هەردی سەلیمی
لەبیرمە تازە پێدەگەیشتم، هەواڵی کوژرانی سێ قاچاخچی بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، گەڕەکەکەمانی هەژاند. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هەواڵێکی تریش زیاد بوو: “نایەڵن لە شاناز بیاننێژن.” گۆڕستانی شاناز ڕێگەی گەشەی نەمابوو، ئیتر دەبوو مردوو بەرنە دەرەوەی شار، بۆ گۆڕستانی نوێی شار بە ناوی “ئایچی”؛ بە تەرمی ئەو سێ کەسە گۆڕستانی ئایچی ئاوەدان کراوە. ئەمە یەکەم جار بوو ئەو ناوەم بەرگوێ دەکەوت. ئایچی گوندێکە لە چەند کیلۆمیتریی شاری سەقز بەرەو بانە هەڵکەوتووە.
هەمان گۆڕستانی ئێستەبەناوبانگی ئایچی، کە تەرمی ژینا ئەمینیی لەخۆ گرت. ڕەنگە ئەمە تەوسێکی مێژوویی بێت کە ئەو دەسەڵاتەی وا لە گۆڕستانی بەهەشتی زارای تاران، شوێنپێی خۆی قایم کرد، دوای نزیکەی ٤٤ ساڵ لە گۆڕستانێک بەناوی ئایچیی سەقز وەلەرزە هات. ڕۆژی ۲٦ـی خەرمانانی ۱٤۰۱ کاتێک ژینا ئەمینی لەنێو ئاپۆرەی خەڵکی ئەو شارەدا بە خاک سپێردرا، کەسێک لەسەر کێلی کاتیی گۆڕەکەی، ڕستەیەکی مێژووییی نووسی: “ژینا گیان! تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز” ئەم پێشبینییە پێغەمبەرانە وەڕاست گەڕا و ناوی ژینا و گۆڕی ژینا و گۆڕستانی ئایچی بووە ڕەمز و هێما و ناونیشانێک بۆ شۆڕشێکی نوێ. دروشمی بەرزی “ژن، ژیان، ئازادی” لە جوغرافیای مردووەکاندا بەرز بووەوە، مەغریبسانێک وا بووە هێما و ئافرێنەری خۆرهەڵاتن و دەسپێک و لەدایکبوونی ڕۆژ و ڕۆژانێکی نوێ.
ئەمجارە خاڵە بەهێزەکەی کۆماری ئیسلامی بووە خاڵی لاوازیی ئەو ڕێژیمە. بەدرێژاییی مێژوو ئەوان ساڵوەگەڕ و زیارەتگە و ناونیشانی کەسایەتییە مردووەکانیان لا گرنگ بووە و بەرزیان نرخاندووە، تێچوویەکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی لە ساڵوەگەڕەکاندا خەڵکانێک ناچار بە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانیاندا بکەن و پەیمانیان پێ نوێ بکەنەوە یا فرمێسکیان پێ هەڵوەرێنن و بیانهێننە سەر هەست، بەڵام ئەمجار جیاواز بوو و زەندەقیان چوو لە گۆڕ و گۆڕستان و حەوتە و چلە و یادی لەدایکبوون و هەر یادێک وا ڕقی پیرۆزی خەڵک هەستێنێ و وەخرۆشیان بێنێ. پێشتر خاوەران و زۆر شوێنی تریان تێک دا بۆ ئەوەی نەبێتە هێما و ڕەمز و بیرۆکەی مێژووییی خەڵک لەژێر تیۆریی “ئەوەی لە پێش چاوان ونە، لە دڵ و مێشکیشدا ون دەبێ” تووشی ئالزایمێر بکەن، ئەڵبەت تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئەوەیان لەگەڵ ژینا و شەهیدەکانی دوای ژینا تا ئێستا پێنەکراوە و ئەمەش هۆی سەرەکیی شێواوییانە. چلەی ژینا یەکێک لە بەهێزترین خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی بوو، جەژنەکانی نەورۆز و ڕەمەزانیش – بەڵام بە ئاستێکی زۆر کەمتر – بە هەمان شێوە. لەم شۆڕشەدا گۆڕستانەکانی کوردستان بوونە جێژوانی ئاشقانی ئازادی و سەربەستی، خەڵک لە بۆکان و لە مەهاباد لە ڕۆژێکدا چەند جار ناچار بوون بچنە گۆڕستانی شار، بەڵام هەر جارە و بە وزەیەکی بەرزترەوە گەڕانەوە بۆ سەر شەقام. لەوێ بنەماڵەی شەهیدان بەحەق هەستیان بە تەنیایی نەکرد و دروشمەکانی “… قارەمانە، شەهیدی کوردستانە” و “دایە مەگری بۆ ڕۆڵە، شەرت بێ بستێنین تۆڵە” دەنگی شۆڕشی دلێرتر دەکرد.
ئێستا کۆماری ئیسلامی لە دووپاتبوونەوەی ئەم ڕووداوانە زراوی چووە و کۆمەڵێک پلانی بەدەستەوەیە. دادستێنی وڵات لەگەڵ شارەدار و فەرمانداری تایبەت و ئەندامێکی شۆڕای شاری سەقزدا کۆبوونەوەی پێکهێناوە، لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە گۆڕستانی ئایچی تێک بشێوێندرێ و تا ساڵوەگەڕەکەی ژینا ئەم دەستوورە جێبەجێ بکرێت. ئەم شێواندنەش بە شێوەیەک بێت کە گۆڕی ژینا بشاردرێتەوە و بکەوێتە پەراوێزەوە، ئەو کە گۆڕەکەی لەسەر ڕێگە سەرەکییەکەی نێو گۆڕستان هەڵکەوتووە و بە ئاسانی خەڵک دەیدۆزنەوە، دوور بکەوێتەوە و گۆڕگەلێکی تر لە تەنیشتیدا ساز بکرێن. بێجگە لەم هەوڵەیان کە باس کرا، ڕێگەی سەرەکیی چوونە نێو گۆڕستانیان داخستووە بۆ ئەوەی ماشین نەچێتە ژوورەوە، لەسەر مزگەوتی گۆڕستانەکە کامێرایەکی چاودێرییان دامەزراندووە تایبەت بە گۆڕی ژینا بۆ ئەوەی هاتوچۆکان تۆمار بکات، دوو جار شووشەی کێلی گۆڕەکەی ژینایان تێکشکاندووە، ڕێگەیان بە بنەماڵەکەی نەداوە سایەبان لەسەر گۆڕەکەی دانێن و دەستووریان داوە هەموو سایەبانەکانی نێو گۆڕستان لابچێت، هەتا گۆڕەکان یەکدەستتر بن و ناسینەوەیان ئەستەمتر.
ڕێژیم بە هەموو هێز و توانایەوە لە هەوڵدایە ئەم ناونیشانە سەرڕاستە و ئەم مێژووە هاوبەشە تێک بدا لە خەڵک و بەتایبەتی لە بنەماڵە شەهیدە مافخوازەکان، بۆیەش دەسبەسەرکردنی بنەماڵە شەهیدەکانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی بیانتۆقێنێت و پێیان شل بکات لە بەدواداچوون. ئەرکی ئێمە ئەوەیە و پێویستە لەسەر گرنگیی ناونیشانەکانمان و هێماکانی یەکیەتیمان وەک ڕێژیم لەسەر هەست بین، هەتاکوو بتوانین پلانەکانی پووچەڵ بکەینەوە.
لەم پێوەندییەدا ئەو مانگرتنە وشیارانەی خەڵکی شاری سەقز لەسەر پاشخانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی لەسەرهەست کە بۆ بەدەسهێنانی مافەکانیان زۆر یەکهەڵوێست دەرکەوتوون (لە مانگرتنەکان بە بۆنەگەلی جیاواز وەک هێرشی شیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و مانگرتنی مامۆستایان و ئەم مانگرتنە نوێیەش بەبۆنەی پلانی گۆڕانی گۆڕستانی ئایچی)، لە ڕاستیدا تێگەیشتن لە گرنگیی یەکڕیزی و هاوچارەنووسی و هەروەها پاراستنی هێماکان بوو، بۆیە نابێ بە تەنیا جێ بهێڵدرێن و دەبێ ئەم کردارانە ببنە وانەیەکی گشتی بۆ هەموو شوێنەکانی تریش.
ئەو بابەتە لە ژومارە ٦١ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بووەتەوە