نەسرین یوسفزادە
ئەوەی کە ڕاپەڕینی ژینا یان بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە شۆڕش نێو بێنین دوای ئەوی کۆتایی پێ هات کەمێک ئەستەمە. چونکە شۆڕشەکان زیاتر بەوە ناسراون کە ئاکامەکەی دەبێتە ڕووخانی دەسەڵات و سیستمە سیاسیە زاڵەکان و دەسەڵاتی تازە دەبێتە جێگرەوەی و سیستمێکی نوێ بەڕێوە دەچێ، کە ئەوە دوای چەندین مانگ شەڕ و شەهیدبوونی چەندین کەس لەو بزووتنەوەیە ئێستاش ئەو ڕێژیمە لەسەر کارە و جێگرەوەیەکی نەبووە. بۆیە تەنیا دەکرێ بە ناوی جووڵانەوەیەکی مێژوویی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی لێ بکەین، کە ئاکامەکەشی لەو نەورۆزەدا هەم پێش نەورۆز لە بەناو هەڵبژاردنەکان و هەم لە گرتنی پڕ شکۆی نەورۆزی مەشخەڵانی ئازادی لە هەموو کوردستان و لە هەڵوێستی خەڵک بە نیسبەت هەموو ئەوەی دەوڵەت دەیهەوێ و هەموو ئەوەی حیزبەکانیان دەیانهەوێ دەردەکەوێ، کە ئەگەر جووڵانەوەی ژینا ناوی شۆڕشیش نەبێ و بە ئاکامیش نەگەیبێ و گۆڕانکاریەک لە سیستمی سیاسی ڕێژیم پێک نەهاتبێ سەنگ و قورسایی ئەو ڕێژیمە چەندە و خەڵک تا چەندە دڵی بە مانەوەی ئەو سیستمە دەسەڵاتداریە خۆشە!
ئەوەی لە نەورۆزی ٢٧٢٤ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بینیمان، نیشاندەری شۆڕشێکی بە شکۆی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو. شۆڕشێکی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانە کە نەوەک بە چەک و شەڕ و کوشتن بەڵکوو بە چۆپی کێشان و شایی و شادی و هەڵکردنی ئاگری نەورۆز بەدەستی بنەماڵەی شەهیدان لە گەورەترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دژایەتی ئەو سیستمە و ویستەکانیان کرا. ئەگەر بە ڕواڵەت بزووتنەی ژینا نەیتوانی لە ئێراندا سەرکەوتوو بێ و تا ئێستا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەر لەسەر کارە، لە کوردستان لانیکەم لەحاڵی سەرکەوتندایە و خەڵکی کوردستان بە هەر بیانوویەکی کە دەستیان دەکەوێ و دەتوانن (نا)یەکی توند بەو دەسەڵاتە دەڵێن.
ساڵی ڕابردوو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووداوگەلێک ڕووی داوە کە جێی تێرامان و سەرنجن. یەکێک لەو ڕووداوانە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو بوو، کە لە هەموو ئێران و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شانۆیەکی گاڵتەجاڕانە ناسرا. هۆکارەکەشی بەشداری نەکردنی زۆربەی زۆری خەڵک بوو لەو بەناو هەڵبژاردنانە و لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو کە کاربەدەستانی ڕێژیم دەست بە داوێنی نەخۆشخانە ڕەوانییەکان، ساڵمەندان و تەنانەت زیندانەکان بوون هەتاکوو سندووقە بەتاڵەکانیان پڕ بکەنەوە و تەنانەت سندووقیان بە نێو شاردا دەگێڕا و ماڵ بە ماڵ لە دەرگای خەڵکیان دەدا و بەشکوو بە خواهیش و تەمەنا و لێ پاڕانەوە دەنگی خەڵک بۆ ڕەواییدان بەو ڕێژیمە نگریسە وەرگرن، کە بە خۆشییەوە ئەوەی براوەی ئەو شانۆیە بوو خەڵک بوون.
چەند ڕۆژ دوای ئەو بەناو هەڵبژاردنانەی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە کوردستان نەورۆزی مەشخەڵانی ئازادی دەستی پێکرد و هەموو کوردستانی گرتەوە لە سەرتاسەری دێهات و شارەکان کوڕان و کچان بە کەواو پاتۆڵی خاکی و جامانەی ملیان و کراسی هەوری و جامانە کە نماد و نیشانی پێشمەرگەیە گەڕی شایی و چۆپیان گێڕا. بنەماڵەی شەهیدان چۆپیکێشی شایی و هەڵپەڕکێەیەکان بوون و بە دڵێکی پڕ لە پەژارە و هەستێکی پڕ لە تووڕەیی بە چۆپی کێشانیان ڕەزمی شەڕ نەوەک بەزمی شادیان گرت، مەشخەڵی ئاگری نەورۆز بەدەستی بنەماڵەی شەهیدان لە هەموو شار و دێهاتەکان هەڵکرا.
ئیتر ئەوە کە ژنان و کچان لەو هەڵوێستە گەورانەدا چەندیان دەور و ڕۆڵ هەیە و چۆن هاوبیر و هاوهەڵوێستی باوک و برا و کەس و کاریان بە جلی ئاڵ و واڵا و جامانە و هەوری و وەلانانی حیجابێک کە بە سەریاندا سەپاوە دەمەلاسکەی ئەو ڕێژیمە دەکەن گرینگیەکی بەرچاوی هەیە، ئەوەی دایکی شەهیدان لە هەر بۆنەیەک پەیامی خۆیان دەگەیەنن و هەر بۆنەیەک دەکەنە بیانوو بۆ ئەوەی لەیەکتر کۆبنەوە و هەموو جارێک وەبیر ئێمەش و خۆشیان بهێننەوە کە ئەگەر شۆڕشێکیش لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕووی نەدابێ لانیکەم خوێنی کەسانێک ڕژاوە کە خۆشەویستی ئەوان بوون و ئەوانن کە ناهێڵن ئەو خوێنانە بە فیرۆ بڕوا و بە دڵنیاییەوە هەتا ئەو دایکانە مابن و ڕێبەرایەتی ئەو بزووتنەوەیە بکەن نە خوێنی شەهیدەکان ون دەبێ و نە ورەی لاوان و کچانی شۆڕشگێڕ دادەبەزێ.