زوڵفێو لوول نەبۆ جە کارخانەی وێش
حاشا لەو زووڵفە من بێزارم لـێـش.
ئەمە بەێتە شێعری
مامۆستا مەولەوی ڕاست ئەڵی بۆ دونیای ئەمڕۆی هۆنیوەتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی سەرکەوتن و دەستکەوتی زۆر لە هەموو بوارەکانی زانستدا دەبینین، بەتایبەت علم پزشکی، نەشتەرگەری جوانکاریش لەم پێشکەوتنە بێبەری نیە.
بەدڵنیاییەوە، هەموومان ڕۆژانە دەبینین یان دەبیستین کە ڕێکارێ نوێی جوانکاری زیاد دەکرێت بۆ لیستی ڕێکارەکانی جوانکاری کە بەزۆری بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەیە کە بەهۆی ڕووداوێک یان ئاگرکەوتنەوە جوانی ڕووخسار و جەستەیان لەدەست داوە، یان بەهۆی کەموکوڕییەکەوە لەکاتی لەدایکبوونیان لەگەڵیاندا بووە، بەڵام بەداخەوە، کەسانێک هەن کە بە شێوەیەکی ئەفراتی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکەن و خۆیان دەخەنە ژێر تیغی پزیشکی نەشتەرگەری بۆ ئەو نەشتەرگەرییانە کە لە راستیدا پێویست نین، بەشێکی زۆری ئەو نەشتەرگەرییانەی کە لە لایەن پزیشکانی ناشارەزا و بێ ئەزموونەوە ئەنجام دراون سەرکەوتوو نەبوون و جگە لە پەشیمانی هیچیتریان نەهێناوە..
گومانی تێدا نییە لە سروشتی مرۆڤدا ئارەزووی جوانی هەیە ومەیلی جوانی تەواو سروشتییەو تا ڕادەیەکێش لە هەموو مرۆڤەکاندا هاوبەشە، بەڵام ئەمڕۆ مەیلی جوانی و نەشتەرگەری جوانکاری وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی گەیشتۆتە قۆناغی خۆنمایشکردن و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە کۆمەڵگادا پەرە دەسێنێت و بڵاو دەبێتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە زیان بە شێوە وجەوهەر و ناسنامەو تەنانەت تەندروستی مرۆڤکان دەگەیەنێت.
نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ بەشیک لەخانمان بووەتە ئامانج کە پێدەچێت هیچ سەرکەوتنێک نەتوانێت ڕکابەری لەگەڵدا بکات. لەچەند سەرچاوەیەک خوێندمەوە لە نەشتەرگەری جوانکاریدا ئێران لە رێزی وڵاتانی پلە یەکەمەی جیهاندایە. توێژینەوەی بەشێک لە دەرون ناسەکان ئەویان پشتڕاستکردوەتەوە کە چەقۆی نەشتەرگەری جوانکاری زۆتر پەلاماری ئەو خانمانە دەدات کە بە هۆکاری جواراو جۆر لەلایان بنەماڵە و کۆمەڵگاو ئازاریان پێگەیشتوە و باوەڕ بەخۆ بونیان لاواز بووە.
هۆکارەی مەیلی ژنان بۆ جوانکاری، بەتایبەتی لە وڵاتی ئێران زۆرن بە باوەڕی من نەشتەرگەری دەموچاو لە ئێران کاردانەوەیکە لە بەرامبەر بە باڵاپۆشی و داپۆشینی ناچاری بەو پێیەی ژنان تەنها دەتوانن ڕووخساری خۆیان پیشان بدەن، دەیانەوێت هەموو جوانییەکان لەسەر ڕووخساریان ڕەنگ بداتەوە، یەکێکتر لە هۆکارەکان ژنان جێگەی شایستە و ڕاستەقینەی خۆیان لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا پێنەدراوە هەروەها بەداخەوە بەشێک لە ژنانێش لە لایانی خوشیانەوە نەگەیشتوونەتە هۆشیاری وگەشەسەندنی فیکری و مەعنەویی دروست، پیشە و کار یەکێکیتر لەو شتانەیە کە هەندێک لە ژنان بۆ چوونە ژوورەوەی ناو بازاڕی کار بە جوانکاری وخۆڕازاندنەوە دەیانەوێت سەرنجی کڕیاران بۆ لای خۆیان ڕابکێشن,لە ڕاستیدا و بەداخەوە ژن لە هەندێک پیشەدا وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت، ئەمە له کاتێکدایه کە وەک دەبینین لە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکاندا ژنان به ڕاده یەکی کەمتر خۆیان لەم بابەتە دەدەن، بەڵکو به سادەی له شوێنیکارو پەروەردە وچالاکیە کۆمەڵایەتیەکاندا دەردەکەون و زۆر خۆیان خۆش دەوێت و گرنگی بە بابەتی پراکتیزەکردنی جوانکاری نادەن.
ئارەزووی جوانبوون و جوانتر بوون شتێکی سروشتییە، بەڵام ئەم ئارەزووە سنووری هەیە و نابێ سنوورەکان تێپەڕێنین.
جوانی و شکۆی مروڤ لە ئەدەب و مێهربانی و روشنبیری دەردەکەوێت نە لە رۆخسار
بەهەڵکشانی تەمەن رۆخسار دەگۆڕدرێت،
هیچ جوانیک ناتوانێت وەک ئەدەب و مێهربانی و روشنبیری مرۆڤ براڕزێنێتەوە..
هیچ کەس نەنازو بە جوانی وێش، عەمر باقیبوو پیری ها نە ڕێش