شەونم هەمزەیی
لەمێژ ساڵە بزووتنەوەی مافخوازیی ژنان لە ئێران چ لە چوارچێوەی تاک و سەربەخۆ و هەم لە شێوەی ڕێکخراو و کەمپەیندا ئەمری واقعە و لە ڕاستیدا وەک هێزێکی شوێندانەری کۆمەڵایەتی خۆی دەردەخا.
ئەم ڕەوتە لە کوردستان هەم لە مێژە دەستی پێکردوە و هەم ژنانی کورد ڕچەشکێنی زۆر لەو تابۆشکێنییانەن. لەمێژ ساڵە ژنان لە کوردستان بەشێکی دانەبڕاو لە چالاکییە مەدەنی، فەرهەنگی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانن و لە ڕێکخستنی بۆنە و ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان، لە گرینگیدان بە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی دیار و تەنانەت لە هەندێ بواردا پێشەنگن و لەمێژە سەلماندوویانە کە شوناسخواز و مافویستن و لە مەیدانی کردەوەشدا خاوەن کەسێتیی بەهێز و شوێندانەر و بەفیکر و خەللاقن کە بێگومان لەو نێوەدا شوێنپەنجەی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات بە ڕوونی دەردەکەوێ.
یەکێک لە شانازییەکانی کۆماری کوردستان بۆ ژنان، بەخشینی هۆوییەت و شوناسێکی دی بە ژنان بوو. بەزۆرەملی کردنی خوێندن بۆ کچان، دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان و بەشدارکرنیان لە گەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەرگای دنیایەکی نوێی بەڕووی ژناندا کردەوە.
کۆمار لەڕووی بەشداریی ژنان لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا پلەی زۆر پێشکەتووخوازانەی هەبووە و ئەوەش تەنیا وەک دروشم ناکرێ ببیندرێ، نموونەکەشی دوو خاڵی گرینگە، یەکەم کاتێک باسی بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا دەکا کەمتر لە دوو مانگ دوای کۆمار یەکیەتیی ژنان دادەمەزرێنێ. دووهەم ئەوەیکە یەکێک لە بنەماکانی کۆمار هاندانی خەڵکە بۆ ناردنی کچان و کوڕان بۆ قوتابخانە و دەرس خوێندن؛ بە واتایەک کۆمار رێگای خۆپێگەیاندن بۆ کچان وەبەرچاو دەگرێ و لەو بوارەشدا کاتێک ئاماژە بە دیاریکردنی سزا دەکا بۆ ئەوانەی سەرپێچی لەو بریارە دەکەن، خۆی مانای ئەوەیە کە ئەم بریاڕە وەک دروشم نابینێ؛ بەڵکوو مەبەستی پەروەردە و گەشەسەندنی کۆمەڵگەیە. کۆمار بە بیانووی دواکەوتوویی کۆمەڵگە ناترسێ لە بڕیاردان و ناڵێ ئەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردەواری زوویە. کاتێک لە پێشەوا سەبارەت بە مافی دەنگدانی ژنان پرسیار دەکرێ، تەواو بە ئەرێنیی وەردەگرێ.
هاتنە دەرەوەی ژن لە ماڵ و کۆکردنەوەی ئەوان لە ساباتی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژناندا، یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتەکانی کۆمار و شوێندانەرترین دەسکەوت بووە لە سەر مێژووی بزووتنەی ژنانی کورد. هەبوونی ژن لە دامودەزگای بەڕێوەبەری و ناوەندی بڕیاردانی هەر وڵاتێک بەستراوەتەوە بە جێگە و پێگەی ژن کە لە نێو کۆمەڵگەی ئەم ولاتەدا هەیە. لە کوردستانی ئەو کاتی ئێمەدا، ژن جێگەوپێگەیەکی تایبەتی لە نێو کۆمەڵگەدا نەبووە، بێجگە لە ڕۆڵی دایکێکی دڵسۆز، هاوسەرێکی بەوەفا و، خوشکێکی باش و یان ژنێکی سەرسپی و جێگای ڕێز، بۆیە ئۆرگانیسەکردن و بەڕێکخراوەیی کردنی ژنان لە کەش و هەوای ئاوا داخراو نیسبەت بە ژنان کارێک و هەنگاوێکی ئاسان نەبووە، بەڵام پێشەوای نەمر بۆ جێخستنی ئەم دەستپێکە لە بنەماڵەی خۆیەوە دەستی پێکرد.
