نەسرین یوسفزادە
بڵێی ئەمجار، ئەم تۆفانە، گەڵای کام دار بوەرێنێ؟ پشتی کام شاخ بشکێنێ؟ کام دارستان بگەچڵێنێ؟
ئەوە نووسراوەی سەر وێنەیەک بوو کە خاتوو گوڵاڵە عوسمانی لەسەر وێنەیەکی هاوژینی شەهیدی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی داینابوو. گوڵاڵە عوسمانی هاوژین و هاوژیانی شەهید ڕێبوار عەبدی شەهیدی مووشەکبارانی ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوییە.
دەبێ چ غوربەتێک بێ غەریبایەتی و دووری لە ئازئزترینت و چ غەمێکی گەورە بێ کە بزانی دیداری ئاخرت ئەو کاتەیە کە کۆتا جار کوتە پەڕۆیەکی سپی بەسەر ڕوخساری دادەرێ و ئیتر هەتاهەتایە دەبێ ژوانگەی خۆشەویستییان کێلێکی سارد و چەندین وێنەی بێڕووح بێ و لەوانەیە چەند دەنگی تۆمارکراو کە هەموو کاتەکانی پێ تێدەپەرێنێ.
بۆ ئەم جارە دەمهەوی باس لە خاتوونێکی دڵپاک و زانا بکەم خاتوونێک کە لەنێو بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکرات دا هاتە دونیا، گەشەی کرد، وەک هەموو منداڵانی ئەو شۆڕشە چووە قوتابخانە، ساڵ بە ساڵ پلەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی بڕی و لە کۆتاییدا خۆشی بوو بە مامۆستایەکی میهرەبان و دڵسۆزی منداڵانی شۆڕش.
خاتوو گوڵاڵە عوسمانی کچی کاک تاهیر و خاتوو تەبیبە خوسرەوی کچی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بووە و هەر لەنێو حییزبیش دا بووەتە مامۆستای منداڵانی شٶرش لەگەڵ پێشمەرگەیەکی دڵپاک و ژیر و ئازا بە ناوی کاک ڕێبوار عەبدی ژیانی هاوبەش پێک دەهێنێ.
هێلانەی خۆشەویستیان دوای چەند ساڵ بە قاقا و پێکەنینی کچ و کوڕێکی جوان و خنجیلانە دەڕازێتەوە.
وەک بەشێکی زۆر لە خەڵکی نێو ریزی شۆڕش ژیانێکی ئاساییان دەبێ. وەک باسمان کرد خاتوو گوڵاڵە خۆی خوێندەوار و مامۆستا بوو و لەگەڵ ئەوەش پەروەردەی بنەماڵەیەکی حیزبییە بۆیە دوو منداڵی هەتا بڵێی باش و ژیری پەروەردە کردووە. کاک ڕێبوار لە ماوەی ژیانی هاوبەشێان دا چەندین جار چۆتەوە ناوچە و گەڕاوەرەوە و خاتوو گوڵاڵە وەک ئەوەی بۆ هەموو ژنانی نێو شۆڕش بە میرات ماوەتەوە بوێارانە و بە دڵیکی پڕاوپڕ لە هیواوە ئاگای لە جگەرگۆشەکانی بووە و چاوەڕوان بووە کە خۆشەویستەکەی بە سڵامەت بگەڕێتەوە و بە خۆشیەوە هەموو جارەکان ئەوە ڕووی داوە و بە دیداری یەک شاد بوونەتەوە.
بەڵام ئەوەی دەڵێن دەستی قەدەر لەوانەیە ڕاست بێ و ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی لە کاتێکدا کە دوو مانگ لە شەهید کردنی ژینا ئەمینی تێدەپەڕی ڕێژیمی خوێنمژی کۆماری ئیسلامی بۆ دووهەم جار ژەهیری خۆی ڕشت و بە چەندین جار هاویشتنی هاژەک و دڕۆن نرکەی لە ئەوکی هەموو کوردستان بە تایبەت خۆشەویستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەستاند.
لە ئاکامی ئەو هێرشە دڕندانەیە دوو پێشمەرگە بە ناوی ڕێبوار عەبدی هاوژین و هاوڕێی ژیانی خاتوو گوڵاڵە عوسمانی و ئاسۆ توانا شەهید و پێشمەرگەیەک بە ناوی محەممەدڕەزا بادبرود بریندار بوو، کە دوای حەوتوویەک ئەویش شەهید بوو.
شەهید بوونی شەهید ڕێبوار زامێکی ساڕێژ نەبووە لە جەستە و ژیانی گوڵاڵەی مامۆستا و ژیر و خانم کەوت، ئەمجار ئەو لەگەڵ لاوندنەوەی منداڵەکانی و چاوەڕوان بوونیان کە ئاخۆ کەی هاوڕێ و هاوژینی ژیانی دێتەوە و بە ئامێزێکی میهرەبانانە و کۆمەڵیک بیرەوەری و شتی جوان دڵخۆشیان دەکات، هەموو ڕۆژێ ڕێگای مەزارگەی نەمران دەگرێتە بەر و لەسەر لەتە بلووکێک ڕوو لە کێلێکی سارد دادەنیشێ و ورد ورد فرمێسک هەڵدەوەرێنی و ئەوەی چیرۆکی عەشقی لە دڵی دایە بە بێدەنگی هاواری بۆ دەکا.