شنە درودگەر
گرینگیی یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران لەدوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی
هەروەک دەزانن دۆخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی خراپی خۆی دایە و لە هەموو ڕەهەندەکانەوە بشێوی تێکەوتووە و ڕێژیم بە تەواوی شەرعییەتی خۆی لەدەست داوە. بەڵام هەر سوورە لەسەر مانەوە و درێژەدان بە حوکمڕانییە سەدە ناوەڕاستییەی خۆی.
ئێستا و لەو شپرزەییەی کە بەرۆکی بە ڕێژیم گرتووە با تاوتۆیەکی کورتی دۆخی نێوخۆیی و دەرەکی ئێران بکەین.
لە دەرەنجامی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمدا، دەبینین کە لە نێوخۆی ئێراندا لە لایەک برسییەتی و هەژاری و هەڵاوسان پشتی خەڵکی چەماندووە و لە لایەکی دیکەوە گرانی و کەمبوونی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی وەک دەوا و دەرمان و شتی دیکە لە بازاڕەکاندا، تەنگی بە خەڵک چنیوە.
سەرەڕای هەموو ئەوانە، زەبر و زەنگ و سەرکوت بەرانبەر بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆ، ئەوەندەی دیکە خەڵکی ئێرانی بەرامبەر بە ڕێژیم توڕەتر و ڕقئەستوورتر کردووە.
هاوکات لە بواری دەرەکیدا دەبینین کە ڕێژیم بە تەواوی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تەریک کەوتووە و ئیزۆلە بووە.
کەوابوو هەم لەڕووی نێوخۆیی و هەم لەڕووی دەرەکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخان و نەماندایە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێستا و لە دوایین پەلەقاژەکانی خۆیدا، هەتا بۆی بکرێ یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران کە لێی بووە بە مۆتەکە تێکیدەدا، چونکە دەزانێ کە ڕەنگە بتوانی سەرکوتی کورد یا بەلووچ یا عەرەب یا ئازەری بکات و بانگی ئازادیخوازییان کپ بکات، بەڵام دڵنیایە کە ناتوانی دەنگی هەموویان بەیەکەوە کپ بکات. دەزانێ هەموویان بەیەکەوە دەتوانن ببن بە شەپۆڵێک کە تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی تێکەوە بپێچی و ڕایماڵێ.
ئێستا پرسیارێک دێتە پێش. ئەویش ئەوەیە کە ئێران دەتوانێ یەکگرتوویی نەتەوەکانی نێو جوغڕافیای ئێران تێک بدات؟
گەلۆ نەتەوەکانی نێو جوغڕافیای ئێران گەیشتوون بەو ئاستە تێگەیشتوویی و هزری نەتەوی و سیاسی، کە ئەو یەکگرتووییە دروست بکەن و بیپارێزن؟
مێژووی نیزیک بە هەشتا ساڵی ڕابردوو لە ئێران، لەو پێوەندییەدا هەندێک ڕاستیمان بۆ ئاشکرا دەکا و دەسەلمێنێ.
ئەو مێژووە ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە نەتەوەی کورد نیزیک بە سەد ساڵە خەبات و تێکۆشان بۆ ماف و ئازادییەکانی خۆی دەکات و لە پێناو ئامانجەکانیدا بە دەیان هەزار قوربانی داوە.
هاوکات ئەو مێژووە ئەوەش دەسەلمێنێ کە تۆشەی خەباتی گەلی کورد پڕە لە دەسکەوت و ئەزموونی تاڵ و شیرین کە بوون بە سەرمایە و سەنگەرێک کە پشتمان پێوە داوە و وزە و هێزی پێداوین بۆ بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشان. ئەو تۆشە و دەسکەوت و ئەزموونانەی کە نەتەوەکانی دیکەی ئێران نەیانبووە و بەداخەوە تێگەیشتنی سیاسی و هزری باوڕبەخۆبوونییان لە ئاست کورد دا کەمترە.
