ناسک نەسیری
لەوانەیە بۆ خوێنەر، ئەم سەردێرە بە واتای ئەوە بێ کە ژنانی کورد لە ڕیزی پێشەوەی بەرخۆدانی کۆمەڵگە و شۆرشی کوردستان بوون و ئێستا هەڵیاندەهاوێرن و ناهێڵن ئەرکیان بخرێتە ئەستۆ.
هۆکاری ئەم لێ هەڵگرتنەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەدان بابەت و وتووێژ کە لەلایەن چالاکانی مافی ژنان یان ئەو ژنگەلە کە بە ناوی ژنانەوە قسە دەکەن –نەک چالاکی- لەمبارەوە.
ئەوەی کە هەڵاواردن لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین گەلێک زۆرە –مخابن لە ڕۆژاوای جیهانیش هەیە، بەڵام بە شێوەی تر- گومانی لێ ناکرێ.
بەڵام مەبەستی ئەم کورتە وتارە، خۆهەڵاواردنی ژنانە لە پیاوان.
سنوور کێشیان لە نێوان خۆیان و پیاوانی کورد و سەنگەری دژبەر لە دژی پیاوی کورد. ئەمەش ئەزموونی نووسەری ئەم دێرانە وەک چالاکێکی مافی ژنان لە تاراوگەیە و لە ڕاستیشدا خودی باسەکە پەیوەندیی بە ژنانی کوردی تاراوگەوە هەیە نەک ناوخۆ. ئەم مژارەش دوو لایەن دەگرێتەوە کە لێرەدا باسیان لێوە دەکرێ:
لایەنی یەکەم:
• لە چەند ساڵی ڕابردوودا –دەکرێ بێژین ١٥ ساڵی ڕابردوو- ڕەوتێک بەناوی فێمینیزمی کوردی سەری هەڵداوە، کە ئەزقەزا ڕێک خراپترین جۆری فێمینیزمە کە بە ئانارکۆ-فێمینیزم ناسراوە. کە لە دوو وشەی ئانارشیزم و فێمینیزم پێکهاتووە. ئەوەی کە ئانارشیزم چەند ناسەرکەوتوو بووە و نەیتوانیوە خەونەکانی خۆی وەدی بهێنێ، هێندە ئاشکرایە کە پێویست بە قسە لەسەر کردن ناکات. لەسەر شکستی ئانارکۆ-فێمینیزمیش ئەوەندە دەڵێین کە: قۆناخی دووهەمی فێمینیزمە و لە ساڵەکانی (١٩٦٠) تا (١٩٩٠)ی زایینی کە لەوێدا بیرۆکەی ڕادیکاڵ فێمینیستەکان سەری هەڵداوە. کە لە قۆناخی سێیەمدا، خودی فێمینستەکان بەرهەڵستی دەبنەوە و تا بە ئەمڕۆش کەمترین لایەنگری هەیە کەچی لەناو کورددا، تازە سیرە لە کورد و کۆمەڵگای کوردستان دەگرێت. ئەو سەرهەڵدانەش لەوانەیە چەند هۆکاری هەبێ بەم شێوەیە:
• یەک: چونکو گرژ و تووڕەیە و ڕادیکاڵە، بۆی هەیە زووتر دەنگدانەوەی هەبێ. دەنگدانەوەکەش دەکرێ بێژین نەرێنیە، چونکو کۆمەڵگە بەتەواوی لەگەڵی دژە. دژایەتیەکەش دەگەڕێتەوە بۆ نەگونجانی لەگەڵ زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگە. ئەگەر بچینە بنج و بناوانیشی کە بۆچی ئەو کەسانە ئامادەن ئەم دژایەتییە بۆخۆیان بکڕن، لەوانەیە بچێتە نێو باسێکی دەروونناسییەوە کە لە توانای نووسەری ئەم بابەتەدا نییە.
• دوو: ئەم قۆناخە لە فێمنیزم، زۆرترین دروشم و کەمترین کردەوەی هەیە. دەکرێ زەوی و زەمان بکەی بە دوژمن بەبێ ئەوەی یەک بەڵگەشت هەبێ. دەکرێ هەموو کەس و نەریت و یاسایەک بە تاوانبار بزانی، بە بێ ئەوەی هیچ ئالترناتیڤێکت هەبێ. بۆیەش دروشم و قسەی زۆر و کرداری کەمی دەوێ کە ئەمە بۆ زۆر کەس سانایە. ئیتر لێکەوتەکانی لەسەر خودی فێمینیزم و کۆمەڵگە چ دەبێ، پێموانیە بۆ ئەوان گرنگ بێ.
• نەبوونی ناسیاوی لە کۆمەڵگەی کوردستان و سەرهەڵنەدانی ئەم بیرۆکە ڕادیکاڵە بەبێ سەرنجدان بە قۆناخەکانی گەشەی کۆمەڵگەی کوردستان و ویست و ڕیزبەندییەکانی ویستی ژنی کوردستان.
