کوێستان بابایی
پێشەکی
بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوێی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرهەڵدان و رێبەرایەتی بەدەست پیاوانەوە بووە. بەشداری ژنان سنووردار بووە و کاریگەریی بەرچاویان کەمتربووە، بۆیەش لە ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەکاندا کاراکتێری سەرەکی نەبوون. بەچاوخشاندنێکی خێرا بە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان دا بۆمان دەردەکەوێ کە ژنانی کورد هەر لەسەردەمی کۆماری کوردستانەوە هاندراون و هاتوونەنێو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئەوکاتی کوردستان، بە ناردنیان بۆ خوێندن و دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەت بەژنان حێزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان و دواتر یەکیەتیی ژنان. کەمێک دوورتریش بڕۆین ژنانی کورد هەمووکات هاوکاری پیاوان بوون لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و کاری رۆژانە بۆ بژێوی ژیان و خۆ بەڕێوەبردن لە مووچە و مەزراکان و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ، کە پیشەی سەرەکی زۆرینەی خەلكی ئەوکات بوون.
ژنانی کورد بەگوێرەی پێشینەی بەشدارییان لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دا، هەمووکات دەرفەتی هاتنە مەیدان و بەشدارییان لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە، بۆیە دەبینین لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبەکانی کوردستان دا بەرچاون، لەهەمانکاتدا هەرچەند زۆرکەم و زۆر لەخوار ئاستی پێویستدا بەڵام لە ڕێبەریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیش دا بەشدارن. بەدڵنیایییەوە ئەگەر دەرفەتی زیاتر هەبا بێگومان ژنان زیاتر دەهاتنە مەیدانی کاروتێکۆشان و کایە سیاسی و ئابوورییەکانەوە. کاتێک باسی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەین نابێ ئەوەمان لەبیربچێ کە سەرەڕای هێندێک دابونەریتی کۆمەڵایەتیی ڕێگر لەبەردەم بەرەوپێشچوونی ژنان، دەسەڵاتێکی مەزهەبی لەسەرکارە کە ئەویش دەرفەتەکانی ژنانی هێندەی دیکە سنووردارتر کردووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەهۆی کراوەیی ڕێژەیی کۆمەڵگای کوردستان و بەرەوپێشچوونی ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵگا، ژمارەی کچان و ژنانی خوێندەوار زیادی کردووە و بەخۆشیەوە ژمارەیەکی زۆری کچان و ژنان خوێندەوارن و پلەی خوێندنی ئاکادێمی بەرزیشیان هەیە. بێگومان ئەمەش بە شێوەیەکی گشتیی کاریگەریی هەیە لەسەر گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگا بەگشتیی و پیاوان بەتایبەتی بۆ تواناکانی ژنان لە بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگا لەهەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی دا.
شۆڕشی ژینا
بەدوای کوشتنی ژینا ئەمینیدا، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگیانەی بەهۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە لەبەردەم خەباتی ژنان دا هەن، ژنانی کورد بوونە پێشەنگی ڕاپەرینێکی مۆدێرن و سەردەمیانەی خەڵکی کوردستان و ئێرانیش. خەڵکی ئێران بەگشتیی و کوردستان بەتایبەتیی لە کۆماری ئیسلامی بێزاربوون و لەهەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن بۆئەوەی ئەم ناڕەزایەتییە بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕابگەیەنن. مەرگی ژینا بوو بەدەسپێکی شۆڕشێکی سەرتاسەری لە کوردستان و زۆربەی شارەکانی ئێرانیشی گرتەوە. بێگوومان هۆکاری ئەم ڕاپەڕینە تەنها کوشتنی بە ناهەقی ژینا نەبوو، بەڵکو ئەم تاوانە بوو بەهۆکاری سەرەکی دەسپێکردنی ئەم ڕاپەڕینە. لەهەمانکاتدا پشتیوانی بەشەکانی دیکەی ئێران هەمان ئامانجەکانی خەڵکی کوردستانی نەبوو، بەڵام بە ئیلهام وەرگرتن لە ئازایەتیی ژنانی کورد و پشتیوانی بێوێنەی پیاوانی کوردستان، ئەوانیش کەوتنە جووڵە.
