ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی سەرماوەزی ۱٤۰۲ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمێکدا لە شارەوانیی شاری شۆنبێرگی بێرلینی ئەڵمانیا، یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی “جەمال نەبەز” پێشکەش بە خاتوو زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی – فەرهەنگیی “نۆژین” کرا کە لەو ڕێوڕەسمەدا خاتوو کانی محەممەدی، خوشکی زارا بە نوێنەرایەتیی خاتوو زارا محەممەدی خەڵاتەکەی لە خوناڤ حاجۆ، ئەندامی لێژنەی داوەریی خەڵاتی ساڵانەی “جەمال نەبەز” وەرگرت.
پێدانی ئەو خەڵاتە بە خاتوو زارا محەممەدی لەکاتێدایە کە زۆربەی ئەندامانی نۆژین حوکمی ناڕەوا و قوورسیان بەهۆی خزمەت بە زمانی کوردی، بەسەرداسەپاوە کە نیشانەی ترسی ڕێژیمی ئێران لە وشیاری کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکی ڕێکخراوەکانە لەو ڕاستایەدا.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایانی زمانی کوردی بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی ئەرکی فێرکردنی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیان خستۆتە سەرشانی خۆیان و خزمەتێکی گەورەیان بە شوناسی میلەتی کورد کردووە و تێچووی زۆریشیان بۆداوە کە ژنان لەونێوەدا ڕۆڵی بەرچاو دەگێرن و نموونەی بەرچاویان خاتوو زارا مەحەممەدییە کە بەتاوانی گوتنەوەی زمانی کوردی دەساڵ حوکمی بەسەرداسەپا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی بەخشنی ئەو ئەوخەڵاتە بە مامۆستا زارا محەممەدی سڵاو دەنێرین بۆ خۆراگری و تێکۆشانیان لە مەڕ خزمەت کردن بە نەتەوەکەیان.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران