ئاسۆ مینبەری
لە پێناسەی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆتالیترەکاندا و بۆ جیاکردنەوەیان لە یەکتر پێناسەیەکی باو هەیە کە دەڵێ، دەسەڵاتی دیکتاتۆر هەتا بەر دەرکی ماڵەکەت دێت بەڵام دەسەڵاتی تۆتالیتەر دێتە نێو ماڵەکەتەوە!
ئەم پێناسەیە ئەگەر سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران چاوی لێ بکرێ، پێناسەیەکی پڕ بە پێستە، چونکە کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیمێکی دیکتاتۆرە، دەسەڵاتێکی تۆتالیتەریشە کە تایبەتیترین لایەنەکانی ژیانی خەڵکیشی کردووە ئامانج و دەستێوەردانیان تێدا دەکات.
نموونەی بەرچاوی ئەم دەستێوەردانە، پرسەکانی حیجاب و منداڵبوونە کە ڕێژیم بەپێی سیاسەتەکانی خۆی لە چوارچێوەی سیاسەتی حیجاب و عیفاف و حەشیمەتدا، دەستێوەردانیان تێدا دەکات و هەرجارەو بە جۆرێک خەڵک ناچار دەکات کە گوێڕایەڵی بڕیاراتی بن و پرسی ڕەچاوکردنی حیجاب و منداڵبوون و نەبوویان لەسەر خواستی دەسەڵات و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێک بخەن.
هەر لەم ڕۆژانەدا بوو کە دوو پاسداری سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم بە دەربڕینی نیگەرانی لە پیربوونی حەشیمەتی ئێران، خوازیاری زۆرکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەتی وڵاتەکەیان بوون.
پاسدار حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیم لەمبارەوە ڕایگەیاند: ئەگەر نرخی گشتيی حەشیمەت بەرز نەبێتەوە، کۆمەڵگە پیر دەبێت و کۆمەڵگەی پیریش مەحکوومە بە نەمان. ناوبراو کۆمەڵگەی پیری بە کۆمەڵگەی خەمۆک ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم پیرییە دەبێتە هۆی خەمباربوون و بەم شێوەیە هەم خەساری زیاتری بەر دەکەوێ، هەم زوو تێک دەشکێت.
لەلایەکی تریشەوە، پاسدار محەممەدڕەزا نەقدی، جێگری هاواهەنگیی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ٢٠ لەسەدی هاوسەرەکان ناتوانن منداڵیان ببێ و هۆکاری ئەمەش بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیرییە. ناوبراو وتوویەتی: بە پیربوون و کەمبوونی حەشیمەت، یەکێک لە فاکتەرەکانی هێز لەدەست دەدەین.
لەلایەکی تریشەوە، محەممەدحوسێن تاهیری، بەرپرسی ستادی «امر بە معروف و نهی از منکر»ی ڕێژیم باسی لە بەڕێوەبردنی خولێک لەژێر ناوی «گەڵاڵەی عیفاف لە ماڵەوە» بە مەبەستی پڕوپاگەندە لەنێو ماڵەکان و لە چوارچێوەی بنەماڵەکاندا کردووە بەڵام خاڵی جێی سەرنج لەم خولەدا ئەوەیە کە ڕایانگەیاندووە: هەوڵ دەدرێت ئەو کەسانەی کە خولەکە تێدەپەڕێنن لە کۆتاییدا ببنە چالاکی دینی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی!
ئەم بابەتانەی کە لە سەرەوە باس کران نموونەی ئاشکرای هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی خۆی بەسەر خەڵکدایە. سیاسەتێکی شکستخواردوو کە هەرچی زیاتر کات تێپەڕ دەبێت، ئاسەوارەکانی زیاتر بەرۆکی خودی دەسەڵاتەکە دەگرێتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا لە قسەکەی محەممەدڕەزا نەقدیدا کە دەڵێ بە پیربوون و کەمبوونی حەشیمەت، یەکێک لە فاکتەرەکانی هێز لەدەست دەدەین، تێدەگەین کە ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم لە بردنەسەرەوەی حەشیمەت نەک خەمخواردن بۆ پیربوونی پێکهاتەی کۆمەڵگە بەڵکوو کەمبوونەوەی هێزی لاوە، هێزیک کە ڕێژیم دەیهەوێ بیخاتە چوارچێوەی پەرەدان بە ئیدئۆلۆژییەکەی خۆیەوە و لە ڕاستیدا نیگەرانی ئەوەیە کە هێزی لاوی بۆ بو کوشتدان لە ڕاستای ئاژاوەنانەوە و هەناردەکردنی شۆڕشەکەی بۆ وڵاتانی دیکە لەبەر دەست نەمێنێ.
هەروا کە ئاماژەی پێ کرا، یەکێک لە فاکتەرەکانی ناسینەوەی دەسەڵاتی تۆتالیتەر هەر ئەو دەستێوەردانەیە کە لە ژیانی تاکەکەسیی مرۆڤەکاندا دەیکات و ئیزن بە خۆی دەدات کە بچێتە نێو تایبەتیترین لایەنەکانی ژیانیانەوە و کاریگەریی لەسەر ڕوانگە و بڕیارە گرینگەکانی ژیانیان هەبێت.