• هەبوونی دەستی نەیار و داگیرکەر لە هەندێک ڕەوتدا کە ئەمەیان ئاشکرایە کە داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە و هەوڵ دەدەن هەموو شت و ڕەوت و ڕێبازێک بۆ لێدانی کوردستان و کورد بقوازنەوە. دەکرێ بڵێین بۆ ئەم لایەنەیان، ڕژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا، هەناردەشی کردووە. دەکرێ بەناوی بەرگری لە ژنی کورد، هێرش بکەیتە سەر نەریت، کۆمەڵگە و پیاوی کوردستان و بەبێبایەخ و هیچی بناسێنی لە کاتێکدا کە خۆشت بە خەمخۆری پیشان دەدەی. ئەمەیان شەڕی نەرم و ڕەوانیە و دەشێ کۆمەڵگەی کوردستان لێی وشیار بێتەوە.
لایەنی دووهەم:
تێکەڵاوبوون و ژیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ڕۆژاوای جیهان، نەک هەرزۆرینەی ڕەهای ژنانی کوردی تاراوگەی بەرەو نەریتە دێموکراسییەکان نەگۆڕیوە، بەڵکوو حەز بە دوو بابەت، وەهای کردووە کە لەناو دڵی وڵاتانی ڕۆژاوای جیهان، ژنانی کورد بە نەریتی هاوردەی ١٥٠٠ ساڵ لەوەی پێش بجووڵێنەوە کە ئەمیان خەمی سەرەکیی نووسەرە و هەمیش کەلێنی نێوان فێمینیزمی کوردی و ژنی کورد لە هەندەران دەردەخات. تۆ بێژی ئەم کەلێنە لەگەڵ ناوخۆ چلۆن بێت؟
دوو بابەتەکە کامانەن:
یەک: گەڕانەوە بۆ ناوخۆ و سەردانی خزم و کەس و لە ئەنجامدا هەوڵدان بۆ ئەوەی بیسەلمێنن لە هەندەرانیش مسوڵمانانە دەژین. ئەم پرسەیان زۆرتر باشوور و باکووری کوردستان دەگرێتەوە، کە ژنێکی زۆری کوردی ئەم دوو پارچەیە لە هەندەران، خەریکن دوو سیما لە خۆیان دەخەنە ڕوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئەم سیمایەی کە باشووری کوردستان حەزی پێیەتی، بەسەریاندا زاڵە و سیمای هەقیقیە، خەریکن یەکجار زیادەڕەوی دەکەن، بە جۆرێک کە تا ئێستا لە چەند وڵاتی ئورووپایی، داوایان کردووە کە بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز بە جیا بگیردرێ و ژن و پیاو لە یەکتری جیا بکرێتەوە، تەنانەت بەشێکی زۆر ڕایانگەیاندووە کە تاکە مەرجی بەشداری کردنیان لە ئاهەنگی نەورۆز جیاکردنەوەی ژن و پیاو لە ئاهەنگەکە و لە دوو کات یان شوێنی جیاوازە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە کوردستان نیشتمانی سەرهەڵدان و هەبوونی حەفسەخانی نەقیب، مینا خاتوونی قازی، قەدەم خەیر، عادیلە خانمی هاوسەری ئۆسمان پاشای جاف، رابیعە خانمان بۆ دەكات كە سەرگەورەی نانەواكان بووە لە شاری سلێمانی، لەیلا قاسم، لەیلا زانا، مەستوورە ئەردەڵان، مەیرەم خان، ئایشە شان، زارا محەممەدی، زەینەب جەلالیان
وەک نموونەش، باوكی مێژوونوسانی كورد شەرەفخانی بدلیسی باسی دەوڵەت خانمان بۆ دەكات كە لە ساڵی 1316 – 1317 زاینیدا لە میرنشینی لوری بچوك لە دوای مردنی هاوسەرەكەی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. باسی ئەوەشمان بۆ دەكات كە لەو دەڤەر و كۆمەڵگە خێڵەكیە سەردارانی هۆز و خێڵەكان لەو سەردەمەدا ئامادە نەبون مل بۆ دەوڵەت خانم بدەن و ئەویش بەناچاری دەستی لە دەسەڵات هەڵگرت بۆ میر عیزەدین حوسێنی برای. هەروەها شەرەفخان باسی حەلیمە خانی هەكاری و كوێخا نێرگزی شوانمان بۆ دەكا كە لە نێو كوردەكانی ئەو دوو دەڤەرەدا نێوبانگیان دەركردبوو.
یان خانزاد خانی خوشكی میر سلێمان فەرمانرەوایی میرنشینی سۆران، لەو كاتەی كە هەریر پایتەختی ئەو میرنشینە بووە و دوای ئەوەی والی بەغدا میر سلێمان دەكوژێ. ئەو خانمە میرزادەیە وەكو ئەمیرەی سۆران لە مێژوودا نێوی دەركردوە و بە وتەی مێژوونووسان گەلێ شوێنەواری لە دوای خۆی بە جێهێشتوە، كە بە نێوی خۆیەوە ماونەتەوە، وەكو پرد، مزگەوت و قوتابخانە. تا ئێستاش شوێنەواری كۆشكی خانزاد لە هەریر ماوە.
لە کۆتاییدا ئەم ڕەوتە پێچەوانەیە کە لەناو ژنانی کورد لە هەندەران سەری هەڵداوە و بەرەو گەشە سەندنە، جێگای مەترسییەکی مەزنە.