شیوا مرادیان
٤٥ ساڵە کە کۆماری ئیسلامی خۆی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاندووە. لەم ماوەیەدا لاوان کەمترین دەوریان لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا نەبووگە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە لاوان دایناموێ گۆڕانن لە کۆمەڵگەکاندا. دەسەڵاتێک کە بیهەوێت وڵات بەرەو پێشکەوتن بڕوات و داهاتووەکەی گەشە بێت، ئەولەویەتی یەکەمی ڕێگە خۆشکردن بۆ لاوان دەبێت تاکوو ئەو جیلە پڕ وزە و گۆڕانخوازە بێنە پێشەوە و وڵاتەکەیان پێش بخەن. کەواتە دەرفەت دان و ڕێگە خۆشکردن بۆ لاوان لە گرەوی یاسای وڵاتەکە دایە کە لەڕاستیدا بەرامەی خەون و بەرنامەی دەسەڵاتداران بۆ وڵاتەکەیە.
یەکێک لەو بوارانە کە دەکرێ دەرفەت بخولقێنێ بۆ ئەوەی لاوان بتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن هەڵبژاردنە، هەروەها یەکێک لە سەرەکیترین بنەماکانی دێموکراسی هەڵبژاردن یان باشترە بڵێم هەڵبژاردنی ئازادە. بە چاوخشاندنێکی کورت بەسەر مێژووی ٤٥ ساڵەی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی بۆمان دەردەکەوێ کە هەڵبژاردنەکانیش وەکوو هەموو سیاسەتەکانی دیکەی هەوڵێک بووە بۆ بەلاڕێدا بردن و چەواشەی خەڵکی نێوخۆ و کۆمەڵگەی دەرەوەی ئێران.
بەڵام سەیر لەوەدایە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بانگەشەی گۆڕان و باشتربوونی دۆخی کۆمەڵگە دەکەن و سەیرتر لەوەدایە کە گوایە ئەوە لاوانن کە دەرفەتیان پێدراوە تاکوو داینامۆی ئەو گۆڕانە بن!
ڕوونە کە ئەوەی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی بۆ کردووە و دەیکات تەنیا ڕاکێشانی خەڵک بەتایبەتی لاوانە بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان تاکوو لە ڕێگەی میدیا حکومەتییەکانەوە هەم بە خەڵکی نێوخۆ و هەمیش بە دونیای دەرەوە بڵێت کە لە ئێراندا هەڵبژرادنی ئازاد هەیە و خەڵک و لاوان بە دەنگەکانیان ڕەوایی بە دەسەڵات دەدەن و دەسەڵاتەکەیان لە خەڵکەوە وەرگرتووە و گوایە دەسەڵات دەستاودەست دەکرێت!
بەڵام کاتێک یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی بە گشتی و بەتایبەتی یاسای هەڵبژرادنی لەتەک وڵاتانی ئازاددا بەراورد دەکەی، بە ڕاشکاوی بۆمان دەردەکەوێ کە نەک هەر ئازاد و دێموکرات نییە، بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانەی بنەماکانی هەڵبژاردنی ئازادن و تەنیا ئامانج بازاڕ گەرمییە نەک گۆڕان.
کەوابوو یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بە گشتی و یاسای هەڵبژاردنی پێچەوانەی بنەما جیهانییەکانە و هەموو خەڵکی ئێران بەتایبەتی لاوانی فریو داوە و دەیدات. بەو واتایە کە مەجالێکی بۆ گۆڕانکاری بەپێی یاسا و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە نەهێشتووە و ئەوەی هەبووە و هەیە یاریکردنە بە شعووری خەڵک.
یاسا و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئەم قسەیەی مارک تواینمان بە بیر دێنێتەوە کە دەڵێت: «لەو شوێنە کە ئازادی نییە، ئەگەر دەنگدان شتێکی بگۆڕی با، ڕێگایان نەدەدا کە دەنگ بدەن!» ئەزموونی چوار دەیە هەڵبژاردن لە ئێرانی بەڵالێدراوی ئاخووندی بە هەموو و بەتایبەتی لاوانی سەلماندووە کە هیچ هەڵبژاردنێک لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نەک هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵک نەبووگە بەڵکوو بە پێچەوانەوەکەی دوای تەواو بوونی شانوێ هەڵبژاردنەکان دیسان گەندەڵی، هەژاری، گرانی و چەوسانەوەی لاوانی نەتەوەکانی غەیرە فارس زیادتر بووە و تەنیا دەسکەوتی بەشداری کردن لەم شانۆیە سوودی بۆ ڕێژیمی تووتالیتری وەلی فەقیهـ دەبێت تاکوو شەرعییەت وەربگرێت بۆ درێژ کردنی تەمەنی دەسەڵاتداریەتی خۆی.
بۆیە هەڵبژاردەی لاوان دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تەنیا نەمانی ئەو دەسەڵاتە سەرەڕۆ و مرۆڤ کوژەیە. کەوابوو دەبێ ئەو وتەیەی دوکتور قاسملووی ڕێبەرمان لە بیر بێت کە دەڵێت: «گەلێک ئازادیی بوێت دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدات».
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا بینیمان کە لاوان ئەم وتەیەی کاک دوکتوریان کردە وێردی سەرزمانیان و نرخی بەدەستهێنانی مافەکانیان بە گیانی خۆیان دا، کەوابوو لاوان وشیاری کورد سوورتر لە جاران هەڵبژاردەیان هەوڵدانە بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە و بونیات نانی سیستەمێک کە هەڵقوڵاوی ویست ئەوان بێت و هەروەها دەرفەتی بۆ هەموو بەتایبەتی لاوانیش ڕەخساندبێت کە بتوانن دەوری خۆیان ببینن.