شەهرام سوبحانی
تێرۆر بەشیک لە مێژوویی سیاسیی مرۆڤەکان پێک دێنێ، کە وەک دیاردەیەکی قیزەون بە مەبەستی جۆراوجۆر لەلایەن دەوڵەتانەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەم کردەوەیە بۆ لەناوبردنی ئەو کەسانەی کە خاوەن بیرو بۆچوونێکی جیاوازی ئایینی یان سیاسین زیاتر دێتە ئاراوە. و هەمووکات مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەرگیانی چالاکڤانانی بە هەڵوێست کە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو لە حیزبێک یان ڕێکخراوێکی سیاسیدا سازمان دراون.
جابۆیە ئەگەر بمانهەوێ بە کورتی ئاوڕێک لە چۆنییەتی پەیدا بوونی تێرۆر بدەینەوە، دەڵێن کاتێک مەسەلەی دەسەڵات و دەسەڵاتداری لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا ڕەنگیداوە و وەکوو نەریتێک لە میللەتانا هاتەگۆڕێ، دیاردەی تێرۆریش وەک ئەمرازێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناوەندیی کەڵکی لێ وەرگیرا. جا بۆیە شتێکی نامۆ نییە و هەمیشە وەک بژاردەیەک بۆ پاراستنی دەسەڵات و سنووری دەسەڵاتداران بوونی هەبووە. بەڵام ئەم دیاردەیە زۆر بە کەمی لە وڵاتە دێموکراتیکەکانا بەرچاو دەکەوێ، لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە! بۆ؟ چوونکە وڵاتێک کە خاوەن سیستمی بەڕێوەبەریی دێموکراتیک بێت دیاردەی هەڵاواردن و زوڵم و زۆری دەسەڵاتداران تێیدا زۆر بە کەمی دەبیندرێ و لە ئاکام دا شتێک بەناوی تێرۆر و مەسەلەی تێرۆر لە میدیاکانا ڕنگدانەوەی نابێت. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت دەسەڵاتە فاشیزمەکانە کە ئەم دیاردە لە نێویاندا شەپۆلدەدا چوونکە تێرۆر و تێرۆریزم بوون، لە فاشیزم بوونەوە سەچاوە دەرگرێ.
ئەم ڕێژیمەش وەک ڕێژمیکی فاشیزم کە لە سەر دووچەمکی فاشیزمی”ئایینی”و “قەومی”دامەزراوە، قەت مەیدان بەو کەسانە نادا کە ئیستعدادی ئەوەیان هەیە جێگرەوەیەکی باش بن بۆ داهاتوو، هەر بۆیە هەلومەرجی لەناوبردنی ئەو کەسانە دەخولقێنن. تا تەمەنی زیاتر بۆ دەسەلاتەکەیان مسۆگەر بکەن.
ئەم دیاردەیە لە دەوڵەتانی پێشکەتوو و دێموکراتیکدا وەک کارێکی نەشیاو و دژە مرۆڤی مەحکووم کراوە، و هەموو ساڵێک ڕێکخراوە مرۆڤییەکان لە بەرابەر ئەم کردەوە هەڵوێست دەنوێنن و بە توندی مەحکوومی دەکەن. و پێیان وایە ئەم دیاردەیە دەبێ بۆ هەمیشە لە گۆڕەپانی سیاسیدا بنبڕبکرێ. بەڵام بە پێچەوانەوە لە ڕێژیمە دیکتاتورەکاندا پەنا بۆ تێرۆربردن بووەتە بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەتی حاکم بۆسەپاندنی بۆچوونی حاکم و ئەمرازێک بۆ پاراستنی دەسەڵات، جابۆیە ئەو دەوڵەتانەی کە بە زەبری کوشتن و بڕین و ئەشکەنجە خاوەنداری وەڵاتێکیان وە ئەستۆگرتووە. هەمووکات لەم دیاردەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تاک و دەسەڵاتی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن. تاکوو ئەمنییەتی خۆیان لە بەرامبەر ئەو کەسانەیی کە بەئیستعداد و جێگرەوەیەکی باشن پارێزاوبێت.