ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ٢٥ی نوامبر دەکەینەوە کە شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕێبەرایەتی ژنانی ئازادیخواز لە ئێران بە دروشمی “ژن ژیان ئازادی” کە لە کوردستان سەریهەڵدا، دەستی پێکرد، بڵێسەی ئاگری ئەو شۆڕشە بە شەهید بوونی کچەکوردێک بە ناوی ژینا ئەمینی هەڵگیرسا.
ژینا بە تاوانی خراپ بەسەردادانی سەرپۆش دەست بەسەرکراو بەهۆی کێشانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.
بە پێی بەندی سێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، هەموو تاکێک مافی ژیان و ئازادی و ئاسایشی تاکە کەسی هەیه. بەڵام لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان نە ئازادن و نە ئاسایشی تاکەکەسیان هەیە، بەڵكوو لەوپەڕی نایەکسانی و نادادپەروەری دا دەژین سەرەڕای توندوتیژی ڕەگەزی بەرانبەریان. ژنان لە ئێراندا لە سەرەتایترین مافەکانیان بێبەشن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پاشخانی هزری و ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی کە تەنها ئەو مافانەی قەبووڵە کە بۆخۆی بەسیاسەتە کۆنەپەرستەکەی دایڕشتوون.
ئێستا کە هەوێنی ئەم شۆڕشە لەئێراندا بە ناوی شۆڕشی ژنان پەرەدەستێنێ و توندوتیژی و ئەشکەنجەدانی خەڵکی لەلایەن رێژیمەوە زیاترە لە ڕابردوو، تەنانەت گەیشتۆتە ئاستێک کە دەچێتە ناو تاوان لەدژی مرۆڤایەتی.
مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو کردەوە قێزەونانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵدانە بۆ کپ کردنی دەنگ و ویستە ڕەواکان و تۆقاندنی ژنانە.
سەرەڕای هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کەتایبەتن بەمافەکانی مرۆڤ بەگشتی و بەتایبەت ژنان، کە ئێران لە بەشێکیاندا ئەندامە، بەڵام لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە سەدان ژن لە ئێراندا بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی شەهید و بریندار یا زیندانی کراون و نموونەی بە بەرچاوی ئیدامەی ئەو جینایەتانە کوشتنی ئارمیتا گەراوەند بوو کە نیشانەی بەردەوامی سەرکووت و توندوتیژییەکانی ڕێژیمی ئێرانە.
ئامارەکانی ئەو جینایەتانە بەهۆی پێکهێنانی دۆخێکی ئەمنی و نیزامیی مەترسیدار ئامارێکی دروست نین، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو یان دەزگایەکی ئامارگیری بێ لایەن لە ئێراندا بەهۆی بوونی چەندین دام و دەزگای ئەمنی و نیزامی.
بە پێی بەشێک لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی رابردوودا بڵاوکراونەوە زۆربەی ئەو کچ و ژنانەی کە ڕفێندراون، دواتر دەرکەوتووە کە لە زیندانەکاندا دەستبەسەر کراون و دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر و بەشێوەیەکی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ژنانە کراوە و دەکرێ.
هەرچەندە بابەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی بابەتێکی نوێ نییە، زۆرن لەو ژنانەی کە لەو دەسەڵاتە ڕزگاریان بووە و ڕێگای هەندەرانیان گرتۆتەبەر باس لەو جۆرە جینایەتانە دەکەن.
بەڵام لەئێستادا کە رێژەی ژنانی زیندانی لە بەندیخانەکانی ئێران زۆر زیاترە بەنسبەت ڕابردوو و بەشێکی زۆری بەندکراوەکانیش کچانی خوار تەمەن هەژدە ساڵن، بە دڵنیاییەوە ئەنجامدانی ئەم تاوانانەش زۆر زیاترە و کچان و ژنانێکی زۆر رۆژانە جگە لە ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحی، ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسیش دەبنەوە.
بە دیاری کردنی رۆژی ٢٥ی نوامبر بە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان لەسەرتاسەری جیهان چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێ، ئێمەش وێڕای ڕێزگرتن لەو ڕۆژە و خەباتی ژنان لەو پێوەندییەدا، ئەوە دەکەینە دەرفەتێک تا بارودۆخی ژنان لە ئێران و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر باس بکەین و دەنگی حەقخوازانەی ئەوان بگەیەنین بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ، تاکو زیاتر ئاوڕ لە دۆخی ژنان لە ئێران و پێشێلکاری و توندوتیژییەکان بدەنەوە وپاڵپشتی ئازادیخوازان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان بن.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
۲٥ی نوامبری ۲۰۲۳ی زایینی