نەسرین یوسفزادە
جوانی و ئازارەکانی قەڵای دێموکراتمان لەبیر ناچێتەوە. ئەوەی لە ژمارەکانی پێشووی گۆڤاری «ژنان»دا باسمان لێ کردبوو دڵنووسێک لەسەر ژیانی ئەو ژنانە بوو کە لە هێرشی هاژەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا بۆ سەر قەڵای دێموکرات یان خۆیان زامدار بوون و یان هاوژینەکانیان شەهید بوون و ڕۆحیان زامی هەتاهەتایی وێکەوتووە.
بەداخەوە کۆماری خوێنمژی ئیسلامیی ئێران لە خواردنی خوێنی کورد تێر نابێ؛ ساڵێک پێش ئیستا لە دوای ئەوەی دوو لایەنی دێموکرات وەسەریەک کەوتنەوە و دوابەدوای ئەوە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئاکامی کوشتنی سیستماتیکی کچە کوردی خەڵکی سەقز لە تارانی پێتەخت دەستی پێکرد ڕیژیم جگە لە کوشتن و قەتڵوعامی خەڵکی مافخواز لە هەموو ئێران و بە تایبەت کوردستان، بۆ جارێکی دیکە ڕق و کینەی خۆی بەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە حیزبە دژبەرەکانی خۆیدا ڕشت و بە بیانووی ئەوەی کە ئەو شۆڕشە کە ئێستا لەئارادایە بە پشتیوانی و ڕێنیشاندەریی ئەم حیزبانە دەکرێ، بۆ جارێکی دیکە لە ٦ی ڕەزبەر و ٢٣ی خەزەڵوەر و ٣٠ خەوزەڵوەردا، بە هاژەک و دڕۆن هێرشی کردە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوە بوو بە هۆی شەهید و برینداربوونی کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبانە و جارێکی دیکە زامێکی قورس وە جەستەی کوردستان کەوت.
یەک لەو کەسانەی کە لە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاویدا چووە ڕیزی کاروانی نەمرانی گەلەوە، شەهید «عوسمان فەیزە» بوو.
کاک عوسمان کادری دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پڕاوپڕ لە ورە و باوەڕ، نەبەزی و نەترسی بوو و هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر بە هەیبەتێکی پێشمەرگانە و ورەیەکی لەبڕاننەهاتوو بچێتە یارمەتیی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیەوە و ئیتر هەرگیز نەگەڕێتەوە.
کاتێک لاپەڕەی فەیسبووک و ئینستاگرامی خاتوو مەرزیە قادرزادە هاوژین و هاوڕێی چەندین ساڵەی شەهید عوسمان فەیزە، شەهیدی سوورخەڵاتی دەستی هێرشە ناجوامێرانەکەی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، دەکەینەوە هەست بە ئەوینێک دەکەین کە هەرگیز نە هاژەک و نە دڕۆن و نە هیچ ئاگرێک لە ناوی نابا. ئەوینێک کە هەتاهەتایە دڵی ژنێکی پێ گەرمە، ئەوینێک پڕ بە ناوی پێشمەرگە و لە ئاستی پێشمەرگەدا.
خاتوو مەرزیە و کاک عوسمان منداڵیان نەبوو، لە دنیای بێکەسی و غەریبیدا کەس و هاودەمی یەک بوون و هەموو ژیانیان ئەویندارانە بۆ یەک و بەیەکەوە بوو، هەتا ئەو کاتەی کە تەرمی پیرۆزی کاک عوسمان بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا و بۆ هەتاهەتایە خاتوو مەرزییەی بە غەمباری و هەناسەساردی بەجێ هێشت و بوو بە قەقنەس و لە دڵی خەڵکی شارەکەیدا دەنگی داوە بە جۆریک کە لاوانی بۆکانی پڕ بەدڵ هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «دوژمنی دڵ پڕ لە قین لە کوێی و بیر لە چی دەکەیەوە ئێرە بۆکانە! شاری شەهید عوسمان فەیزە،! لێرەوە دەیان و سەدان عوسمان فەیزە لەدایک دەبن و لەدایک بوون.»
خاتوو مەرزیەش لە یەک ساڵی ڕابردوودا جێگە و ئارامگەی ڕۆحی، مەزارگەی شەهیدان و خۆشترین مۆسیقای ژیانی گوێدان بەو دەنگانەیە کە هەتا هاوژینە خۆشەویستەکەی بە جەستە لە ژیاندا مابوو بە وشە و ڕستەی ئەویندارانە بە گوێچکەیدا چرپاندبووی و ئێستا بوون بە بیرەوەری و لەگەڵیاندا دەژیت.
خاتوو مەرزیە ئەندامی چالاکی کۆمیتەی زاگرۆسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و بەردەوام لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بەوپەڕی لەخۆبوردوویی و شانازی ئامادە بووە.
ئەو دۆخەی کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەر حیزبی دێموکراتدا سەپا، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی و کورت ئەویش نە بەتەواوەتی، توانیبێتی ئاستی چالاکییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام بێگومان مێژووی ٧٨ ساڵەی حیزب و هەوراز و نشێوەکانی قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی ئەم حیزبە سەلماندوویەتی کە لە هەر دۆخکدا چالاکی بەردەواام بێت، هەر بۆیە خاتوو مەزریەش، وەک هاوسەرێکی ڕووسووری یەکێک لە شەهیدەکانی کوردستان، ئامادەی بەڕێوەبردنی هەر چەشنە ئەرکێکە و بێگومان درێژە بە چالاکییەکانی خۆی لە حیزبی دێموکراتدا دەدات.