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ هەتاوی، کۆماری ئیسلامی بە هۆی پەرەپێدان بە دیاردەیی ”تێرۆر” و ”تێرۆریزم”ی نێودەوڵەتی لە لایەن هێندێک لە دەوڵەتان و ڕێکخراو ودەزگا حوکمییەکانەوە بە توندی مەحکووم کرا، ئەو دەوڵەتانە بریتی بوون لە: ئەڵمان، ئیسرائیل، ئینگلیس، و….. هتد. و هەروەها دەوڵەتی ئەمریکاش ڕێژیمی ئێرانی بە هۆی پاڵپشتی لە ”تێرۆر” و درووتسکردنی دەیان گرووپی تێرۆریستی(حەشدی شەعبی و…) مەحکووم کردووە، و لە کۆتایشدا سەرەکی ترین لقی دەسەڵاتی ڕێژیمی(سوپای پاسداران)ـی لەنێو لیستی تێرۆریستییەکانی دنیا هاویشتووە جێگەی ئاماژەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٦ لە ڕاپۆرتی ساڵانەیی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ”کۆماری ئیسلامییە” ئەم هەوڵە لەلایەن زلهێزەکانەوە هەنگاوێکی باشە بۆ کەمڕەنگکردنەوەی دیاردەیی تێرۆر لە ئاستی دنیا
هەروەها کارێکی مرۆڤییە بۆ گەشەسەندن و سەقامگیرکردنی دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین.
بەڵام ئەمە تەنیا بەس نییە، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم کردەوانە چوونکە هێندێک لە دەوڵەتانی ئورووپایی بەهۆی بەرژەوەندیی خۆیان زۆرجار چاپۆشی لە ڕاستییەکان دەکەن.
بۆ نموونە: ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری تێرۆریستیی ڕێژیم کە لە ئورووپا بە هۆی پیلانی تێرۆریستی دەسگیرکرابوو، ئەمساڵ لە ڕێککەوتنێکی نێوان ئێران و بەلژیکدا ئازادکرا، جابۆیە دەتوانین بڵێن کە چاپۆشی وڵاتانی دێموکراتیک لەم بارەوە مەیدانی تێرۆری بۆیان ئاوەڵاتر کردووە. بەڵام لە ڕاستییدا ئەم نەریتە زیاتر لە دەوڵەتانی توتالیتەر و سەرەڕۆدا بەرچاو دەکەوێ. چوونکە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بە پێی ویست و داواخوازی خەڵک نەهاتوونەتە سەرکار و تەنیا بە زەبری چەک و سەرکوت و بڕین توانیویانە لە دەسەڵات دا بمێنەوە. جا بۆیە بێ کارامەی ئەم دەسەڵاتانە وایکردووە کە هەر ڕۆژ زیاتر لە دوێنێ بە ڕێژەی چالاکڤانانی سیاسیی و مەدەنی زیاتر بێت، چوونکە ئەم دەسەڵاتانە بە هۆی ئەوەیکە ناتوانن وڵامدەری ویست و داواخوازییەکانی خەڵک بن لە یەکەم هەنگاودا ماشینی تێرۆریزمی خۆیان وەگەڕ دەخەن تاکوو گەورەترین مەترسی سەر دەسەڵاتەکەیان لە گۆڕەپانی سیاسییدا کەم بکەنەوە.
لەم پێناوەشدا چەکەکانیان کردووتە زامنی پاراستنی خۆیان بۆ مانەوە لە دەسەڵات، وەکوو کۆماری ئیسلامی کە لە هیچ کردەوەیەک دژە مرۆڤی دەست پارێزی ناکات تاکوو نیزامێکی بێ پڕەنسیپی وەلایەتی فەقهی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم ئەم دیاردەیە زیاتر لە کوردستاندا بەکار دێنن چوونکە مەسەلەی کورد و پرسی نەتەوەیی کورد هەر دوای ڕووخانی ئیمپراتوری عوسمانی و دابەش بوونی بەسەر ٤وڵاتدا، وەک پرسێکی چارەسەرنەکراو لە گۆڕپانی سیاسیدا ماوەتەوە، ئەم ناڕوونی چارەنووسە لە بەردەم ئەم میللەتە، وایکردووە کە کوردستان له جوغرافیایی ئێراندا جیاوازتر دەرکەوێ، ئەم دەرکەوتنش بە درێژایی مێژوویی تەمەنی نەگریسی کۆماری ئیسلامی بۆ کورد هەر قوربانی و کوشتن و بڕین بووە، هەر بۆیە ڕێژەی زیاترین قوربانی ماشینی تێرۆری ڕێژیم، کوردستانە.