لەگەڵ ئەوەی کۆمار ڕووخسارێکی پیاوانەی هەبوو، بەڵام دەبێ دان بەم ڕاستییە دابنێین کە کۆماری کوردستان دەرگای ڕووناکیی بە ڕووی ژنی کورددا کردەوە و ژنی کورد دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان و هەروەها گۆڕانی شێوەی ڕوانینی کۆمەڵگەی کوردەواری نیسبەت بە ژن وەک دەستپێکی ڕێگایەکی دوور و درێژ بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای خۆیان، بە دەسکەوتی کۆماری کوردستان دەزانن.
گوتاری سەرەکیی کۆماری کوردستان شوناسخوازیی نەتەوەیی بووە کە بووەتە هەوێن و چرای بزووتنەوەی سیاسی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و کاتێک کە کۆماری کوردستان بە گوتاری شوناسخوازیی نەتەوەیی یارمەتیدەری دامەزراندنی ڕێکخراوی ژنان دەبێ، بە دڵنیایەوە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەیەش شویندانەریی ئەم گوتارەی نەک هەر پێوە دیارە بەڵکوو بووەتە گوتاری سیاسیی ئەم یەکیەتییەش و هەر لە سەرەتای هاتنەدەرێی ژنی کورد لە ماڵ بۆ کاری ڕێکخراوەیی تا ئیستا دوو ئامانجی پێکاوە، یەکیان ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی بەڕێوە ببا بۆ گەیشتن بە ڕزگاری نەتەوەیی، ئەوەی دیکەیان دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی لە نێو کۆمەڵگەدا. ئەم دوو ئامانجە ئێستاش سەرنجی ژنی کورد ڕادەکێشێ و درێژەدەری خەباتی پێگەیشتن بەو دوو ئامانجەن. بۆیە نەوەکانی دوای کۆماریش وەک هەموو ڕەوتی دیکەی ژیان لە هەلومەرجی تایبەتدا گۆڕانکارییان لە شێوەی تاکتیک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هێناوە، بەڵام لەم ئامانجە پیرۆزەیان دوور نەکەوتوونەوە.
لەگەڵ ئەوەی ژنی کورد لە ناوەندی بڕیارداندا کەمن، لەگەڵ ئەوەی هەبوون و بەشداربوونیان لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی، زانستی و ڕاگەیاندن لە پیاوان کەمترن، بەڵام ژنی کورد خۆی پێگەیاندووە، ژنی کوردی ڕووناکبیر، ئاکادێمیسێن، سیاسی، ناسیۆنالیست، فێمێنیست، سێکۆلار و بەرێوبەر هەیە؛ کەواتە دەکرێ بڵێین ئەگەر ئەمڕۆ ژنی کورد لێدوان دەدا و لە سەر باسێک ئانالیزە و لێکۆڵینەوە دەکا، نە فێرکراوە و نە کۆپی دەکا؛ بەڵکوو لە ئاست توانایی و پێگەیشتنی خۆیدا قسە دەکات. ژنی کورد، پێش هەموو شتێک ئەگەر خۆی بە کورد پێناسە کرد و شانازیی بە کوردبوونی خۆی کرد، ئەرکێکی تایبەتی لە پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەی نوێ دەکەوێتە سەر شان. شوێندانەریی گوتاری نەتەوەیی کۆماری کوردستان هەر بۆ نیوەی کۆمەڵ واتە ڕەگەزی پیاو نەبووە، بەڵکوو بۆ هەموو کۆمەڵگە بووە، بۆیە ژن لە دەربڕین و هەستپێکردنی ئەم گوتارە نەتەوەییە بێبەش نەبووە. شوناسی ژنی کورد شوناسی کوردی ڕەسەنە، بەڵام هاوکات خۆی لە تێگەیشتنی چەمکە زانستییەکانی دیکەی گرێدراو بێبەش نەکردووە و ژنی کورد زۆر باشتر لە پیاوانی کورد توانیویەتی چەمکی بایەخداری وەک ناسیۆنالیزم، فێمێنیسم و سێکۆلاریزم لە شوناسی خۆیدا بە یەکەوە ببەستێتەوە.
