دیمانە:نەشمیل عەبدی
لە بەرەبەرەی ساڵرۆژی دەستپێکی شۆرشی ژینا واتە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادیداین، هەڵسەنگاندنی ئەو یەک ساڵە و هەروەها ڕۆڵ و کاریگەریی ژنان هەم لەناوخۆی وەڵات هەم لە دەرەوەی وەڵات لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، هەروەها ئایا دەکرا ئەم شۆڕشە بەهێزتر با، ئایا ساڵرۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی دەبێتە قۆناغێکی نوێی شۆڕش، بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن گۆڤاری «ژنان»ەوە دیمانەیەکمان لەگەڵ خاتوو شلێر باپیری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافەکانی ژنان دەبێ.
١- با بەو پرسیارە دەست بە گفتگۆکەمان بکەین، وەک دەزانین لە بەرەبەرەی ساڵرۆژی دەستپێکی شۆرشی ژینا یان شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی داین، وا ساڵێک بەسەریدا تێدەپەرێ، دەتوانن کۆرتەیەک لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنی ئەم شۆرشە و هەروەها چۆنیەتی تەشەنەسەندنی بۆ تەواو ئێران بکەن؟
و: هەروەک دەزانن دەستگیرکردنی کچە کوردێک ژینا، مەهسا/ئەمینی لەسەر شێوەی سەرپۆشەکەی لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە و پاشان لێدان و ئازاردانی کە بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، توانی جەرەقەی ئەو شۆرشە لێبدا. ئەگەرچی دوو ڕۆژی سەرەتای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە زۆرتر ناڕەزایی لەملاوئەولا بوو. بەڵام لە گەیاندنەوەی تەرمەکەی بۆ سەقز و ئەودەمەی کە ژنانی کورد زۆر بوێرانە لە گۆرستانی «ئایچی» سەرۆپۆشەکانیان لادا و گوتیان نا بۆ حیجاب، بەرگێکی دیکە بەبەر ئەو ناڕەزایەتیانەدا کرا و جەرەقەی شۆرشێکی لێدا کە هاوکات پیاوانیش پشتیوانییان لێکرد و شەقام خرۆشا.
ئەوەی کە سەرەتای ڕووداوەکە لەسەر گەشتی ئیرشاد و باسی حیجاب بوو، دەکرێ هۆکارێکی گرینگ بێ کە دەنگی چالاکوان و ژنانی ئێرانی بەرز کردەوە و هاوکات لە دەرەوەش زۆر زوو کاردانەوەی لەسەر درا و سەراسەری ئێرانی گرتەوە کە دواتر ڕەوتەکە تەواو بوو بە ڕەوتی ئینقلابی و لە خواستی نەمانی حیجابەوە گەیشتە جێیەک کە لە قوتابخانەکان کچانی قوتابی دەیانکوت دروشمی دژ بە خامنەای دەگوتەوە و زانکۆکانیش بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» ناڕاستەوخۆ داوای نەمانی ئەو حکومەتەیان دەکرد.
٢- ئەگەر بە دیاریکراوی بێینە سەر ڕۆڵی ژنان لە نێوخۆی نیشتماندا، ڕۆڵ و کایگەریان چۆن هەڵدەسەنگێنن، لە ڕەوتی شۆرشی ژن، ژیان، ئازدی دا؟
ڕۆڵی ژنان لەو ڕۆژەی ژینا ئەسپەردەکرا و لەوێ بوێرانە جەرەقەی شۆرشێکیان لێدا، دەرکەوت کە ژنانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوێرن و هۆشیارن. بێدەنگ نابن و دەیانهەوێ خاوەن گۆرانکاری بن لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ڕۆڵی ژنان ڕۆڵێکی گرینگ بوو لە بەشداریان لە نارەزایەتییەکانی سەرشەقام لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و سەرانسەری ئێران. لەبیرمان بێت تەنانەت ئەوانەی ئازیزترین ڕۆڵەکانیان لەدەستدا وەک باری سوننەتی کۆمەڵگە لە دەرەوەی گۆرستان ڕانەوەستان و لە چوارچێوەی ماڵ و گەرەک و شاریاندا شین بۆ ئازیزانیان بکەن، ئەوان لە ڕیزی پێشەوەی دەستەبەدەستە خەڵکی شارەکاندا بوون کە چوونە سەرقەبران و شینیان گێرا و پڕ بە دەنگ هاواریان کرد کە تۆڵەتان دەستێنین، بە چاوی گریان و دڵی پڕ لە غەمەوە، گوتیان کە ئەوە کۆماری ئیسلامیە بکوژی ڕۆڵەکانمانە. هەر ئەوەش پێمان دەڵێ کە گوتەی دایک، خوشک، هاوژینی شەهیدەکان بوێرییەکی زۆری دەوێ لە کۆماری ئیسلامییەک کە لە بەرکاهێنانی توندوتیژیترین ڕێگاکان، ناسڵەمێتەوە. ئێمە لەبیرمان بێ لەو شۆرشەدا شەهیدی ژنمان داوە کوبرا شێخە، مینو مەجیدی، سارینا ساعیدی، فریشتە ئەحمەدی، نەسرین قادری و زۆرانی کە پێمان دەڵێن ئەو شۆرشە ڕۆڵێکی سەرەکی ژنان گێرایان.
