ن.ئا: تریفە فاتیحی
شلێر ڕەشیدی شاعیر، لێکۆڵەر و چالاکی مەدەنی وکۆمەڵایەتی، ساڵی 1352 ی هەتاوی لە شاری مێژوویی سەقز چاوی بە دنیا هەڵێناوە.
شلێر هەر لە سەردەمی مناڵیەوە هۆگری خۆی بە شێعر و ئەدەبیات نیشان داو بە خوێندنەوەی شێعری شاعیرانی گەورە وەک»حافز، پەروین ئێعتسامی، هێمن ،هەژار ، قانع، فرووغی فەڕخزاد «ژیانی شاعیرانەی خۆی دەست پێ کرد. هەرلە سەرەتای لاویەوە بە هەست پێ کردن بە ئاپارتایدی جنسی، بە توندی هەستی بە ئازار کرد و لە بەرانبەری ئەو نابەرابەریە دا هەڵوێستی گرت
هەربۆیە زۆربەی چالاکیەکانی ڕەنگ و بۆی بەرگری لە مافی ژنی بە خۆوە گرتووە. شلێر ڕەشیدی خۆێندنی ئاکادمێکی لە زانکۆی سەقز لە پلەی کارناسی ڕشتەی زانستی کۆمەڵناسی شاخەی لێکۆلینەوە تەواو کردووە.بۆ خوێندنی ماستەر دیسان چۆتەوە زانکۆ و لە هەمان ڕشتەدا بڕوانامەی وەرگرتووە . هەرلە سەرەتای چالاکیە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیە کانیدا وەک کەسایەتییەکی زۆر بەرچاو و بەناوبانگ لە شاری کەلتوورپەروەری سەقز، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا توانی جێگە و پێگەی خۆی لە نێو چالاکانی کوردستانی ئازیز بە دەست بهێنێ.
ئەو بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی و زۆر جار تاک ڕەوی چەن ئێوارە شێعر و کۆبوونەوەی بۆ مافی ژنان ساز کردووە و یەکەمین و دوا ڕۆژی جێهانی ژن لە سەرشانی ئەم تێکۆشەرە لە سەقز لەساڵانی هەشتاکاندا بەڕێوە چوو و پێشوازییەکی بێ وێنەی لێ کرا. ماوەی دووساڵ ئەندامی دەستەی نووسەرانی مانگنامەی ڕاسان بوو کە لە سەقز دەردە دەچوو و لە تاران بە چاپ دەگەیشت. لە چەن فستیڤالی باشووری کوردستان وەک فستیڤاڵی گەلاوێژلە سلێمانی، فستیڤاڵی دیداری هێمن لە هەولێر، فستیڤاڵی شێعری سەنتەری لووڕ، کە بە بەشداری شاعیران و نووسەرانی چوارپارچەی کوردستان بەڕێوە چوو بەشداری کردووە.
زۆربەی دڵنووسەکانی شلێر باس لە ئازارەکانی ژن لە کۆمەڵگای سووننەتی و پیاوسالاردایە و حەز و ئاواتی ژنی تێدا زۆر بەرچاوە. شلێر دوو دیوانە شێعری بە چاپ گەیاندووە بە ناوەکانی»بەرەژان»و»هەنێ شێتی و هەنێ مەستی»کە لە نەوعی خۆیدا جێگای سەرنجە.
شلێر ڕەشیدی باوەڕی وایە»لە کۆمەڵگای پیاوسالار و سوونەتی دا ئەگەر ژنێک چالاکی کۆمەڵایەتی بکات لە گەڵ هەزاران کەند و کۆسپ ڕووبەڕووە کە ئەگەر ژنێکی قارەمان و ماندوونەناس نەبێت ناتوانێ درێژە بە خەبات بدات، لە بەر ئەوەی نەتەنیا ڕێزی لێ ناگیرێ بەڵکوو وەک ژنێکی یاخی و سووننەت شکێن بە چاوی بێ ڕەحمی سەیری دەکرێت و زۆرجار لە گەڵ تۆمەت و سووکایەتی هێرشی دەکرێتە سەر»ئەو باوەڕی وایە» لە کۆمەڵگای سوونەتی دا تەنیا ژنی نێوان بەڕماڵ و مەتبەغ پەسەندە و ژنێکی ئازادیخواز لە گەڵ چەن دەسەڵاتی وەک، بنەماڵە، کۆمەڵگا، یاسا، داب و نەریت و دین و چەنها ئاستەنگی دیکە لە شەڕدایە و ئەوشەڕە نابەرابەرە بۆ گەیشتن بە ئامانجی یەکسانی بە ڕاستی ژنێکی نەترس وقارەمانێکی گەورە وپێ داگری ئەوێت.