ڕۆژی شەممە ٩/٩/٢٠٢٣، لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان، ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵە کولتوورییەکانی هەر دوو وڵاتانی سوید و نوروێژ، کەرنەڤاڵێک بۆ ڕێز گرتن و یادکردنەوە لە سێ کارەساتی تیرۆری میکۆنوس، مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و ساڵوەگەڕی شۆڕشی “ژینا” و ژن، ژیان، ئازادی، بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی هەردوو وڵاتانی سوید و نوروێژ، لە شاری ستوکهۆڵم بەڕێوە چوو.
سەرەتای کەرنەڤاڵ بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و بۆ وەفا و ڕێز لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری بەدانانی دەست لەسەر سینگ ساتێک بێدەنگی ڕاگەیێندرا.
دواتر لە لایەن بەڕێوەبەرانی کەرنەڤاڵ، “شنۆ مێهرپەروەر” و “کوێستان بابایی” بە هەر سی زمانی کوردی، فارسی و سویدی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و بە کورتی ئاماژەیان بە مەبەستی کەرنەڤاڵ و ڕیزی بەرنامەکان کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کەرنەڤاڵدا، پەیامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن “عومەر باڵەکی” ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزب، پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی سوید و نوروێژی حیزبی دێموکرات لە لایەن “سمایل عەلیپوور” بەرپرسی کۆمیتەی نوروێژ، پەیامی کونگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە لایەن “جەمیلە حەسەنخاڵی” نوێنەری حیزب لە کونگرەدا، پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان، خوێنکاران، ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسی، کۆمەڵه کولتوورییەکانی هەر دوو وڵاتی سوید و نوروێژ لە لایەن “لەتیفە جەباری” بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی سوید، پەیامی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوید لە لایەن “قادر کاسیرگا” و پەیامی حیزبی لیبراڵی سوید لە لایەن “فرێدریک ماڵم” پێشکەش کران.
بڕگەی یەکەمی کەرنەڤاڵ بە پێشکەش کردنی بەرهەمێکی هونەری لە لایەن “هێدی قادری” یەوە کۆتایی پێهات.
لە بڕگەی دووهەمی کەرنەڤاڵدا هاوکات لەگەڵ پێشکەشکردنی پارچە ویۆلۆنێک لە لایەن “هەڵۆ غەریب” ەوە، شانۆی “ژن، ژیان، ئازادی” لە نووسین و دەرهێنانی “ساڵح بادپەروا” بە پێشاندانی دیمەنی شەهید کردنی “ژینا، نیکا، کۆمار، کیان و خودانوور” و هەروەها دیمەنێک لە شەهیدان ” ڕێحانە و وانیار” ڕێز لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و شەهیدانی کارەساتی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات گیرا. لە درێژەی بڕگەی دووهەمدا، هونەرمەندان “دڵنیا ڕەزازی”، “نارین فەقێ” و “ایدا”، بە پێشکەشکردنی سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕی سەرنجی بەشداربووانیان ڕاکێشا و بە پێشکەشکردنی بەرهەمێکی هاوبەشی “ڕابوون ڕۆژهەڵات”، “پێدرام شەهلایی” و ” شۆڕش بۆکانی” کۆتایی بەم بڕگەیەش هێنرا.
لە بڕگەی سێهەم و کۆتاییدا، کە پێشانگای وێنەی شەهیدان بوو، ژنان بە جلوبەرگی سپی کوردییەوە و هەڵگرتنی وێنەی شەهیدان و هەڵبەستنی چاویان بۆ ڕێز گرتن لەو کەسانەی کە چاویان لە شۆڕشی ژینادا لەدەست داوە، بە ڕیز لەگەڵ خەڵکی بەشدار بووی کارنەڤاڵ، بەرەو گڵکۆیێکی نمادین لە شێوەی گڵکۆی ژینا و بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بەڕێ کەوتن و بە دانانی چەپکە گوڵ لەسەر مەزاری “ژینا”، کەرنەڤاڵ پاش سێ کاتژمێر کۆتایی پێهات.
پێویست بە ئاماژەیە کە چەندین نامیلکە بە زمانی سۆئێدی کە باسی لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و ئامانجی کەرنەڤاڵەکە دەکرد، بەسەر خەڵکی سوئێدی دا بڵاو کرایەوە. .