە و ئەوە بوو بە هۆکاری ئەوەی ڕێژیمی خوێنمژی تاران بە کوشتنی لاوان و کچان و کوڕانی وڵات دانەمرکێ و لە ڕۆژی ٦ی ڕزبەری ١٤٠١دا تەنیا ١٠ ڕۆژ دوای شەهیدکردنی ژینا بۆ جارێکی دیکە هێرشی هاژەکیی کردە سەر بنکە و بارەگای حیزبە کوردستانییەکان و بۆ جارێکی دیکە کۆمەڵێک تێکۆشەری کورد سەریان بوو بە بەردەبازی ڕزگاریی وڵاتەکەیان و بەداخەوە باجە هاجەری میهەربانیش یەکێک لەو کەسانە بوو.
یەک ـ دوو کاتژمێر دوای ڕووداوەکە بوو کە وێنەی پڕاوپڕ لە گریان و غەمی کاک سەید ئیبراهیمم دی کە بەسەر تەرمی باجەهاجەردا داهاتبووە و بۆ دواجار ماچی لە زامەکانی دەکرد و ماڵاوایی لێ دەکرد.
کاک سەید ئیبراهیم لە دوای باجە هاجەری میهرەبان بە یەک ڕۆژ سەد هێندە پیر بوو، غەمی لەدەستدانی باجە هاجەر پشتی چەماندبوو. دەیانگوت کاتیک باجە هاجەر گوێی لە دەنگی یەکەم هاژەک بوو، ڕای کردبوو بۆ دەرێ تاوەکوو بزانێ کە لە کوێ دراوە و بزانێ کاک سەید برایم ماوە یان نا، کە بەداخەوە دووهەم دانە لە نێوان کۆڵانەکەدا دەتەقێتەوە و دەبێتە هۆی شەهیدبوونی باجەهاجەری میهرەبان و پێشمەرگەیەکی لاو بە ناوی میلاد و بریندار بوونی ژنێکی دووگیان بە ناوی شیما (ڕێحانە) کە بەداخەوە دوای چەند کاتژمێر خۆی شەهید بوو و کۆرپەکەی کە لەگەڵ زانیاری هاوژینی ناویان نیابوو «وانیار» کە بە زیندوویی بەڵام ناتەواوی هاتبووە دنیا و دوای ڕۆژیک بوو بە بچووکترین شەهیدی کوردستان.
ئیتر ڕۆژەکانی تەنیایی کاک سەید ئیبراهیم دەستی پێ کرد و تابڵۆیەک لە غەمگینترین پیاوی ئەڤیندار لە گۆڕستانی شەهیدانی کۆیە نەخشێندرا.