حەسەن حاتەمی
بۆ یەکەمین جار ژنان لە وڵاتی ڤاتیکان بوون بە خاوەن مافی دەنگ دان. ئەو بڕیارە زۆر باشە، بەڵام زۆر درەنگە، لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢٣ (بانەمەڕی ١٤٠٢) لەلایەن پاپ فرانسیس – ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جهان- درا کە لە مانگی ئۆکتۆبر (ڕەزبەر)دا، کاری پێدەکرێ. لەو بوارە دا، بەو جۆرە نووسراوە کە: «پاپ فڕانسیس بۆ یەکەم جار ئیزن بە ژنان دەدا، کە لە کۆبوونەوەیەکی ئۆسقۆفە گەورەکانی جیهان لە مانگی ئۆکتۆبر دا، دەنگ بدەن. بڕیارێک کە وەک: هەنگاوێکی مێژوویی بێ وێنە بەرز دەنرخێندرێ.»
هەروەها پاپ فڕانسیس لە ڕەوتی ئەو گۆڕانە دا، بە ٧٠ ئەندامی نا ئۆسقۆفەکان کە نیوەیان ژنن، ئیزنی بەشداری لە کۆڕی (١٠ ی ئۆکتۆبر) دەدا، و ئەوانیش خاوەن دەنگ دەبن. پێشتر ژنان لەم کۆڕەدا، دەنگی ڕاوێژکارییان هەبوو.ئەو ڕەوتە لە کاتی دوویەمین شووڕای ڤاتیکان و کۆبوونەوەکانی دەیەی ١٩٦٠ (١٣٤٠) کە بوون بە هۆی مودڕێڕن کردنی کلیسا، پاپ ئوسقۆفەکانی جیهانی بۆ ماوەی چەند حەوتوو بۆ باس و ڕاوێژ بۆ ڕۆم بانگهێشتن کردبوو. لەدوای تەواوبوونی ئەو کۆبوونەوانە، ئۆسقۆفەکان پێشنیاری تایبەتییان بە پاپ دا. ژنانی کاتۆلیک لەمێژ بوو لە بە کەم زانیینی ژن ڕەخنەیان دەگرت؛ گۆڕانکارییەکانی پاپ بە ڕێگەیەکی دروست و بە باشی دەنرخێنن.»
گووگل
ڕەوتی مافی دەنگدانی ژنان لە ئێران
لە ئێران دا، بەهۆی کەش و هەوایەکی توند، نادروست، نا سڵامەت و نابەرانبەر کە دژی ژنان لە پێش شۆڕشی مەشرووتە و دواتریش بە خوێندنەوەی دەمارگرژانە و سەرەڕۆیانە، بیروفیکری دژە ژن لە «نظامنامە» [یاسای بنچینەیی] شۆڕشی مەشرووتە زۆر باش ڕەنگی دایەوە و بەداخەوە نووسرا : «ژنان، وەرگەڕاوان لە دینی ئیسلام، شێتەکان، شارومەندانی بیانی، دزان و قاتڵان، سواڵکەران و کەسانی کەمتر لە ٢٠ ساڵ» شیاوی دەنگدان نیین.
دوای شکست خواردنی «سەرەڕۆیی کورت ماوە» کە کوودێتای محەممەد عەلی شا و هاوبیرانی و تۆپبارانی مەجلیسی یەکەمی مەشرووتە، بە فەرماندەریی لیاخۆفی ڕووسی، مەجلیسی دوویەم کۆبووە و نیزامنامەی هەڵبژاردن تا و توێ کرا. لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ یەکەم جار، محەممەد تەقی وەکیلئەلروعایا نوێنەری خەڵکی هەمەدان، و تەقی زادە لە مافی دەنگدان بۆ ژنان پشتیوانیان کرد. بەڵام محەممەد عەلی فرووغی و ئایەتوڵڵا سەید حەسەنی مودەڕس دژی وەستان. مودەڕس هوشداریی دا، دانی مافی دەنگدان بە ژنان بە ناسەقامگیری سیاسی، گەندەڵی مەزهەبی و هەڕەجمەڕەجی کۆمەڵایەتیی تەواو دەبێ و کوتی: «خودا ئەوانە [ژنان]ی بەوجۆرە نەخوڵقاندەوە کە مافی هەڵبژاردنیان هەبێ.»
- مشروح مذاکرات دەورەی دوم مجلس، پنجشنبە مرداد ١٢٩٠[١٩١١]-.
