نەسرین یوسفزادە
فیلمی سینمایی دەنگەڵ(دنگل) فیلمێکی هیندییە بە نواندنی “ئەمیر خان” و دەرهێنەری “نیتیش تیواری”یە کە لەسەر ژیان و بەسەرهاتی زۆرانبازی ناسراو “ماهاویر سینک” دروست کراوە. دەنگەڵ خۆی لە زمانی هیندیدا بە مانای زۆرانە.
فیلمەکە لە بابەت بنەماڵەیەکی هیندییە کە لە یەکێک لە ئاواییەکانی هیندوستانە و داب و نەریت ڕیگە بە کچان و ژنان نادا بەشێوەیەک کە ئارەزوویانە بژین و ژیان بۆخۆیان هەڵبژێرن. لەو ئاواییە کەسێک دەژی کە دوو کچەکەی بە ڕاهێنان و پێداگری دەکاتە دوو زۆرانبازی ئازا و تا ئەو ڕادەیەی کە کچە گەورەکەی بۆ یەکەم جار میداڵی زێڕی زۆرانبازی لە کێشی ٥٥ کیلۆی خانمان بۆ هیندوستان بە دیاری دەهێنێ.
ئەوەی جێی سەرنج و ئاماژەیە شێوەی بیر کردنەوەی ئەو باوکەیە و کە چۆن لە کۆمەڵگەیەک کە ژن هیچ مافێکی نییە، داب و نەریت ڕێگرە لە بەرابەر هەموو شێوە پێشکەوتنێکی ژنان و تەنانەت شێوەی پەروەردەش وای کردووە کە کچان تەنیا بەختەوەری لە ماڵداری و منداڵداری و جوانکاری و تەجەمولدا ببینن، ئەو باوکە بە هەر شێوەیەک بێ کچەکانی وا پەروەردە دەکا کە بە هێزی بازوو و بیر و هزریان شانازی بۆ وڵاتەکەیان دەخوڵقێنن.
لە شوێنێکی فیلمەکەدا دایکیان دەڵێ ئەگەر ئەو کچانەی ئێمە ئاوا پەروەردە کرێن ئیتر کەس نایانخوازێ، باوکیان دەڵێ کچەکانم ئەوەندە بەهێز باردێنم کە خۆیان پیاوێک هەڵبژێرن و بیخوازن. بە دەیان لەمپەڕ دێتە سەر ڕێی ئەو باوکە بەڵام کۆڵ نادا. لە شوێنێکی دیکەدا بە کچەکەی دەڵێ ئەگەر تۆ ئەو میداڵە زێڕە بەرێوە دەبی بە هۆکار بۆ ئەوەی کە ژنان و کچان بڕوایان بە هێز و توانای خۆیان بێ.
ئێمەی کورد سەدان ساڵە کە داب و نەریت بەسەرماندا زاڵە هێندێک لەو نەریتانە زۆر بەجێ و جوانن. بەڵام هێندێکیان جێیان بۆ دەستتێوەردان هەیە و دەبێ بگۆڕدرێن ئێستاش لە هێندێک شوێن کچ شەرم دەکا کە داوا و ویستی خۆی بە باوکی بڵێ یان باوکەکان ئەوەندەیان خۆ لە کچەکانیان نیزیک نەکردووەتەوە و لەگەڵیان کۆک و تێکەڵ نەبوون کە بتوانن قسەی دڵیانیان لەلا بکەن. زۆر لە باوکەکان ئێستاش بە چاوی لاواز (زەعیفە) چاو لە کچەکانیان دەکەن و ئەگەر موحیببەتیشیان پێ دەکەن لە ڕووی بەزەیی پێداهاتنەوەیە. بە دەگمەن بابێک هەڵکەوتووە کە بەوڕادەیەی کە پێی خۆشە کوڕەکەی سەکەوێ ئارەزووی سەرکەوتنی کچەکەی دەکا چونکە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئاخیری خۆ دەبێ ژیانی هاوبەش پێک بهێنێ و منداڵی بێ و ئەو کات پێویستی بەوە نابێ کە کارێک بکا. هەڵبەت ئەوە لە هێندێک بنەماڵەدا هەیە و لەوانەیە ئێستا وا نەبێ بەڵام بە دەگمەن کەسانێکی وەک ئەو باوکە کە لەو فیلمەدا ڕۆڵی نواندووە دەبیندرێ کە خۆیان بە پێداگری ببنە پاڵنەر بۆ سەرکەوتنی کچەکانیان.
بەو هیوایەی کە جیهان پڕ بێ لەو باوکانە.