شۆڕشێکی ژنانە
جیاوازی ڕاپەڕینی ژن، ژیان ئازادی ”شۆڕشی ژینا“ لەوەدایە کە ژنان ڕێبەریی ئەم شۆڕشەیان کردوو و پیاوانیش بوونە پشتیوانیان و نەیانویست جڵەوی شۆڕشەکە بگرنە دەست، بەڵکو بوونە بزوێنەر و پشتیوانی. ئەم شۆڕشە سەرەتای قۆناغێکی تازەیە لە خەبات بەدژی دیکتاتۆریی لە ناوچەکەدا. فراوانی مانا و تێگەیشتنی دروشمی ”ژن، ژیان ئازادی“ کە باس لەتوانایی و کاریگەری ڕۆڵی ژنان دەکا لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەلانی ئازادیخوازدا بەرامبەر بە دیکتاتۆری، نادادپەروەری جێندەری، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی. ژنان و پیاوانی ئێرانیشی هێنایە مەیدان. بێگومان، بەشدارییەکی سنووردار و لە پێشدا هەر بەپشتیوانی لە خەڵکی کوردستان و لەلایەن کوردەکانی دانیشتووی شارە جیاوازەکانی ئێرانەوە بوو و دواتر ڕێژەیەکی زیاتری خەڵک بەشداربوون و دروشمەکانی خەڵکی ڕاپەڕیویش گۆڕانیان بەسەردا هات و زیاتر جەختیان لەسەر کۆتایی هێنان بە سیستێم و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کردەوە. یەکێک لە دروشمەکانی خەڵکی ئێران بریتیی بوو لە “کوردستان چشم و چراغ ایران” کە بەڵگەیە بۆ هاوپێوەندی گەلانی ئێران و خاوەندارێتی کوردستان لە سەرهەڵدان و دەسپێکردنی ئەم شۆڕشە.
بەهۆی ئازایەتیی ژنان و پیاوان کە بەدەستی بەتاڵەوە بەرامبەر یەکێک لە دڕندەترین و دواکەوتووترین ڕێژیمەکانی جیهان و ناوچەدا چوونەوە و لە مردن، زیندان و ئازار و ئەشکەنجە نەدەترسان. هەر زوو شۆڕشەکە پشیتیوانیەکی بەرینی نێونەتەوەیی بۆدروست بوو. ڕاستە نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە هێز و ڕێکخراوە سیاسییەکان و خەڵکیش لەدەرەوەی وڵات هەوڵی زۆریان دا و لە ڕاستای کۆکردنەوەی دۆست و پشتیوان بۆ ئەم شۆڕشە تێکۆشاون.
شۆڕشێ ژینا لە چەند بواردا مایەی سەرنج و لێوردبوونەوەیە
فێمێنیزم
بەبێ ئەوەی باسێک لە فێمێنیزم لەگۆڕێدا هەبێ سیمبۆلێکی فێمێنیستی وەرگرت و لە دنیاشدا لە پێشدا ژنان پشتیوانیان لێکرد ”بەبڕێنی پرچەکانیان، لەکۆبوونەوە و بۆنە جیاوازەکاندا“ و دواتر بەشێکی زۆری خەڵکی دنیاش کە بانگەواز و دەنگی ئەم شۆڕشەیان پێگەیشت و لەمانا و بنەماکانی تێگەیشتن. هەربەم هۆیەوە پشتیوانییەکی بەرینی نێونەتەوەیی بۆ ئەم شۆڕشە بینرا.
ئازایەتیی و بوێری
خاڵێکی دیکەی مایەی سەرنجی ئەم ڕاپەڕینە، سەرەڕای ئەوەی کە بەداخەوە تێچووی گیانیی زۆربووە و لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆری ژنان، لاوان و مێرمنداڵانیش بوونە قوربانی. خەڵکی زۆر لە زیندانەکاندانو بە دڕندانەترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن. دایکان، باوکان و کەس و کاری قوربانیانی ئەم شۆڕشە لەبری شین و گریان! وتاری نەتەوەیی و نیشتیمانی پێشکەش دەکەن، ورە و هێز و توانا دەدەنە بەر لاوان و بزوێنەرانی ئەم شۆڕشە و داوای بەردەوامی و سارد نەبوونەوەی ئەم شۆڕشە دەکەن، دایکانی جگەرسوتاوو داوادەکەن تۆڵەی جگەرگۆشەکانیان بکرێتەوە و ئەم شۆڕشە تاسەرکەوتن بەردەوامبێ.
