ڕۆژی هەینی ٨.٣.٢٠٢٤ بە بەشداری زیاتر لە ١١ ڕێكخراوی جیاواز، بەرنامەیەک بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان بەرێوە چوو.
سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە بە زمانی نۆروێژی وێڕای بەخێر هاتنی بەشداران، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە لە ژنانی دنیا بەگشتی کرا.
پاشان جێگری شارەوانی لیللەسترۆم خاتوو”لیندا” بە ئاماژە بە هۆی ناونانی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی ژنان قسەکانی خۆی دەست پێکرد و پاشان چووە سەر مێژووی پڕ لە چەوسانەوەی ژنان. ناوبراو هەر وەها باسی نەبوونی مافی یەکسانی لە نێو کۆمەڵگادا کرد و خەباتی ژنانی بۆ لابردنی ئەو چەوسانەوەیە بەرز نرخاند و ئاماژەی بە چەند خاڵی گرینگ، وەك نەخۆشیە دەروونیەكان و ئاسانكاری بۆ ژنانی نەوەتەوە جیاوازەكان لە شارەوانی لیللەستڕۆم كرد.
لە درێژەی ئەو بڕگەیەدا خاتوو لیسما باسێكی لە سەر توانایی ژنان و هەوڵدان بۆ خۆپێگەیاندن كرد. هەروەها دوو خاتوونی سودانی بە زمانی نۆروێژی و عەرەبی باسێكیان لە پێوەندی مێژووی ژنانی سودان و رۆلیان لە شەڕدا پێشكەش كرد.
لە بڕگەی دووهەمی بەرنامەكەدا كە بەشێوەی پانێل و بە سەرپەرشتی خاتوو “نینا لانكفێلد”
بەرپرسی بەشی كولتووری لیللەسترۆم بەڕێوە چوو، هەر یەك لە بەڕێزان ”خاتووزین ئالی بەرزەنجی، ئۆلیوارە تودوریویك، ماجیا كولوویك و ماشاڵ ئەحمەدزی لە چەند برگەی جیاوازدا باسیان لە سەر نەخۆشیە دەروونییەكان و سڵامەتی ژنان كرد.
کە لە لایەن بەشدارانەوە بەگەرمی پێشوازی لێ کرا.
لە بڕگەی سێهەمی بەرنامەكەدا خاتوو “گوڵان هیجری” ئەندامی یەكیەتیی ژنانی
،دێموكراتی كوردستانی ئێران
باسێكی لە سەر مێژووی یەكیەتیی ژنان و خەباتی نەتەوەیی پێشكەش كرد و قسەکانی بە پیرۆزبایی کردنی ٨ی مارس لە هەموو مرۆڤێکی یەکسانیخواز دەست پێکرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێمەی ژن دەبێ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان بدەین.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە گەورەترین بەربەست و کێشە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیستمی بەڕێوەبەریی حکومەتیی کۆماری ئێسلامییە و هەروەها مەزهەب دەکەنە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی ژنان و کردنیان بە ” ڕەگەزی دووهەم” .
هەروەها وتی: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە درێژایی مێژوو بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی و مافی یەکسانی هەوڵیان داوە و بۆ گەیشتن بەو مافانە هاوتەریب خەباتیان کردووە.
خاتوو گوڵان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:
یەکیەتیی ژنان ڕۆژی جیهانی ژن دەکاتە هێمایەک بۆ داکۆکی لە ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی بزوتنەوەی ژن ـ ژیان ـ ئازادی
هەر بەداوی قسەكانی خاتوو گوڵان هیجریدا، خاتوو “ناتالیا” بەرپرسی ژنانی ئۆكراینی باسێكی لە سەر رۆڵی ژنی ئۆكراینی لە شەردا پێشكەش كرد.
شایەنی باسە كە زیاتر لە ٣٨٠ كەس بەشداری ڕێوڕەسمی ٨ی مارسی ٢٠٢٤ بوون، و ئەندامانی یەکیەتیی ژنانیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە هەموو بڕگەکاندا چالاکانە بەشدار بوون.
كۆمیتەی دەرەوە و نۆروێژی یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
٨.٣٠٢٠٢٤ی زاینیی