٣- لەم پەیوەندیەدا حەز دەکەم ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەری ژنان لە دەرەوەی وەڵاتیش بکەم، هەم ئەوانەی کە لەباشوری کوردستان نێشتەجێن و هەمیش ئەوانەی کە لە دەرەوەی کوردستانن، ڕۆڵ و کاریگەریان لەسەر شۆرشی ژینا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا لە ئاست پێویست بووە؟
دیارە چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە دیاسپۆرا کە دەرگاکان زۆرتر بۆ چالاکی واڵاتان، ژنان هەوڵیاندا هاودەردی، هاوپشتیوان و دەنگی ژنان و بەگشتی شۆرشی ژینا بن. لە ڕوانگەی خۆمەوە لەئاستی پێویستدا نەمدیتن، ڕاستە بەشداری چالاکانەی خۆپێشاندانەکان بوون، بەڵام دەیانتوانی ڕۆڵی بەهێزتر و کاریگەریان لە درێژماوەدا زۆرتر بێت. کار و چالاکی ژنان و ناوەندەکانیان زۆرتر کورتماوە بوو. قوڵ نەبۆەوە لە ئاستی چالاکی باڵاتر بۆ بوون بە دەنگی ژنی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و یان ئاستی ئاکادیمی. هەر بۆیە دەتوانین لەو لایەنەوە خەسارناسیەک بۆ ئەوە بکەین.
٤- وەک دەزانین ژنان پێشەنگ و سەرکردایەتی ئەم شۆرشە بوون، هەم لە کوردستان و هەم لە ئێران بەگشتی، بێ گۆمان ئێران شۆرشی زۆری بە خووە بینیوە، بەڵام دەمەوێ بپرسم ئەم شۆرشە کە وا یەک ساڵ بەسریدا تێدەپەرێ جێوازی نێوان شۆرشی ژینا لەگەڵ شۆرشەکانی تری پێشووی ئێران چی بوون؟ جێوازیەکانیان چین؟
دیارە نارەزایەتی و جوڵانەوەکانی پێش شۆرشی ژینا بە شۆرش پێناسە ناکەم. چونکە ڕووداوەکانی پێشتر لە هیچ حاڵەتدا سەرانسەری ئێرانی نەگرتەوە، یان جوڵانەوەی خوێندکاری بوون لە ئاستی زانکۆ، یان نارەزایەتی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی ٨٨ کە زۆرتر مەرکەزی گرتەوە، یان نارەزایەتی ئابانی ٩٨ کە زۆرتر ڕووی ئابووری هەبوو. ڕەنگبێ لێرە ئەستەم بێ لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئەو جوڵانەوە و نارەزایەتیانە بکەم، بەڵام جیاوازیان بەرچاو بوو، شۆرشی ژینا شۆرشی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بوو کە پێشتر ڕووی نەدابوو. لە مێرمنداڵی ١٥ ساڵە بۆسەرەوە بگرە تا لاو و وەک پێیان دەڵێن جیلی Z تا دەگاتە ژن و چینی بەتەمەن داچوو.
ئێمە لە جوڵانەوەکانی پێشوو ئەوەمان کەم دی یان بەجۆرێک نەبون بەتایبەت لە بەشداری ژنان دا.