لە هەمان کات دا، «تاجالسطنە» کچی «ناصڕالدین شاە»، ژنی لێوەشاوە و ڕووناکبیر بەداخ و کەسەرەوە نووسێ: «بەداخەوە ژنە مافخوازەکان لە ئورووپا چۆن بەرگریی لە خۆیان دەکەن و چ لێبراوانە مافی هەڵبژاردنیان دەوێ».
- خاطرات تاجالسطنە … ص ٩٨-.
لە دەورانی دەسەڵاتی ڕەزا شا دا، مافی ژنان بە بێدەنگی تێپەڕی. بەڵام بە دوای ڕووخاندنی ڕەزا شا لەلایەن هاوپەیمانەکان لە ساڵی ١٣٢٠ دا، مەسەلەی مافی دەنگدان بە ژنان لەلایەن نوێنەرانی حیزبی توودە لە مەجلیسی چاردەیەم لە ساڵی ١٣٢١(١٩٤٢) باسیکرا، بەڵام لەگەڵ دژایەتیی زۆر بەرەوڕوو بوو. - ویبلاگ یولداشلار، تاریخ معاصر ایران و آذربایجان، بازنشردر تێلگرام علی مرادی مراغەای.-
مافی دەنگدانی ژنان بۆ یەکەم جار لە ئازەربایجان
فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجان لە ١٢ی خەرمانانی ١٣٢٤ بە ڕێبەری جەعفەری پیشەوەری، یاد بەڕێز، دامەزرا. ئەو حیزبە دەوڵەتی نەتەوەیی ئازەربایجانی لە ٢١ ی سەرماوەزەی ١٣٢٤ (١٩٤٥) پێکهێنا و بۆ یەکەم جار ژنان بەشداریان لە هەڵبژاردنی مەجلیسی میللی دا، کرد و مافی دەنگدان و هەڵبژاردنیان وەدەست هێنا.
لە مادەی حەوتەمی مەڕامنامەی فیرقەی دێموکرات دا، کە لە ١٠ی ڕەزبەری ١٣٢٤ پەسند کرا، نووسرا: بەبێ هیچ جیاوازییەک دەبێ مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی میللی ئازەربایجان بۆ هەموو ژنان و پیاوان کە تەمەنیان ٢٠ ساڵ بێ و هەروەها مافی هەڵبژێران بۆ ژنان و پیاوان ٢٧ هەتا ٨٠ ساڵە دەبێ مسەوگەر بێ.
- قیزل صحیفە ١٣٢٤- ١٩٤٦، ص ١١٧.-
دوای پێکهاتنی مەجلیسی نەتەوەیی بۆ هەموو ژنان و پیاوان کە تەمەنیان ٢٠ ساڵ بێ، مافی هەڵبژاردن لە ئەنجومەن [شووڕا] کانیان دا، هەیە. کەسانێکیش لە ئاغا مڵکدار و ئاخوندەکان هەبوون کە موخالیفی دابەشکردنی زەوی و مافی ژنان لە هەڵبژاردن و هەڵبژێران بوون، کێشەیان سازکرد. بۆ وێنە: «آخوند یونس مجتهد اردبیلی» هاواری «واسلاما»ی لە بڵێند ببوو و حوکمی «ارتداد»ی ڕێبەرانی فیرقە و فیداییەکانی ئازەربایجانی دا. سریە کچە قارەمان شایسێوان لە فیداییە بەناوبانگەکان یەک لە گیانلێئەستێندراوەکان بوو، هەرچەند پێنج ڕۆژ شەڕ و بەرگری کرد.
نەخشی ژنانی ئازرەبایجان لە خەباتی شۆڕشگێڕی دا، پاشخانێکی درەوشاوەی هەبوو. ژنانی ئازەربایجانی ئەو دەستکەوتانەی دەبوو لە شۆڕشی مەشڕووتە وەدستی بێنن، وەدی نەهات، بەڵام لە حکوومەتی یەکساڵەی ئازەربایجان دا، تەجرەبەیان کرد. سەرەڕای دژایەتیی زۆر توندی دەسەڵاتی ناوەندی، دێمۆکراتەکان پێداگریان لەسەر مافی دەنگدان دەکرد و بە کردەوەش ئەنجامیان دا.
فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بە پێچەوانەی ڕەزا خان [شا]، ئازادی ژنانی نە لە چارشێو لادان و ڕووپۆش لابردنی زۆرەملێ دا دەدیت، بەڵکوو لە مافی ڕەوا و تەمرینی دێموکراسی دا شرۆڤەی دەکرد. … هەر لەو بەستێنە دابوو کە، لە ٤ی ژوئیەی ١٩٤٥ دا، ناوەندی ژنانی ئازەربایجانیان دامەزراند و ٦٠٠ کچ و ژن لە زۆربەی ناوچەکانی ئازەربایجان بەشداری کۆبوونەوەیەکی گەورەیان لە تەورێز کرد. هەیئەت ڕەئیسەیەکی کاتی پێنچ کەسیان هەڵبژارد و خاتوو «معصومە ستاری» کچی سەتارخانی نەمریان وەک سەرۆکی ئیفتیخاریی دانا.
- مقالە، ٢١ آذر چراغ راە زنان آذربایجان، تهیە و تنظیم محمد علی ارجمندی، سایت
آذربایجان دموکرات فرقەسی.-
دواتر لە شارەکانی ورمێ، خۆی، ئەردەوێڵ، زەنجان، سەراب، مەراغە، مەرەند و… ئەنجومەنەکانی خۆیان دامەزراند.
- روزنامە آذربایجان، نمرە ١٥٣٨- ایران ابراهیمی.-
دامەزرانی حیزبی ژنان لە کوردستان
دوای شەڕی دوویەمی جیهانی و فەزای نوێ یانی شکستی بەرەی فاشیزم (ئاڵمان، ئیتالیا و ژاپۆن)، کرانەوەیەک بۆ چالاکییەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی لە ئێران پێک هات. لە کوردستانیش حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێ کاف)، لە ١٦ ی ئاگۆستی ١٩٤٥ (٢٥ ی گەلاوێژی ١٣٢٤)، بە ڕێبەری قازی محەممەدی، یاد بەڕێز، لە مەهاباد دامەزرا.
نیزیکەی ٦ مانگ دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و گرتنی کۆنگرەی یەکەم لە مانگی ڕەزبەر و نیزیکەی ٢ مانگ تێپەڕین لە دامەزرانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان، کۆماری کوردستان بە سەرکۆماریی پێشەوا قازی محەممەد لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ دامەزرا. ٥٢ ڕۆژ دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان و یەک حەوتوو دوای ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، بۆ یەکەم جار»حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان» لە ١٥ ی مارسی ١٩٤٧ (٢٤ ی ڕەشەممەی ١٣٢٤) بە ڕێبەری یای مینا قازی (ئەسکەندەری) لە مەهاباد دامەزرا.
- ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٢٥، ساڵی یەکەم، یەك شەممو ٢٦ ی رەشەمەی ١٣٢٤، ١٧ی مارسی ١٩٤٦ ل. ٣.-
حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان، کە هاوسەنگیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، لە خوێندنەوەی ئەمڕۆ دا، دەستپێکی یەکسان تەوەریی لە لایەک و «مودێڕن سازیی کۆماری کوردستان و دەوڵەت – نەتەوەیی کورد» لە ڕەوتی دێموکراتیک کردنی دا، «لە کۆمەڵگەیەکی سوننەتی و نیزیک ٩٥٪ ی نەخوێندەوار، مەزهەبی و [عەشیرەیی]» لە لایەکی دیکە، لە ماوەی کەمتر لە ١٠ مانگ تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو گەشەی کرد و بەرفراوان بوو.
دامەزرانی قوتابخانەی سەرەتایی کچان بە زمانی کوردی لە مەهاباد، بۆکان و شنۆ و قوتابخانەکانی ئێوارانە و شەوانە بۆ خوێندەوارکردنی گەورەساڵان، کچان، ژنان، کوڕان و پیاوان، بەشێکی گرینگ لە بەستێنی فەرهەنگیی حکوومەتی نەتەوەیی بوو، کە ژنان بۆخۆیان دایانمەزراندبوو. یەک حەوتوو پێش دامەزرانی حیزبی ژنان، کۆنفڕانسی گەڕەکەکانی مەهاباد و دەور و بەری گیرابوون. نوێنەرانی گەڕەکەکان کە، جوولەک و ئەرمنیشیان تێیدا بوو؛ دواتر لە حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان دا، زۆر چالاک بوون. ئەوان و یایان (ژنان) و کیژان (کچان)ی دیکە لە ڕۆژنامە، مودیر و مامۆستای قوتابخانە بە دڵگەرمییەکی زۆرچالاک بوون و سەردەمێکی نوێیان خوڵقاند.
رۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٢٤، ساڵی یکەم، چوارشەممو ٢٢ی رەشەمە ١٣٢٤، ١٣ ی مارسی ١٩٤٦، ل. ٧.-
«یەکەمین ئامانجی ئەوان [ژنان] هەرەوەزی گەورە ساڵان بۆ پشتیوانی لە کۆمار و گەل بوو. سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ژنان نەخوێندەوار بوون، حیزب پۆلەکانی فێرکردن و کۆبوونەوە نافەرمییەکان، سازماندان بۆ چالاکی دیکە، وەک: کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی بۆ سپای میللی، بەشداریی لە ڕێپێوان و خۆپێشاندانەکان و نووسین لە ڕۆژنامەکان بوون. یارمەتیی بە سپای میللی کاری ژنان کە چنینی بلووز، گۆرەوی گەرم و [دوزلیق] بۆ پێشمەرگەکانی تێدا بوو. حیزبی ژنان سیمایەکی دەوڵەتی مودێڕنی کۆمار بوو کە بە کردەوە پێشکەوتنی ژنانی نیشان دەدا.»
- شهرزاد مجاب، محقق، پژوهشگر و نویسندە در کانادا، در مورد حزب زنان کوردستان.-
مافی بەفەرمیی ناسینی دەنگدان بۆ ژنان لە ئێران
٥٧ ساڵ دوای شۆڕشی مەشڕووتە (١٩٦٢- ١٩٠٥) (١٣٤١- ١٢٨٤)، ئەنجومەنەکانی ئەیالەتی و ویلایەتی لە ١٦ ی ڕەزبەری ١٣٤١، لە لایەن کابینەی «اسداللە علم»، سەرۆک وەزیری ئەوکاتی، پەهلەوی دوویەم (محەممەد ڕەزا شا) دوای ٢١ ساڵ دەسەڵات، کە ٩ ساڵ دوای کوودێتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٣٢ (١٩٥٣) پەسند کرا، کە تێیدا نووسرابوو بەربەست بۆ ژنان لە هەڵبژاردن و هەڵبژێران دا نییە، کە کێشەی زۆریان بەهۆی ئایەتووڵڵاکان، لە سەرووی هەمووان، ئا. خومەینی لەسەر ساز کرا. و…
بەڵام هەڵبژاردنێکی ئەوتۆ لە ئێرانی ئەوکات، لە ئارا دا نەبوو. تەنیا مەجلیسەکانی شووڕای میللی و سەنا بوون، کە بێ ئیزنی شا، پاڵاوتنەکانی ساواک و دەربار، کە لە دێکۆمێنتارییەکی پێنج بەشی «پرویز ثابتی» کەسی دوویەمی ئەو ڕێکخراوە ترس خوڵقێنە لەگەڵ «من و تو» تی ڤی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا، زۆر ڕوون و ئاشکرا باسیان دەکا. تەنانەت لە ٦٠ کەس نوێنەری مەجلیسی سەنا، ٣٠ کەسیان لەلایەن شا و دەربار دیاری دەکران، تەنیا ٣٠ کەسی پاڵاوتە و بڕوا پێکراو، «دەنگ»یان پێ دەدرا !!!؟؟؟ سیاسییەکان و موخالیفانی سەڕەڕۆیی دەسەڵاتی شا، ناوی «شانۆگەریی هەڵبژاردنیان» لێنابوون. بەڵام ٦ ژن بۆ یەکەم جار بە نوێنەرایەتیی مەجلیسی شووڕای میللی لە خولی ٢١م دا، هەڵبژێران.
- مستند پنج قسمتی، پرویز ثابتی، یوتیوب.-
لەسەریەک بەو تێپەڕینە خیرایەی سەبارەت بە مافی دەنگدانی ژنان و کەند و کۆسپەکانیان و ئەو کردەوە زۆر باشەی ئێستای پاپ دەتوانیین خوڵقاندی ئەو مێژوو گرینگە بە نەسل (وەچە)ی نوێ بڵێین کە لە کوردستان و ئازەربایجان، ڕێبەرانی ئەحزاب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دێموکرات، نەمر پێشەوا قازی محەممەد و فرقەی دێموکرات، یاد بەڕێز جەعفەری پێشەوەریی کە دوای نەمانی سەرەڕۆیی ڕەزا شا دامەزران و حکوومەتی میللی ساڵێک و کۆمار ١١ مانگ بە کردەوە بوونیان هەبوو، لە پاپەکان کە وڵاتەکەیان، ڤاتیکان، لە نێوهەناوی ئورووپا دایە، ٧٨ ساڵ لەپێش تر، پێشکەوتووتر، یەکسانخوازتر و ماف تەوەرانەتر هەڵسوکەوتیان کردوە.