نەسرین یوسفزادە
لەو ماوەیەدا دەنگۆی هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی مەجلسیی شووڕای ئیسلامی باسی سەرزارانە و بەبەردەوامی لە زۆربەی میدیا و سوشیاڵمیدیاکاندا باسی لێ دەکرێ. و لەنێو کەسانی پاڵێوراو بۆ ئەو شانۆ گاڵەتەجاڕە چاومان بە وێنە و بەنێری ژنانیش دەکەوێ کە وادیارە مان و مانەوەی ئەو حکوومەتەیان بە قازانجی خۆیان دەزانن، ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنیا کەمتر لە دوو ساڵ لەوەپێش بوو لە بزووتنەوەیەکی ڕەوا و دروست بۆ نامانی یەکجاری ئەو ڕێژیمە لە ژێر ناوی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) لە ئارا دابوو.
دەبێ لێرەدا پرسیار لەو ژنانە بە تایبەت ئەوانەی کە لە کوردستان خۆیان پاڵاوتووە، بکرێ کە چۆنە ئاوا هەڵوێستیان گرتووە و بڕیاریان داوە یارمەتی مانەوەی ڕێژیمێک بدەن کە تەنیا ناهێڵێ جلەکانیشیان بە دڵی خۆیان بپۆشن و ئێستا بۆ بەرژەوەندی خۆی ئیزن دەدا بە جلی کوردی و جامانەیەک کە ساڵ و نیوێک پێش ئێستا بە هەرکەسی ببینیبایە قەسدی سەری بوو ئێستا چۆنە دەهێڵێ ئەو شانۆ گاڵتەجاڕەی وەڕێی خستووە بە ئەو جلانە و ئەو جامانەوە بێنە دەرێ و ریکلام بۆ ئەو شانۆیەیان بکەن؟
دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی ڕابردووە ڕێک ئەو کاتەی کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و خومەینی دەجاڵ هات و هەموو شۆڕشەکەی بە ناوی خۆی تەواو کرد و هەرچی ئازادییە لە خەڵکی هەستاند کە ئەو کاتیش دوو دەستە لە خەڵک (نا)یەکی بەرزیان بەو ڕێژیمە گوت. یەکەمیان خەڵکی کورد لە هەڵبژاردنە شانۆییەکەی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی ئێران (یان کۆماری ئیسلامی، یان کۆماری ئیسلامی) کە هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەی نەبوو بەشداریان نەکرد و دووهەم دەستە ژنان بوون کە لە ٨ی مارسی ١٩٧٩دا بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان (نا)یەکیان بە دەوڵەتێک گوت کە لە یەکەم ساتەکانی هاتنە سەرکاری خۆی دەستی کردبوو بە پێشێل کردنی مافەکانی ئەوان و خەریک بوو دەیگوت ژنان یان لە ماڵ نابێ بێنە دەرێ یان خود دەبێ بەو شێوازەی کە من دەمهەوێ و ئیزن دەدەم دەبێ دەرکەون، مافی زۆر لە کارەکانی وەک سەرۆکی دادگا، و کارە حکوومەتییەکان و هتد… کە ژنان و پیاوان دەتوانن و بۆیان دەکرێ لێ زەوت کردن. ئەوانیان لە شوێنە گشتییەکان، ئیدارە و خوێندنگەکانی لە یەک جیا کردەوە و ژنانە و پیاوانەی کردن و ئەوە بوو بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی ٨ی مارسی ١٩٧٩(١٣٥٨)ی ژنان لە ئێران.
مێژووی ٨ی مارس خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی و ڕوبەڕوبونەوەی ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین لە ساڵی ١٨٥٧ لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا.
کاری زۆر و سەخت لەگەڵ کرێی کەمی کرێکارانی ژن لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەیەم و سەرەتای سەدەی بیست، وای لە ژنان کرد کە ناڕەزایی دەرببڕن لەبەرامبەر بەدەستھێنانی مافەکانیان هەر ئەو ڕفتارەی کە ئێستا و لە سەدەی ٢١دا ڕێژمی کۆماری ئیسلامی و کار بەدەستانی خەریکە لەو ٤ دەیەیەی کە لەسەر کارە مافی خەڵکی ئاسایی خواردووە و هەتا توانیوێتی و دەتوانێ خەڵک و بەتایبەت ژنان لە جیهانی کار و سیاسەت دا پەڕاوێز دەخا و وەک لەسەرێ باسمان کرد ئەگە چەند ژنێکیش هەبن ئەوە شانۆگەری شانۆیەکی گاڵتەجاڕانەن کە خۆیان نمایشی دەدەن .