٥- ئەگەر ئاورێک لەو یەک ساڵەی شۆرشی ژینا بدەینەوە، ئەم شۆرشە دەستکەوت و خاڵی بەهێزی هەبوون. چۆن دەتوانن ئەم دەستکەوتانە یان خالە بەهێزەکانی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی پۆلێن بەندی بکەن؟
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەوە بوو، کە ئێمە وەک بزوتنەوەی ژنان، حیزبەکان و ناوەندی ڕاگەیاندن و ناوەندە جیاوازەکانی دیکە خاڵە لاوازەکانی خۆیان زۆر بە جوانی هەست پێکرد.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی دەکرێ شۆرشی کۆمەڵایەتی لە ئاستی ئێران و کوردستان دابێ. نمونەیەک بێنمەوە ئێمە لە کوردستان دەگمەن ژن دەبینرا لە ڕۆژی یەکەمی ناشتنی ئەزیزانیان وێنە بگیرێ و خۆیان بەشدار بن. زۆرتر پیاوانە بوو، شۆرشی ژینا ئەوەی گۆڕی و ژنان بە سینبولی شۆرشگێرییەوە بەشداریان دەکرد و دروشمیان دەدا و دەیانکوت تا کوردێک بمێنێ کوردستان دەمێنێ. نمونەیەکی دیکەی باب و برای شەهیدان بوون کە لە ئەستەمترین ڕۆژەکانی ژیانیاندا هاتن و فیمینسترین وتەکانی ئەو شۆرشەیان گوت و کردیان بە دیوی بەهێزی ئەو شۆرشە. ئەودەمی بابی شەهید محەممەد حەسەن زادە دەڵێ «…» زۆر ڕون دەردەکەوێ کە کوردستان بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوا و بۆنی شۆرشێکی کۆمەڵایەتی لێوەدێ نەک هەر شۆرشێکی سیاسی ئەگەر بە ئەنجامیش نەگەیشتبێ. کورتی بکرمەوە دەتوانم بڵێم کە خاڵی بەهێزی ئەو شۆرشە بەشداری دیار و بەرچاوی ژنان بوو. بەتایبەت ژنانی کورد. زومی باسەکان، ئانالیز و هەوڵەکان لە مەرکەزەوە هاتە کوردستان کە هەمیشە ژنانی کورد لە پەراوێز دیتراون و لەژێر سێبەری ژنانی فارسدا پێناسە کراون. شۆرشی ژینا خاڵی بەهێزی بۆ ژنی کورد و بزوتنەوەکەی بوو.
٦- دەزانین لە پاڵ هەموو دەستکەوت و خاڵە بەهێزەکانی شۆرشێک، بێ گۆمان خالی لاوازیش هەیە. دەکرێ خاڵە لاوازەکانی ئەم شۆرشە پۆلین بەندی بکەن؟
یەکێک لە خاڵە بێ هێزەکانی ئەو شۆرشە دەکرێ نەبونی ئۆرگانیزە بێ لە کوردستان و سەرانسەری ئێران. ڕاستە هەوڵ درا و کاری بۆ کرا بەڵام ئاسان نەبوو. هەر بۆیە زۆر جار گروپی چوکە و یان پەرش و بڵاویمان پێوە دەدی.
یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کە لە دەرەوەی ئێران دەتوانین ئاماژەی پێبکەین خودی ئێمە کوردەکان بوین، بە حیزب، ناوەندی سیاسی و ڕاگەیاندنەوە. نەبوونی پلانی تۆکمە، ڕاوێژی باش و یەکنەگرتوویی وای کرد زۆر زوو بدزدررێ و ڕەنگ و بۆنی دیکەی پێوە بلکێنن. لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای شۆرشدا هیچ ناوەند و حیزب و لایەنێک نەهات کۆنفرانس و باسی جیاواز بەسازبدەن، ئەگەریش کرا، کرچ و کاڵ بوو. ڕاستە شۆرشەکە چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام دەرفەت هەبوو کە ئەو چاوەڕواننەکراوییە درێژ نەکرێتەوە. لە خەباتی چالاکی و لۆبی و باسی جیاوازە بچێتەوە سۆسیالمیدیا نەک هەر لە ئاستی سۆسیالمیدیادا بمێنێتەوە.
٧- بە لێکدانەوەی ئەم دوو پرسیارە بەوەی کە بەرەو ساڵرۆژی شۆرشی ژینا دەچین، بە ڕای ئێوە دەکرا ئەم شۆرشە بەهێزتر با لەوەی کە هەیە؟ چۆن؟ چی پێویست بوو بکرێ و پێتان وایە نەکراوە، بەگشتی؟
لەو باوەڕە دام ئەوەی پێویست بوو بە گشتی لە کوردستان کرا و خەڵک بوێرییەکی سەیریان هەبوو، لە کاتێکدا حکومەت بە چەکی جەنگی بەرانبەریان ڕاوەستا و هەروەها چەکی جەنگیشی بە دژی خەڵکی کوردستان بەکارهێنا. بەڵام ئەگەر کرابا و لە سەرانسەری ئێرانەوە بەتایبەت شارە گەورەکانەوە وەک کوردستان هەستابان. بێگومان کۆنترۆڵ کردن ئاسان نەدەبوو، بەجۆرێکیش گوشار لەسەر کوردستان کەم دەبۆەوە.
هاوکات لە دەرەوەی ئێرانیش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ناوەندە مافە مرۆڤییەکان گوشارێکی ئەوتۆیان بۆ ئێران دروست نەکرد جگە لە چەند مانگی سەرەتای شۆرشدا نەبێ.