پرسی حیجاب، پرسێکی تاکەکەسییە و دەچێتە چوارچێوەی ئازادییە تاکەکەسییەکانەوە کەوابوو کەس بۆی نییە لەم پرسەدا دەستێوەردان بکات و ئەوەندە زێدەڕۆیی بکا کە بە هۆی لەدەرەوەبوونی چەند تاڵە قژ، هەموو چەشنە توندوتیژییەک بەرانبەر بە ژنان و کچان بنوێنێ نەکا پیاوانی پەروەردەکراو بە ئیدئۆلۆژییە چەقبەستووەکەی تووشی گوناهی کەبیرە ببن و لە حووریەکانی بەهەشت بێبەری بن!
بەڵام پرسی منداڵبوون، یەکێک لەو پرسە گرینگانەیە کە دەتوانێ لایەنی جیاوازی هەبێت، بۆ نموونە فاکتەری ئابووری، باری دەروونیی هاوسەرەکان، ئەمنییەتی کۆمەڵگە، شوێنی ژیان و زۆر فاکتەری تر هەن کە دەتوانن لەسەر ئەم بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبێت.
بەڵام دوو فاکتەر هەن کە ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتیدا لەمبارەوە دەور دەگێڕن، یەکیان پرسی ئابوورییە و ئەوی تر پرسی ئەمنییەت و دۆخی گشتییە.
پێویستە ئەوەش بگوترێ کە لە ئێستادا و بەم هەموو گرانییەوە کە هەیە ڕەنگە پرسی ئابووری بۆ ژمارەیەک لە خەڵک وەکوو کێشە چاوی لێ نەکرێت بەڵام بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ژیناوە، پرسی ئەمنییەت و دۆخی گشتیی کۆمەڵگە بووەتە فاکتەرێکی زۆر گرینگ و ڕەنگە یەکلاکەرەوەش.
بەو مانایە کە کاتێ هاوسەرەکان لە داهاتوو و ژیانی خۆیان دڵنیا نین و نازانن کە چ ڕووداوێکی دیکە و کەی دەتوانێ کۆمەڵگە بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و ڕێژیم بەرانبەر بەم جۆرە ڕووداوانە چۆن هەڵوێستی توندتر و دڕندانەتر بۆ سەرکوت لەبەر بگرێت، کەوابوو بڕیاردان بۆ هێنانە دونیای بوونەوەرێکی دیکە بە کاری بێهۆ دەزانن و پێیان باشترە لەو دۆخە سەخت و ئاسۆ ناڕوونەدا، تەنیا بەرپرسایەتیی ژیانەکەی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.
خاڵی گرینگ لەم پرسەدا هەر ئەوەیە کە بە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵەکانی ڕابردوودا و بە دیاریکراوی پاش ناڕەزایەتییەکانی ١٣٩٨ و دواتریش ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ و دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕێژیم هەستی بە مەترسییەکی زۆرتر کرد، لەلایەک کۆمەڵگەیە کە بەرهەڵستی بووەتەوە و لەلایەکی دیکەوە نەبوونی هێزی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە.
ئەوەی ڕاستی بێ، نەوەی نوێ بەتایبەت لە کوردستان – هەر ئەو جیلەی کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکی زۆر هەوڵی پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی دابووــ بە پێچەوانەی باوەڕ و خواست و چاوەڕوانیی دەسەڵات، پشتی لەم ڕێژیمە کرد و
ئامادە نەبووە بەشێک لە سەرکوتکاری و توندوتیژژیەکانی ڕێژیم دژی خەڵک بێت.
نەوەی نوێ بەتایبەت کچان و ژنان لە کوردستان بە تێگەیشتنی دروست لە چییەتیی ڕێژیم، هیچکات نەبوون بە بەشێک لەو ڕێژیمە و نیشانیان دا کە هیچکات ملکەچی بڕیارەکانی نابن، هەر ئەم تێگەیشتنەش وای کردووە کە زۆربەی ژنان و کچان بە نەهێنانە دونیای منداڵ، هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە خەڵک و بەتایبەت لاوان بێ ئاکام بهێڵنەوە.
ئەم چەشنە لە بەرەنگاربوونەوە جیا لەوەی کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا نیگەرانیی بەرپرسانی ڕێژیمی لێ کەتووەتەوە، بووەتە هۆی بێهیوابوونی ڕێژیمیش، بە ڕادەیەک کە ئەم پرسە ئەوەندە گرینگ بووەتەوە کە تەنانەت ڕێبەر و سەرۆکۆماری ڕێژیمیش باسی دەکەن و دەیانەوێ بە کۆمەڵێک وادە و بەڵێنی بێبنەما، خەڵک فریو بدەن و پەرە بە سیاسەتەکەی خۆیان بدەن.
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، نموونەی دیار و بەرچاوی دەسەڵاتێکی تۆتالیتەری خۆسەپێنە کە لە هەموو ڕێگایەک بۆ بەرەوپێشبردنی ئیدئۆلۆژی و بەرنامەی خۆی کەڵک وەردەگرێ، تا ئەو ڕادەیە کە ئێستا هاتووەتە ژووری نوستنی خەڵک و وەک بوونەوەرێکی بێ مێشک، بێ ئاوەز و تێفکرین، دەستێوەردان لەم لایەنە تایبەتەی ژیانی تاکەکان دەکات.
پێویستە کۆمەڵگە وشیارانە لەگەڵ ئەم پرسە بەرەوڕوو ببێتەو، چونکە تۆتالیتاریزم هاتووەتە نێو ماڵەکانەوە و پێویستە بە کردەوەیەکی یەکگرتووانە و بە بیر و ئەندێشەیەکی ئەمڕۆییانە و زانستیانە لە ماڵەکان وەدەر بنرێ.