لە ڕۆژی ٨ی مارسدا کرێکارانی ڕستن و چنین لە کارگەیەکی گەورەی پۆشاکدا بەرامبەر سەختی کارەکەیان و کەمی مووچەکەیان و خراپی باری داراییان ناڕەزاییان دەربڕی، ئەم ناڕەزاییە بەشێکی زۆری ژنانی ئەم کارگەیەی گرتەوە و بەردەوامی ھەبوو. ئەوە لە ئێران دا و بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا بە چەند شێوە لە کارگە و کارخانەکان دووپات بووەتەوە کە یەک لە نموونەکانی کارخانەی پترۆشیمی ئیسفەهان بوو کە بوو بە هۆکاری ناڕەزایەتی دەربڕینی دەیان کەس و بێکار بوونیان و خاڵی بوونی سفرەی نانیان لە کاتێکدا کە سێحەبانی ئەو کارخانانە بە دزی و ئیختلاس بێ ئەوەی لە گوڵ کاڵتریان پێ بگوترێ لە ئەو پەری ئاسایش دا دەژین.
کۆماری کوردستان بە لە سێدارەدانی پێشەواکان و گرتنی ڕێبەرانی سیاسی ئەوکاتی کورد بۆ ماوەیەکی کاتی نەما بەڵام ئەو تۆوەی کە لە دڵی خەڵکی کوردستان دا چاندرا کە ژن پێویستە لە ماڵ بێتە دەر و لە دنیای زانست و فێر بوون و فێرکردندا لە کۆمەڵگەدا هاودەنگ و هاو هەڵوێستی پیاوان بن هەتا ئێستا نەبڕاوە و هەر بەرداوام بووە و دەیان و سەدان داری هیوای لێ شین بووە.
ئەو کۆمارە مۆدێڕنە بە دەستی حەمەرەزای پاڵەوی ڕووخا و پێشەوای مەزن بەدەستی ئەو لە سێدارە درا. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە کۆتاییەکانی حکوومەتی قاجارەکاندا، زۆربوونی هاتوچۆ بۆ ڕۆژاوا، چوونەسەری ڕادەی خوێندەواری، پەرەئەستاندنی شارنشینی و گۆڕنکارییەکانی دیکەی ئابووری و سیاسی، هەلومەرجی کۆمەاڵیەتی و فەرهەنگی تا ڕادەیەک بە قازانجی باشتربوونی وەزعییەتی ژنان گۆڕی، بەڵام ڕەزا شا لە سەردەمی دەسەڵاتداری خۆیدا بە هۆی ڕێکخستنی نوێی ئێدارەی، پەرەپێدانی سەنعەت و زانستی جۆراوجۆر، لاوازکردنی دەسەڵاتی ئاخوندەکان ” کشف حیجاب” )بە پەیڕەو کردن لە ئاتاتورک( و خوێندنی ژنان و کچان لە خوێندنگە و زانستگەکاندا و … وەزعییەتی ژنانی بە نیسبەت کۆتاییەکانی سەردەمی قاجاڕەکان بەرەو بارودۆخێکی باشتر برد؛ بەڵام لەم نێوەدا ژنی بێحیجاب کە لە ئاکامی “کەشفی حیجاب” واتە فڕێدانی حیجاب بە بڕیاری حکوومەتەوە بواری بۆ ڕەخسا بوو، وەک سەمبولی ژنی مودێڕن پیشان دەدرا. فڕێدانی حیجاب بۆ تەواوی ئەو کچ و ژنانەی کە لە ئێدارە و دەزگا دەوڵەتی و گشتییەکاندا کاریان دەکرد، ئیجباری کرا و تەنانەت لە زۆر شوێندا زووری لە ژنان کرا تا سەرباشقە )الگو(ی “ژنی نوێخواز” ڕەچاو بکەن، دامودەزگا تەبلیغاتەکانی ڕێژیم بۆ ئەو سەمبولە ڕەواڵەتییە )شێوەی جلک پۆشین و ئاڕایشکردن( پەیتاپەیتا پڕوپاگەندەیان دەکرد. نکۆڵی لەوە ناکرێت کە سەپاندنی کەشفی حیجاب سەرەرای لایەنە