ڕەسوڵ سوڵتانی
بڕۆ ڕێو بەسیەتی چاونزێری
پەلامارێ نەبەی بۆ لانی شێری
ئەگەر ڕۆژێ لەلانی بێتە دەر شێر
هەمووی دوژمنبەزێنە مێ و نێری
دەیەی شێستی هەتاوی، ئەگەر لەلایەك دەیەی مەیدانداریی پێشمەرگە و حیزبی دێموكرات بوو، لەلایەكیش دەیەی جەرگسووتان و ماڵوێرانی و سووتمان و كاولكارییەك بوو كە لە سایەی دەسەڵاتە ئیسلامییەكەی خومەینییەوە وەكوو دیاریی باوەڕ و ئیمان بۆ كوردستان نێردرابوو. ئەو ساڵانە ڕشتنی خوێنی كورد نەك بە بیانوو، بەڵكوو بەبێ هیچ بیانوویەك تینوێتیی دڵی ئەو لەشكرە ڕەشەی دەشكاند وا كوێرانە و بە دوای فتوای ئیمامەكەیاندا ڕوویان لە كوردستان كردبوو و كێبەركێی كوردكوشتنیان بوو. لەشكری مەرگ ڕووی لە هەر شوێنێك دەكرد، سووتمان و كاولكاری و خوێن و گریانی لەپاش خۆی بەجێ دەهێشت. ئاواییەكانی چۆمی مەجیدخان لەو ساڵانەدا كەم ڕۆژیان بەبێ شین و شەپۆڕ بەڕێ كرد. تەنانەت لە كۆتاییەكانی دەیەی شێستی هەتاویدا كە وردە وردە خەڵك ئاهێكیان بەبەردا هاتبۆوە، هێشتا بە پارێزەوە، بە شەرمەوە شایی و زەماوەند دەكرا و شایەر بانگ دەكرانەوە. چونكە ماڵ نەبوو كۆستێكی گەورە شانی نەچەماندبێ. لەو كارەساتانەدا ئاوایی قەرەگۆل پشكی شێری بەر كەوت، ئاخر ئەو گوندە لە مەیدانی خەباتیشدا پشكی شێری بۆخۆی هەڵگرتبوو. دەیان ڕۆڵەی بەجەرگ و ئازای ئەو گوندە چەكی شەرەف و خەباتیان كردبووە شان و لە ڕیزی تێكۆشەرانی دیموكراتدا بەرگرییان لە میللەت و نیشتمان دەكرد، هەر بۆیە كوردكوژانی ئیسلامی خومەینی ڕقێكی قووڵیان لەو ئاواییە هەڵكەوتبوو.
كوشتاری بێبەزەییانەی خەڵكی قەرەگۆل لەو زستانە تووش و ئەستەمەدا، كە وەختێك لە زمانی ئەفسەری پێشمەرگەوە دەیبیستی، وەكوو فیلمێكی زیندوو دێتەوە بەرچاوت، ئەو كاتەی ئەو سوپای شەوپەرست بەسەر قەرەگۆلدا دەدەن و دەست دەكەن بە سووتاندنی ماڵان و لێدان و كوشتنی خەڵكەكە. لەوێوە كەسایەتیی شۆڕشگێڕانەی ئەفسەری سالك زیاتر خۆی دەسەلمێنێ. ئەوكاتەی بەگژ كوردكوژاندا دەچێتەوە و دواتر وەختێك ئاوا بەجەرگ و ئازا قۆڵ هەڵدەماڵێ و بەرەنگاری ئەو كۆست و كارەساتە دەبێتەوە وا بەسەر كەسوكاری هاتوون.
لە مێژووی خەبات و جووڵانەوەی كورددا ئێمە كچی ئازا و ژنی قارەمان و بەجەرگمان زۆر هەبووە، كە مەیداندار و دەسكەرەوە و دەسوەشێن بوون. هەر ئێستاش ڕیزی تێكۆشەرانی دێموكرات دەیان كچی ئازا و بەوەجی تێدایە، بەڵام ئەوانەی لەو ڕۆژە ئەستەمانەدا قۆڵیان هەڵماڵی و چەكیان كردە شان، بوونە سەرباشقەی ئەڤینداران. ئەفسەر یەكێك لەوانە بوو كە سەلماندی ئەم مەیدانە پێویستی بە ژن و پیاوە و لەو خەباتەدا ئەوەی دەیسەلمێنێ كێ شیاوە، ڕەگەز نییە بەڵكوو غیرەت و بیروباوەڕە.
ئەفسەری سالك كچی بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕ و تێكۆشەر و بەبیروباوەڕ بوو. لە بنەماڵەیەكدا گەورە ببوو كە گاڵتەیان بە ترس و مەرگ هاتووە. كەریم سالكی باوكی ئەفسەر لەگەڵ كوڕەكانی پێشمەرگە بوون، ئامۆزا و بن ئامۆزا و پوورزا و خاڵۆزا وێكڕا لە مەیدان بوون. لەو نێوەدا ئەوی جێی دیار و بەتاڵ بوو شێرەكچێك بوو لەو بنەماڵەیە كە دەبوو بێتە مەیدان و هات. هاتنی ئەفسەر ئەو كۆڕی تێكۆشانەی مانادارتر و شكۆدارتر كرد.