کوردستانی ڕۆژهەڵات و نەتەوەی کورد، بەبڕوای من چەند پلە لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە پێشە.
چوونکە چ لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوی و چ لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، نەتەوەی کورد نەچوو ژێرباری ئەو دەسەڵاتە پاوانخواز و ناوەندگەرایانە و قۆڵی خەبات و بەربەرەکانی لێ هەڵماڵی. لە بەرانبەر بانگی ئازادیخوازی گەلی کوردیشدا، ڕێژیمی گۆڕبەگۆڕی پەهلەوی و بە تایبەت کۆماری ئیسلامیش بە درێژایی تەمەنی خۆییان، وەکوو خاکێکی داگیرکراو هەڵسووکەوتیان لەگەڵ کوردستان و نەتەوەی کورد کردووە و لەڕاستیدا کوردستانیان بە زەبری باتۆم و ئاگر و ئاسن ئیداری کردووە.
ئەو ڕابردوویە تاڵە لە سەرکوت و قەڵاچۆکردنە. گەلی کورد کە تەژییە لە ئەزموون بۆ خەبات، هەم بووە بە هۆی ئەوەی کە خەڵکەکەمان خۆڕاگر و شارەزای شێوەکانی خەبات لەدژی ملهۆڕەکانی ناوەند بن و هەم حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان ببنەوە خاوەن پێگە و هێز لە کوردستان و بەم شێوەیە بتوانن ببنە ڕێکخراوی تۆکمە کە دەبینین چلۆن بە بانگەوازێک هەموو دوکان و بازاڕەکانی کوردستان دادەخەن. ئەم تایبەتمەندییانەی کە لەسەر کوردستان باسم کردن، بوونەتە هۆکار کە هەموو نەتەوە و دانیشتوانی ئێران لە ئێستادا چاو ببڕنە کوردستان و حیزبە کوردییەکان و بۆ بەشداری لە ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، کوردستان و نەتەوەی کورد بکەن بە نموونە بۆ بەشداری چالاکانە و زیاتریان لە فازی نوێ و دووهەمی شۆڕشدا.
بەڵام ئەو تۆشەی خەباتە کە گەلی کورد و کوردستان هەیانە، بە بڕوای من نابێ تەنیا بۆ کوردستان تەرخان بکرێت. بەڵکوو دەبێ کورد هەوڵ بدات لە ڕێگای حیزب و ڕێکخراو و ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە، لە پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکخستنی وزەی هەموو نەتەوەکانی ئێران، ڕۆڵ ببینێ تا هەموویان بەیەکەوە کاریگەریان لەسەر ئێستا و داهاتووی ئێران و داهاتووی نەتەوەکانی کورد و تورک و فارس و بەلووچ و عەرەب و بە گشتی هەموو حەشیمەتی بەبارمتە گیراوی ئێران هەبێ.
نەتەوەکانی دیکەی نێو جوغڕافیای ئێران دەبێ خەبات و تێکۆشانییان پەرە پێ بدەن و لەمە بەدواوە دەست لەنێو دەستی یەک بەرەوڕووی دیکتاتۆری ئیسلامی لە ئێران ببینەوە.
ئەو جیهانبینی و لۆژیکە، قوڵایی ستراتێژی کورد و لەسەرووی هەموویان حیزبی دێموکرات بووە و لەو پێناوەشدا هەنگاوی باشی هەڵهێناوە.
ئەو بانگەوازەی کە ٦ لایەنی کوردی بۆ مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕەکانی کوردستان بۆ ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان درا، نموونەیەکی دیکە لە پێشکەوتنی نەتەوەی کوردە لە ڕووی هزری سیاسی و باوڕبەخۆبوونییەوە بوو. چوونکە هەموو نەتەوەکانی ئێران دووبارە بۆیان دەرکەوت کە دەبێ بۆ ڕزگاربوون خۆیان و بۆ بەچۆکداهێنانی ئەم ڕێژیمە گەندەڵە، یەکگرتوویی کورد بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو بۆ یەکگرتنی هەموو گەلانی ئێران ببینن.
ئێمەش وەکوو یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی نیزیک بە ٨٠ ساڵەی خەباتمان لە دژی داگیرکەرانی کوردستان هەیە.
ئێمەش لە ٨ دەیەی خەباتماندا، ڕاستە هەوراز و نشێوی زۆرمان بینیوە، بەڵام هاوکات ڕۆڵ و کاریگەریی ئەرێنی خۆمان لەسەر بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی کوردستان و ئێران هەبووە.
ئەگەر چاوێک بە ڕابردووی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژناندا بخشێنین، دەبینن کە جگە لە خەباتی مەدەنی و خەبات بۆ مافەکانی ژنان و تەنانەت خەباتی چەکداری شان بە شانی برا پێشمەرگەکان لە هێزە سیاسییەکاندا، لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و پێوەندی لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران هەنگاوی باشمان هاویشتووە.
ئێمە وەکوو یەکیەتیی ژنان پێمانوایە کە ئەوە ئەرکێکە لەسەر شانمان کە بارتەقای ئەو مێژووە پڕ لە شانازییەی کە هەمانە، بەو ڕادەیەش لەسەر ئاستی ژنانی ئێران و بەتایبەت لە شۆڕشی ژینا/مەهسا-دا ڕۆڵ و کاریگەری خۆمان هەبێ. هەر بۆیە بڕیارماندا کە لە بە بەرەبەری هاتنی ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، وەکوو یەکەم هەنگاوی هاوکاری و پێکەوە تێکۆشانی ژنانی سەرانسەی ئێران لە ساڵی نوێی شۆڕشی ژینادا، کۆنفڕانسێک تایبەت بە ژنان لەسەر ئاستی نەتەوەکانی ئێران پێک بێنین تا هەم ببێتە سەرەتا و ئیستارتێک بۆ هاتنە مەیدانی بەرچاوتری ژنان لەسەر ئاستی ئێران، هەم ببێتە سەرەتا و هەوێنێک کە وەکوو ژنانی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران، لەداهاتوودا ناوەندێک لەسەر ئاستی ئێران بۆ ژنان پێک بێنین کە ڕێگەخۆشکەر بێ هەم بۆ ڕەواندنەوەی ئەو پروپاگاندانەی کە چەند دەیەیە ڕێژیم لە سەر نەتەوەکانی ئێران دەیکا و هەم ببێتە بەستێنێکی گونجاو کە درز و بۆشاییەکانی نێوان خۆمانی پێ پڕ بکەینەوە و ببین بە ناوەندێکی تۆکمە کە کاریگەری ڕاستەوخۆمان لەسەر درێژەی شۆڕشی ژینا و داهاتووی ئێرانی دوای ڕێژیمی فاشیتی ئێران هەبێت.
بێگومان ئەو کۆنفڕانسە و کۆنفڕانسی هاوشێوە جا چ لە ئاست ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا بێت، چ لە ئاست حیزبە سیاسییەکاندا بێت، چ لە ئاست نەتەوەکاندا بێت، دەتوان مێتۆد و میکانیزمی گونجاو بۆ ئاراستەکردنی شۆڕش لە سەراسەری ئێران بدۆزنەوە و بەستێنێکی لەبار بۆ پەرەپێدان و هەمەگیرکردنی ساز بکات. چوونکە شک لەوەدا نییە کە دۆخی خراپ ژیان و هەژاری و برسییەتی تینی بۆ خەڵکی ئێران هێناوە و کۆماڵگە بە هەموو چین و توێژەکانییەوە خەریکە دەکوڵێ. دیارە ڕێژیمیش لە بەرانبەردا هەوڵی داوە کە دۆخەکە ئاسایی نیشان بدا، بەڵام لەڕاستیدا گڕکانی ڕقی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران ڕوو لە تەقینەوەیە و بێگومان ئەمجارە دەسەڵات و حکوومەتی ئاخوندەکان ڕادەماڵێ.