خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئازادیخوازانی جیهان!
جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی تراژدیایەکی دیکەی لە ئێران ئەنجام دا و کچێکی دیکەی لەگەڵ چارەنووسی ژینا بەرەوروو کردەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە پاراستنی گیان و سەر و ماڵی تاکی هەر کۆمەڵگایەک، لە ئەستۆی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات لە وڵاتی ئێمەدا گەلانی ئێرانی بەدیل گرتووە و بۆتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر گیانی هاونیشتمانیانمان.
لەژێر سێبەری دیکتاتۆری و کۆنەپەرەستیی کۆماری ئیسلامی ئیراندا، بەناوی حیجاب و داپۆشین و پاراستنی کەرامەتی ئیسلامیدا، ڕۆژ نییە کچان و ژنانی وڵاتەکەمان نەبنە قوربانی ئەم دەسەڵاتە بیرتەسک و دواکەوتووە.
ژنانی ئازادیخواز!
ئارمیتا گەراوەندی تەمەن ١٦ ساڵ، قوربانییەکی دیکەی دەستی غەدری کۆماری ئیسلامییە کە بەهۆی لێدان لەلایەن هێزەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی حیجابی زۆرەملێ لە مێترۆی تاران، کەوتووەتە کۆما و لە نەخۆشخانەی “فەجر”ی تاران و لەژێر کۆنتڕۆڵی توندی ئەمنییەتیدا لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.
وادیارە کە ڕێژیم هاوشێوەی قەتڵی حکوومەتی ژینا، هەوڵ دەدات ئەم تاوانە پەردەپۆش بکات و هەر بەو مەبەستەش هێزیکی زۆری ئەمنی لە نەخۆشخانەی فەجر جێگر کردووە و رێگە بە هیچ چەشنە سەردانکردنێک تەنانەت لەلایەن بنەماڵەکەشیەوە نادرێ. هۆکای ئەو کارە روون و ئاشکرایە کە ڕێژیم لە ترسی تووڕەیی و دووبارە هاتنەوەی خەڵکی ناڕازی بۆ سەر شەقامەکان هەوڵی شاردنەوەی ئەم جینایەتە دەدات.
هاونیشتمانیانی ئازیز!
ئێمە وەکوو رێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دیموکرات، ئەم کردەوە قێزەونەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە توندی محکووم دەکەین و داوا لە سەرجەم خەڵکی ئیران دەکەین لە هەمبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نەبن تا چی دیکە گوڵی ژیانی ژیناکان و ئارمیتاکان هەڵنەورێن و نەبنە قوربانی ئەم دەسەڵاتە ملهوڕ و دژە ئازادیەی زاڵ بەسەر وڵاتەکەماندا.
یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات
١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢
٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