ڕۆڵی ژنان لە ڕێبەرایەتیی شۆڕش دا
پیاوان شانازی بە بەشداری لەم شۆڕشەدا دەکەن و هیچ کێشەیەکیان نییە لەگەڵ ئەوەی کە، ژنان بەرپرس و ڕێبەریانن. ژنان بەهێزتر و بەوەرەتر دەردەکەون و ئازایانە بەگژ بەکرێگیراوانی دەوڵەتدا دەچنەوە و ناترسن، ئەوان پێشەنگ و رێکخەری ڕێپێوانەکانن و ئەم پێشڕەوییە لە ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی خۆنیشاندانەکانی دەرەوەی وڵاتیش دا بەرچاوە.
یەکێتی و یەکڕیزی، نێوان گەلانی ئێران
ئێران وڵاتێکی فرەتەوەیە و بەدرێژایی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی و نەتەوەی باڵادەستەوە چەوسێندراونەوە و مافەکانیان پێشێلکراوە، شۆڕشی ژینا هاوپێوەندی نێوان گەلانی ئێرانی بەهێزترکرد و یەکیەتیی نێوان گەلانی ئێرانی وەکوو یەکێک لە بەهێزترین ئامرازەکانی سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا بەرجەستەتر کردەوە.
شۆڕشی خەڵک
خاڵێکی دیکەی گرینگی ئەم شۆڕشە بریتییە لەوەی کە خەڵک بۆخۆیان بزوێنەر و ڕێبەری شۆڕشن و هیچ هێز و ڕیکخستنێکی سیاسی بزوێنەر و رێکخەرنییە. هەموو هێز و لایەنەکان هاتوونە ژێر سێبەری ویستی خەڵک و لەگەڵ شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا خۆیان دەگونجێنن و بەگوێرەی ویستی خەڵک و ڕاپەڕینەکەیان هاتوونە نێو شۆڕشەکە. ئەمەش لەزۆربواردا جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ سەرهەڵدان و شۆڕشەکانی پێشووتر دا، کە هێز و کەسایەتی دیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕێبەر و بزوێنەری خەڵک بوون، لە شۆڕشی ژینادا ڕۆڵەکان پێچەوانە بوونەوە.
ئاڵتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی
شۆڕشی ژینا لە قۆناغی ناڕەزایەتیی بەرامبەر دەسەڵات تێپەڕیوە و بەدوای ئاڵتێرناتیڤی دێموکرات و دادپەروەرانەدا دەگەڕێ، سەرەڕای تێچووی زۆری گیانی، ئەم شۆڕشە تا ئێستاش بەردەوامە. بەڵام بەداخەوە بەهۆی سنووردار بوونی پشتیوانی نێونەتەوەیی و ناڕێکی ڕیزەکانی ئۆپۆزیسێۆنی سیاسی کۆماری ئیسلامی، ئاسۆی ئامانجی سەرەکی ئەم شۆڕشە کە تێکەوە پێچانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی چەوسێنەرانە و دواکەوتوانەی کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش ناڕوونە. ئەگەر ئالتێرناتیڤێکی هەموولا پەسەند هەبا بێگوومان هەنگاوەکانی ئەم شۆڕشە بەرەو سەرکەووتن زۆر خێراتردەبوون.
دەسکەوتەکانی تا ئێستای ئەم شۆڕشە بریتین لە:
§ خەڵکی ئێران بەگشتیی بەم ئاکامە گەیشتوون کە دەبێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جێگای خۆی بدا بە دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و دادپەروەرانە کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێ و ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران پارێزراو و رێزلێگیراوبن.