٨- ئەگەر بۆمان باسێکی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن کە بەرەو ساڵرۆژی دەستپێکی شۆرشی ژینا دەچین، خەڵک لە ئێستادا دۆخیان چۆنە؟ چونکە دەزانین گۆشارەکانی ڕژیمی ئێران لە لایەک و هەرەشەکانی و سەرکوتەکانی و ئەوەی ئێستاش دەبینین زۆربەی شارەکانی کوردستان میلیتاریزە کراون لەبەر ساڵرۆژی دەستپێکی شۆرشی ژینا، پێتان وایە ئەم گۆشارانە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەم شۆرشە دەبێ یا خۆ خەڵک بڕیاری خۆی داوە؟
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی ئەو هەموو هێزەی لە کوردستان جێگیرکراوە و هەروەها فشاری زۆر لەسەر خەڵک بەگشتی و چالاکان بەتایبەتی دۆخێکی ئاڵۆزە. دۆخێکە کە دەیهەوێ ترس و گوشاری زۆرتر دروست بکات، بەڵام خەڵکی بڕیاڕی خۆی داوە کە نەترس بێت و لە شۆرشی ژینا زۆر بە ڕونی دەرکەوت. لە بیرمان بێ ئەوەی ئێستا خەڵک لە ڕۆژهەڵات و ئێران دەیکا بوێرییەکی زۆری دەوێ و ئازایەتییەکی بێسنور، بەرانبەر بە حکومەتێکە کە لە هیچ کارێکی دڕندە ناپرینگێتەوە.
٩- ڕژیمی ئیسلامی دوای یەک ساڵ لە شۆرشی ژینا دۆخی چۆنە؟ کۆماری ئیسلامی چەندە لە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دەترسێ؟ چەند لە هێز و شۆرشی ژنان دەترسێ؟
شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی بە ڕونی نیشانی دا کە دەتوانێ جێ پێی کۆمارێکی ٤٤ ساڵە وەلەرزە بخات و پێیان بڵێ کە رۆژێک ئەو دەسەڵاتە تا سەر نامێنێت و بەڵام کات و ڕۆژەکەی دیار نییە. ئەوەی ئێستا ئێران پەلامار و هێزی نیزامی لە کوردستان زۆر دەکات بێگومان هی ترسی لە شۆرشەکە و هەروەها لە شۆرشێکە کە ژنان پێشرەوی بوون.
ئەگەرچی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی نەیتوانی کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی بهێنێت، بەڵام بەو واتایە نییە کە نەروخێت و بەو واتەیەش نییە کە شۆرش تەواو بوبێت و بە ئەنجام نەگەیشتبێت. شۆرشی ژینا خەباتی هێنا قۆناغێکی دیکە و هیوایەکی بەهێزی داوە بە هەموومان کە بۆ ئازادی و ڕوخانی کۆماری ئیسلامی تێدەکۆشین.
١٠- گەیشتنە کۆتا پرسیارمان، دەزانین شۆرشی ژینا بەردەوامە و شۆرش تەنیا ئەوە نییە کە خەڵک لەسەر شەقام بیت، بەڵکو شۆرش قۆناغ و شێوازی جێوازی هەیە… ئێوە پێتان وایە شۆرشی ژینا دوای یەک ساڵ بەرەو چ قۆناغێک دەچێ؟ ساڵرۆژی دەستپێکی شۆرشی ژینا قۆناغێکی نوێ لە شۆرش دەبێ؟ دەتوانن هەڵسەنگاندنێک بکەن؟
لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی و بەپێی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە ڕەنگبێ هەڵسەنگاندن ئەستەم بێ، بەڵام هەر ئەوەی بنەماڵەی شەهیدان دادخوازان و بەردەوامن لە حەق ئەستاندن، چالاکن بەردەوامن لەگەڵ هەموو گیران و دەستگیرکردن و حوکمەکان، ڕۆژنامەنوسان لە لەقاودان بەردەوامن سەرباقی نەبوونی هیچ ئازادییەک، کەواتە شۆرش بەردەوامە و خەڵکیش لە قۆناغی خەبات دان تا بە ئەنجام گەیشتن و گەیشتن بە ئازادی.
لەو باوەڕەدام ئەو شۆرشە بەجۆرێک لەجۆرەکان لە کات و ساتێکی کە سەرهەڵدەداتەوە درەنگ یان زوو ڕەنگبێ ئەستەم بێ ئێستا پێشبینی بکەین، چونکە زۆر فاکتۆر دەتوانێ ڕۆڵ لەو دووبارە بونەوی شۆرشێکی سەراسەری دا ببینێت.
خاتوو شلێر باپیری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ژنان سپاس بۆ ئامادەبوونتان لەم وتووێژەدا
سپاس