ساڵی 2004 كە شانازیی ئەوەم پێ بڕا ببمە پێشمەرگە، دادە ئەفسەرم دیتەوە. ئاخر یەكەم جار كە دیتبووم ئەو گەنج و من منداڵ بووم. هەر ئەو زستانە سەختەی كە جەنایەتكارانی ئیسلامی خومەینی كوشتارەكەیان كرد. بەفر هەتا پشتوێن باریبوو. خەڵكی قەرەگۆل گوندیان چۆل كردبوو. ماڵی كەریم سالك ئەوانەی پێشمەرگە نەبوون، هاتبوونە حاجیلەك. ماڵی كەریم سالك مەڕدار بوون و مێگەلیان بەجێ هێشتبوو، چونكە مەڕ بەو بەفرە دەرنەدەچوو. ئێمەش مەڕدار بووین. بابم ئەو شەوە ڕووی لە دادە ئەفسەر و خوشكەكانی كرد و گوتی، مێگەلەكەتان قڕی دێ، هەستن با بچین لانیكەم تفاقێكیان لەبەر بكەین. ئەودەم پاسدار لە هەر شوێنێك تووشی خەڵك بوایەن دەیانكوشت. كاریان بەوە نەبوو چ كارەیە و بیر لە چی دەكاتەوە و باوەڕی بە چییە. هیچ تاوانێك لە تاوانی كوردبوون گەورەتر نەبوو. كوردی و دەبێ بمری. زۆر جار دوو پاسدار هەر بۆ گەمە و جەفەنگ گرەویان لەسەر گیانی ڕێبوارێكی كورد كردووە و یەكێكیان بەوی دیكەی گوتووە ئەگەر لێرەوە توانیت بە یەك فیشەك بیئەنگێوی، جگەرەیەكت دەدەمێ. گیانی كوردێك بەرانبەر جگەرەیەك. گیانی كوردە و هەوێنی ڕابواردنی كوردكوژان. كچەكان سەیرێكی یەكتریان كرد و ئەفسەر گوتی ئەگەر ئەوانیش نایەن من دێم. ئەگەر لەبیرم بێ ئەفسەر و دوو كچی دیكەیان هەستان و ڕۆیشتن. دایكم زۆر نیگەران بوو، بەڵام دەنگی نەكرد. ڕێگەی نێوان قەرەگۆل و حاجیلەك بەپێیان چل دەقەیە، بەڵام لەو بەفرەدا ڕێی دوو تا سێ سەعات دەبوو چونكە نەدەكرا قەدبڕ بە مەزراكاندا بڕۆن. ڕۆیشتن. چوون مەڕ تاقەت بكەن. بەرەبەری بەیانی بە مێگەلەمەڕەوە گەیشتنەوە حاجیلەك. بەڵام چۆن؟ ئەوەی بابم لە ئازایەتیی ئەو كچانە دەیگێڕاوە و ساڵانێك دواتریش هەر لە زاری نەدەكەوت، مەگەر بە فیلم باس بكرێ. بەفر لە پشتوێنە. زیاتر لە دووسەدسەر مەڕ كە دەبێ بەفری بۆ بشكێنی چونكە ڕێگەی سەرەكیی نێوان حاجیلەك و كەلبەرەزاخان و قەرەگۆل ڕێگەی مەرگی مسۆگەر بوو. پاسداری لێ بوون. بە لای وشترهەڵدێر و لەقلەقایسیدا بەرەبەرە لە سەعات نۆی شەوەوە بەفریان شكاندووە هەتا نۆی بەیانی و ڕێچكەیان بۆ مەڕ كردووەتەوە. لەو ساڵەوە دادە ئەفسەرم نەدیتبوو. كە بوومە پێشمەرگە، دیتمەوە. هەر وا بەتینوگوڕ، هەر وا بەبیروباوەڕ و بە ئیمان، ئەگەرچی ململانێ و شەڕەجڕتانێی باڵباڵێن تۆزێكی هیلاك كردبوو، بەڵام كاری لە بیروباوەڕی نەكردبوو. دوایین جار پێش ئەوەی من پەڕیوەی بنی دنیا بم، چوومەوە خزمەتی. نەخۆشییەكەی لێی توند كردبوو، بەڵام دیسان ئەوەی من دیتم بە حاستەمیش چییە نەلەرزیبوو. گوتی من ئەگەر لە مردن ترسابام نەدەبوومە پێشمەرگە، من ئەفسەری كەریم سالكم پێ دەڵێن، دەمێكە مەرگم بەچۆكدا هێناوە. دادە ئەفسەریش وەكوو سەدان و هەزاران تێكۆشەر و تینووی ئازادی دەبوو بەری داری خەبات و تێكۆشانی خۆی بچنێتەوە، كەچی بەداخەوە ئەویش ئاوات و خەونە شیرینەكەی بردە بن بارستی گڵ. ئێستا دادە ئەفسەر بە جەستە لەنێومان نەماوە، بەڵام یادی دادەئەفسەر تاهەتایە زیندوو دەمێنێ، وەك لە شیعرەكەمدا بۆم نووسیبوو:
قەت لەبیر ناچی ئەفسەر گیان
شانازیی چۆمی مەجیدخان
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