ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦/٩/٢٠٢٣، خولێکی سەرەتایی فێرکردنی فیلم و وێنەهەڵگرتن و مۆنتاژ، لە لایەن کومیتەی سویدی یەکیەتیی ژنانەوە بۆ ئەندامانی یەکیەتیی ژنان لەو وڵاتە بەڕێوە چوو.
سەرەتا بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی گەل و شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەستی پێکرد و پاشان لە لایەن “لەتیفە جەباری” بەرپرسی یەکیەتیی ژنان لە سوید، بەخێرهاتنی بەشدار بووان بە گشتی و “ئازاد بانەیی” بەڕێوەبەری خولەکەی کرد و ئاماژەی بە مەبەست و گرینگی دانانی ئەو خولانە بۆ باشتر بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی ئەرکی بۆنە و مەراسیمەکان و هەروەها پشت بەستن بە هێزی ئەندامان و ژنان کرد و هیوای خواست کە بەشداربووان کەڵکی پێویستی لێوەرگرن و بتوانن لە داهاتوودا پاڵپشت و هاوکاری ڕێکخراوەکەمان بن.
پاشان هەرکام لە ئەندامانی بەشداربوو بە کورتی خۆیان ناساند و باسی ئەزموون و شارەزایی خۆیانیان لەو بوارەدا کرد.
دواتر “ئازاد بانەیی”پاش ناساندنی خۆی، باسێکی کورتی لەسەر ڕاگەیاندن و ئەزموونەکانی خۆی لەو بوارەدا کرد و خولەکە بە ناساندنی جۆرەکانی کامێرا و کەرەستەکانی پێویست بۆ کاری مونتاژ، کاتژمێر ٩و نیوی بەیانی دەستی پێکرد و تا کاتژمێر٦ی ئێوارە بە ڕاهێنان و تاقیکردنەوەی بەشداربووان درێژەی کێشا.
لە کۆتاییدا لە لایەن “لەتیفە جەباری” یەوە چەپکە گوڵێک بە نێشانەی سپاس و بۆ ڕێزگرتن لە ئەرک و ماندووبوونی “ئازاد بانەیی” پێشکەش بە ناوبراو کرا.