ئەو ڕەوتە لە دوای کۆماری کوردستان و بە درێژایی مێژووی حیزبی دێموکرات و خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر درێژەی هەیە و خەبات بۆ وەدیهێنانی ویستەکانی ژنان درێژەی هەیە؛ ئەمەش لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت لە دەیەی کۆتاییدا بەتەواوی بەرچاوە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە زۆر بواردا تەنگی بە بەشداریی ژنان هەڵچنی، لە بواری سەپاندنی پۆشتەبوون، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆدیتنەوە لە کایە سیاسی و ئابوورییەکاندا. ئەو قۆرغکردنە سیستماتیک، واتە بەپێی یاسای نووسراو و نەنووسراو بوو بە کڵێشەیەک و لادان لەوان تابۆشکێنییەک کە تێچووی زۆری بۆ ژنانی لادەر و تابۆشکێن هەبوو.
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زراوی چووە لەوەی بەهۆی پێشەنگایەتیی ژنانەوە و مەیدانداریی لیدێر و کەسایەتییە دیارەکانی بزاوتی ژنانەوە، ماتەوزەی شاراوە و نووستووی نیوەی کۆمەڵگە ببێتە هێزێکی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕانکارییەکان.
ژنان لە خەزەڵوەردا بە بەشداریی بەرینیان لە خۆپیشاندانەکاندا و لە ڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و لە دوای شۆڕشیش دەریان خست کە ترسی ڕێژیم لەخۆڕا نییە، چونکە ژنان نەک وەخۆ هاتوون؛ بەڵکوو هاوار دەکەن کە چیدی قایل بەو پێناسەیە نین دەسەڵات بۆی کردوون و ماف و داوای خۆیان هەیە و ئامادەن باج و تێچووشی بۆ بدەن. ئەوان بە سووکایەتی بە شعووری خۆیانی دەزانن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە و لە ڕوانگەی کڵێشە ئایینی و چوارچیوە قانوونییەکانەوە وەک ڕەگەزی لاواز بناسرێن کە توانای بڕیاردان لەسەر چارەنووس و ڕاوەستان لەسەر لاقی خۆیانیان نییە. ئەوان نایانەوێ چیدی ڕەگەزی دووهەم، هاووڵاتیی پلە چەندەم و نوقستان لەڕووی عەقڵ و ڕامانەوە بن! ئەم دەنگ هەڵبڕینە و ئەم هاتنە مەیدانە بەرهەمی زیاتر لە چوار دەیە سەرکوت و پاشگوێخستنە، لێکەوتەی زیاتر چوار دەیە هەڵاواردن و نەدیتنە و ئەوان پشکۆی گەشاوەی بن خۆڵەمێشی بیرچوونەوەی دەیان ساڵەن. ژنانی نێو گۆرەپانی ناڕەزایەتییەکان فریوخواردووی وڵاتانی بیانی نین، بەڵکوو گڕکانی وەڕێکەوتووی زیاتر لە چوار دەیە کپکراوی مافویستیی نیوەی کۆمەڵن.
ئەمڕۆکە ماتەوزەی پەنگخواردووی زیاتر لە ٤٠ ساڵ سەرکوتی ژنان خراوەتە ڕێرەوی گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەی بەرگژە دروستکردن بۆ ڕێژیمێک کە تا سەر ئێسقان دژی ژن و مافەکانیەتی. ژنان لێ براون کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە گۆڕینی چارەنووسی خۆیان و ئێراندا هەبی و لەم مەیدانەشدا براوە و سەرکەوتوو دەبن.