مەنفییەکان، ڕێگای بۆ زۆر لە کچان و ژنان خۆش کرد تا ڕێگای فێربوون و ڕاهێنان بگرنە بەر و بەهرە و توانایییەکانی خۆیان تاقی بکەنەوە، بەڵام ئەم بەشە لە کچان و ژنان لە لایەک فشاری حکوومەتیان لە سەر بوو، دەبوایە النیکەم لە هەڵسوکەوتی ڕواڵەتیان دا بە پێی دڵخوازی ئەوان جوواڵبایەنەوە و لە لایەکی دیکەوە دەکەوتنە بەر لۆمەی هەندێک لە ڕووناکبیرانی ئەو کات کە دیاردەی داسەپاوی “کەشفی حیجاب”یان وەک دیاردەی ڕۆژاوا لەقەڵەم دەدا و ژنی بێحیجابیان وەک سەرباشقەی ڕۆژاوا )الگوی غرب( و دیاردەی “کەشفی حیجاب”یان وەک خۆراواچییەتی )غربزدگی( پێناسە دەکرد. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە بە هۆی دەرکردنی فەرمانی کەشفی حیجاب لەلایان ڕەزا شاوە، حەشیمەتێکی زۆر لە کچان و ژنانی وڵاتەکەمان هەروا نەخوێندەوار مانەوە، چونکە بە هۆی نەریتی ئەو کات و قەبووڵ نەکرانی دیاردەی داسەپاوی کەشفی حیجاب لە لایەن بنەماڵەکانەوە، زۆر لە بنەماڵەکان لە ناردنی کچان و ژنان بۆ قوتابخانە خۆیان بوارد.
وەک باسم کرد ڕێژیمی خومەینی لە ٢٨ی خاکەلیوەی ١٣٥٨ بە هەڵبژاردنێکی نافەرمی کە تەنیا هەڵبژاردەکەی کۆماری ئیسلامی بوو و هیچی تر و ئەوە دوای رووخانی ڕێژیمی پاشایەتی پاڵەوی بە دەستی هەموو گەلان و دەستە و تاقم و حیزبەکان بە هەموو بیر و باوەڕەکانی سیاسی و ئایینی بوو کە وەک گوتمان خومەینی و دار و دەستەکەی لە خەڵکیان دزی و بە ناوی خۆیان ناودێریان کرد.
کوردستان لە چەندین ساڵ پێشەوە و لەو کاتەوە کە بە دەستی دەوڵەتان لێک بڵاو کراو دابەش کرا هەوڵی سەر یەک خستنەوە و وەرگرتنی مافی خۆی هەبووە و کۆماری کوردستان لە مهاباد یەکەم دەوڵەتی کوردی بوو کە هەر بە ساوایی سەری بڕدرا. دەوڵتێکی بچووک بە ئەو پەڕی مودێرینی و بە ڕۆژ بوون لە ئەو کاتی جیهاندا، کە تەنیا ٢ مانگ دوای هاتنە سەرکاری خۆی لە٢ی ڕێبەندانی ١٢٢٤دا لە ٢٤ی ڕشەمەی هەمان ساڵدا حیزبێکی بەناوی حیزبی ژنانی دێموکراتی کوردستان دامەزراند کە دوایی ناوی “یەکییەتی یایانی کوردستان”ی لێندرا و بوو بە یەکەم هەنگاو بۆ چوونە دەرێ و هاتنە مەیدانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان لە کوردستان کە وەک باسمان کرد ٣٠ ساڵ دوایی کۆماری ئیسلامی و خومەینی و دار و دەستەکەی بە هاتنە سەرکاریان دەیانویست هەموو ریسییەکە بکەنەوە خوری و بە ژنانە و پیاوانە کردنی شوێنە گشتییەکان و ئیدارەکان و هەڵاواردنی ڕەگەزی کە هەتا ئێستاش بەردەوام بووە هەوڵی چەوسانەوەی خەڵکیان داوە کە بزووتنبەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) لانیکەم لە کوردستان دەریخست کە زۆریش سەرکەوتوو نەبووە.