ئاوڕدانەوە لە مێژوویی ۴ دەیە دەسەڵاتداری ڕێژیم پێمان دەڵێ کوردستان وەک خاک و نەتەوەیەکی بەش خوراو هەمووکات ماشینی تێرۆر و تێرۆریزمی داگیرکەر بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد وەک یەکەم بژاردە بۆ لەنێو بردنی تێکۆشەرانی سیاسی و بە ئەزموونی ئەم نەتەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە. بە پێی ئاماری ڕێکخراوە مرۆڤییەکان هەتا ئێستا زیاتر لە ۴۰۰ کەس لە ئەندامانی ئۆپۆزیسونی کوردی بە دەستی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کراون کە زیاتر لە ۳۰۰ کەسیان ئەندامی حیزبی دێموکرات بوون کە بوونەتە قوربانی ماشینی تێرۆری ڕێژیم کە تازە ترینیان شەهید”سیامەند شابویی” کە بە دەستی جەلادانی کۆماری ئیسلامی لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان تێرۆرکرا، وهەروەها جێگەی ئاماژەیەکە لە چەن ڕۆژی ڕابردوودا دوو ئەندامی دیکەی حیزبی دێموکرات بەناوەکانی شەهید “عادڵ موهاجیر” ناسراو بە”سەرباز” و “لوقمان ئاجی” لە شاری قەڵادزێ باشووری کوردستان بە پیلانی تێرۆریستی لەلایەن بەکرێگیراوێکی نێردراوی ڕێژیمەوە تێرۆر کران و ڕۆحی نەمریان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.
ئەڵبەت جێگایی خۆیەتی ئاماژەش بەوە بکەم، ئەم تێرۆرانە، یەکەم قوربانی و دووهەم قوربانی نییە، بەڵکوو کوردستان لە مێژ ساڵە بووەتە شوێنی ململانێ لەگەڵ فاشیستان و داگیرکەران، کە بەرچاوترینی ئەم تێرۆرانە تێرۆری دوو سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات شەهید دوکتور قاسملوو، دوکتور سادق شەرەفکەندی” بوو. کە لە لایەن دیپلۆماتداکارە تێرۆریستەکانی ڕێژیمەوە بە پلانێکی ناجوانمێرانە تێرۆرکران.
مەبەستی سەرەکی ڕێژیم لە بەرانبەر ئەم جینایەتانە سڕینەوەی پرسی شوناسخوازانەو و ئازادیخوازنەی کوردستان بوو، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم پرسە ڕەوایە زیاتر لە دوێنێ پەری سەندوو بڵێسەی ئەم ئاگرە زیاتر لە دوێنێ داوێنی ڕێژیمی گرتۆتەوە. هەر بۆیە تەنیا نەمانی ڕێژیمە دەتوانێ کۆتایی بەم تێرۆرانە بێنێ. چوونکە تا کاتێک کە بمێنن دەکوژن، کاتێک ناکوژن کە نەمێنن. هەر بۆیە ئەرکە لەسەر هەر هەموومان کە پێکەوە بە هەماهەنگی و هاودەنگی نێوان خۆمان کۆتایی بەم دەسەڵاتە بێنین ولە هەنگاوی یەکەمدا دەبێ یەکیەتیی فیکری و سیاسی نێوان هەموو ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێرانی وەک زەروورەتێک پێک بێت. تا لە ئاکامدا بتوانین لەم قۆناغە هەستیارەدا دەسکەوتێکی هەرە مەزن بۆ داهاتوو دەستەبەرکەین.