شیوا مرادیان
کاتێک باس لە ژنان دەکەین دەبێ پێش هەموو شتێک بیر لەوە بکەینەوە کە باس لە ژنانی کام کۆمەڵگا دەکەین؟ کەواتە گرنگە کە بزانین ڕوانگەی یاسا و ڕێساکانی ئەو کۆمەڵگەیە بە نیسبەت ژنانەوە چین؟ واتە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگاکان دەرخەری دۆخی ئەو کۆمەڵگایەن. بۆ نموونە کاتێک لە یاسای بنەڕەتی وڵاتێک وەکوو ئێراندا هاتووە کە شایەتی دوو ژن بەرابەرە بە شایەتی پیاوێک! دەردەکەوێ کە چ جۆرە بیرکردنەوەیەک بەسەر ئەو وڵاتەدا زاڵە و حوکم دەکات.
جیا لەوەی کە ئەم زێهنییەتە ڕەگەزی ژن بە ناتەواو و لاواز دەزانێ و ژنانی وردکردووە و لە کەسایەتییانی داوە، بێگومان ڕێگریش بووە و دەبێ لەوەی کە ئاستی ڕووناکبیری، ئاگایی و وشیاری ژنانی ئەو کۆمەڵگایە گەشە بکات، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی یاساکانی بن و لێی دەرنەچن، یان لە بەرانبەریدا نەوەستنەوە، لە لایەکی دیکەشەوە مێشکی ڕەگەزی نێریش دەشواتەوە بەو تێڕوانینە سەقەتە کە کچ و ژن لاوازن.
یەکێک لە ئامرازەکانی نائاگا هێشتنەوەی ژنان بەتایبەتی لە کۆمەڵگای ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، پەرتووکە دەرسییەکانی قوتابخانەکان بوون کە هەڵقوڵای تێگەیشتن و تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامین بە نیسبەت ژن. لەو پەرتووکە دەرسییانەدا کە لە قوتابخانە و زانکۆکان دەخوێندرێن و باسی ژنیان کردووە، بەردەوام ژن ئاوەها وێنا کراوە کە لاوازە، پێویستی بە چاوەدێرییە، خاوەنی بڕیاری خۆی نییە و ئەرکی ژن تەنیا ماڵ و منداڵ بەخێوکردنە.
ئەم تێڕوانییە لەسەر ژن، بێگومان هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە بە خوردی قوتابییەکان دەدرێ کە ژن ئەرکی لە کۆمەڵگا تەنیا منداڵداری و ماڵدارییە و دەبێ چاوەدێری هەبێ و … ئەم شێوە تێڕوانینە کە هەڵقوڵاوی یاسا و نەریتی حکوومەتی تووتالیتری ئێرانە، هەم قوتابییە کچەکان ورد دەکات و وای لێدەکات کە باوەڕبەخۆبوونیی نەبێ و بەردەوام لە گەورە ساڵیشدا هەست بە قەلەقی بکات، هەمیش تێگەیشتنیان ئاوا لێدەکات کە دەست لە حەز وخولیاکانی خۆیان هەڵبگرن و خۆیان لە چوارچێوەی ماڵەوە کۆت زەنجیر بکەن.
ئاکامی ئاوەها پەروەردەیەک دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەداخەوە زۆربەی کچ و ژنانی کۆمەڵگە هەست بە لاوازی و قەلەقی بکەن و زۆربەیان لە بەرانبەری ئەقڵیەتی داسەپاودا تەسلیم بن، واز لە خوێندن بهێنن و لە هەمووی خراپتر ئەوەی کە ژنان بۆخۆیان قەناعەت بەو تێڕوانینە بکەن، کە بەڕاستی گەیشتن بەم قۆناغە مەترسیدارە.
کاتێک ئەم تێڕوانینە دەروونی بووەوە بۆ ژنان و قبووڵیان کرد کە لە کۆمەڵگادا هیچ ڕۆڵێکیان نییە، کارەسات ڕوو دەدا و ئیدی خودی ژنانیش تەبلیغ بۆ ئەم تێڕوانییە دەکەن و لە ئاکامی ئەم تەسلیم بوون و باوەڕ هێنانە و لە درێژەی پەروەردەی منداڵ بەتایبەتی بەهۆی ڕۆڵ و دەورێک کە ژن لە کۆمەڵگای ئێراندا لە پەروەردە و گەورەکردنی منداڵدا هەیە، ئەم تێڕوانینە کە ژن بە کەم دەزانێ لەلایەن بنەماڵە بە تایبەتی دایک و خوشکەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ جیلی داهاتوو و لە کۆتاییدا کۆمەڵگاش دەچێتە سەر ئەم قەناعەت و یاسایەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی.
کەواتە یاسا و ڕێساکان بەردەوام دەور و نەقشیان بووە و هەیانە لە گۆڕانکاری یا چەقبەستوو هێشتنەوەی کۆمەڵگا یان سەپاندنی تێڕوانینێکی دیاریکراو بەتایبەتی لە ئێستادا کە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە زاڵە. لە دەسەڵاتدارێتی زیاتر لە چوار دەیەی کۆماری ئیسلامیشدا بە دەیان ڕێسا و نەریتی کۆن کراون بە یاسا و بەزۆر بەسەر خەڵکی ئێران بەتایبەتی ژناندا سەپێندراون.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بە کورتی باس لەوەش بکەم کە جێا لەم هۆکارانە، هۆکارێکی دیکە کە وایکردووە ژنان خۆیان بە کەمتر بزانن و واز لە خوێندن بهێنن سەربەخۆیی ئابووری بووگە، کاتێک ئابووری ئێران بەهووی سیاسەتە چەوتەکانی حکوومەتی توتالیتری کۆماری ئیسلامی تووشی داڕمان بووە ژنان و کچان هەم لە لایەن کۆمەڵگا وهەروەها لە لایان بنەماڵەکانیانەوە تووشی زۆر بەربەست دەبنەوە و ناچار دەکرێن کە لە قۆناغێکی زۆر هەستیاری ژیانیاندا واز لە خوێندن بهێنن .