§ خەڵکی ئێران بەیەکیەتیی و یەکڕیزی خۆیان دەتوانن کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنن و ئەگەر یەکگرتووبن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەم رێژیمە ناتوانن لەبەرامبەریان دا ڕاوەستن.
§ تابۆی ڕەهبەر و ئیمامی زەمانیان شکاند و خەڵک پڕ بە شەقامەکان هاواردەکەن، مردن بۆ ڕەهبەر و سیستێمی کۆماری ئیسلامی و ویلایەتیی فەقێ لە تەواویەتی خۆیدا رەتدەکەنەوە.
§ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دیتیان کە خەڵکی ئێران دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان ناوێ و لەلایەکی دیکەوە دیتیان کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چەندە دڕندە و لەهەمانکاتدا لەرزۆکە.
§ دەسکەوتێکی دیکەی گرینگی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە خەڵک ئازادی و دێموکراسیان دەوێ، خەڵک لەگەڵ ئەوەی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان ناوێ، ناشیانهەوێ بگەڕێنەوە بۆ سیستێمی پێشتر تاقیکراوە و ڕووخێنراوی پاشایەتیی. خەڵک خوازیاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و سێکولارن.
ئەرکی ئێستامان بۆ بەردەوام هێشتنەوەی شۆڕشی ژینا و بەئاکام گەیاندنی
خەڵکی کوردستان و ئێران بەڕوونی پەیامی خۆیان بەهەموو لایەک ڕاگەیاند، کە ئەوان ئەم ڕێژیمەیان ناوێ. بەهەموولایەکیان ڕاگەیاند کە ئەوان یەکگرتوو و یەکدەنگن، دەسەڵاتی داهاتوو دەبێ ڕەنگدانەوەی هەموو دەنگ و ڕەگەکان بێ. ئێستا ئەرکی نوخبە و ئوپۆزیزسیۆنی ڕێکخراوی کورد و ئێرانییە کە ئاڵتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی دروست بکەن و نەخشە ڕێگای سەرلەنوێ دروستکردنەوەی دەوڵەتی ئێران لەگەڵ خەڵکی ئێران و کۆمەڵگای نێونەتەویی بێننە بەرباس و بەوردی پێناسەی بکەن. لەهەموو شتێک گرینگتر ئەوەیە کە نوێنەرانی هەموو نەتەوە جیاوازەکانی ئێران لەدەوری یەک کۆببنەوە و بەرنامە و پلانی هەموولا پەسەند بۆ سیستێم و دەسەڵاتی دوای کۆماری ئیسلامی دابڕێژن.
بە بڕوای من، هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دەبێ هەرچی زووتر، خۆیان لە بەرەیەکی سیاسیدا ڕێکبخەن و ببنە خاوەنی یەک گوتاری سیاسی، ڕوو بە ئێرانییەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیش. هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێ ئارامی و ئاسایش لە ئێران و کوردستاندا دابین بکا، ئەگەر ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان لەبەرنامەی سیاسی و پلانی بەڕێوەبەریی خۆیدا نەگونجێنێ، ئەمە دەبێ خاڵی سەرەکی بڕوای ئێمە و بنەمای وتووێژی ئێمەبێ لەگەڵ هەموو لایانەکانی دیکەی ئۆپۆزیسێۆنی ئێرانی و نوێنەرانی گەلانی ئێران.
کۆتایی
لە کۆتایی دا دەمەوێ بڵێم، سەربەرزم کە ژنانی وڵاتی من پێشەنگایەتیی شۆڕشی وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێران دەکەن، دڵنیام ئەم شۆڕشە درەنگ یان زوو بەئاکام دەگا و شۆڕشی ژینا دەبێتە خاڵێکی گرینگی وەرچەرخان لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلانی بندەستی دیکتاتۆری. شۆڕشی ژینا دەبێتە پێناسە بۆ خەباتی ئازادی و یەکسانیخوازی گەلانی ناوچەکە و جیهانیش. دلنیام شۆڕشە دەبێتە بابتێکی گرینگی ناوەندە ئاکادێمییەکانی زانستی سیاسی و مرۆڤایەتیی•