نەسرین یوسف زادە
لە ئێران و لەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران زیاترین هەڵوێستەکان بەدژی ئەو ڕفتارانەی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ ژنانی دەکا پیاوان بوون. کاتێک لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لەگەڵ هەر دروشمێکی شۆرشگێڕی گوێمان لە هاواری ئازادی و سەربەستی ژنان لە زاری پیاوان دەبوو ئیتر کوژرانی چەند ژن بە دەستی پیاوانی نیزکیان شتێکە کە دەرک کردنی کەمێک دژوارە. دژوارە چونکە کاتێک دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی“ لە کۆمەڵگەی جیهانی و لە هەموو دنیا دەنگی داوەتەوە چاوەڕوان ناکرێ لە شوێنێک کە خۆی هەڵگری درووشمەکەیە ژنان بکوژرێن. کاتێک شۆڕشێکی مەزن بە ناوی شۆڕشی ژینا یان شۆڕشی ژنانە لەئارا دابووە دیاردەی قێزەون و نامرڤانەی ژن کوشتن و ژن سووتاندن بنبڕ نەبووە.
١١ی ڕەزبەر ”فائیزە مەلەکینیا“ لە ئاوایی کوڕکوڕەی سنە ئاگر تێبەردرا. ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان نگین ڕۆستەمی لە ئاوایی نێی مەریوان بەدەستی کەسێکی نەناسراو ئاگری تێبەردرا و ئێستاش و ١١ی ڕێبەندان ژنێکی دیکە بەناوی ”رزوان نەدیمی“ خەڵکی ئاوایی زێوەی کامیاران بەدەستی هاوژینی پێشووی تەقەی لێ دەکرێ و دەکوژرێ و هەموویان بەشێوازێک قوربانی دیاردەی منداڵ هاوسەری، بوون کە لە زۆربەی ئەو دەوڵەتانەدا کە سیستمیکی ئایینی بەسەریاندا زاڵە ڕوو دەدا.
بە بڕوای من هۆکاری کوشتنی ئەو ژنانە یان ئەوەی کە کێن و لە کوێ کوژراون گرینگییەکی ئەوتۆی نییە بەڵکوو گرینگ ئەوەیە لەو بارودۆخەشدا کە زۆربەی ژنان و پیاوان هاودەنگن لە گوتنەوەی دروشمی ئازادی بۆ ژن لە کۆمەڵگەیەکی دوور لە جیاوازی ڕەگەزیدا ئێستاش پیاوانێک هەن کە گوێیان لە ئاست ئەو خواستە کەڕ و چاویان بەرایی ئەو ڕاستییە نادا کە کۆمەڵگە پێویستی بە هەردووک ڕەگەزە و ئەگە بڕیار بێ مافێک بێ هەردووک وەک یەکیان هەیە و ئەگەر بڕیار بێ سزا بێ بەدڵنیاییەوە هەردووک ڕەگەز بەپێی ئەو تاوانەی کە کردوویانە ئەوەیش لەلایەن یاساوە نەوەک یەکلایانە و بەدەستی کەسی بەرابەر (لە زۆربەی کاتەکاندا پیاو) سزا بدرێن.
کەم نین ئەو ژن و کچانەی کە لە ٤٣ساڵی دەسەڵاتداری ئەو ڕێژیمە بەدەستی هاوژین، باوک، برا و تەنانەت کوڕیان بە تۆمەتی نامووسی کوژراون و تاوانبار بەکێشانی کەمترین سزا ئازاد کراوە. هۆکاری ئەوەش بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە کە ئەویش ئەو یاسا غەڵەتەیە کە یاسادانەرانی ئەو ڕێژیمە بەسەر خەڵکیاندا سەپاندووە یەکەم ئەوەی کە ئەگەر کچێک بە دەستی باوکی بکوژرێ ئەوە بە هۆی ئەوەی ئەو باوکە تەنیا سێحەبی خوێنی ئەو کچەیە کەوایە تەنیا شاکی هەر خۆیەتی کەوایە دادگا تەنیا بە سزایەکی کەم مەحکوومی دەکا نموونەکەی کە لەم ساڵانەی ڕابردوودا دەنگێکی زۆری دایەوە ”ڕۆمینا ئەشرەفی“ بوو کە بەدەستی باوکی بە داس سەر بڕدرا و باوکی تەنیا بە دە ساڵ زیندان مەحکووم کرا ئەوە لە کاتێدایە لەو کاتەوە چەندین لاوی بێتاوان تەنیا لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆیان دەکەن لە سێدارە دراون و حوکمی قورسیان بەسەردا سەپاوە. هەڵبەت مەبەستم ئەوە نییە کە دەبێ کەسێکی کەسێک دەکوژێ حەتمەن بکوژرێتەوە نا بەڕاستی ئەوە تا بڵێی یاسایەکی هەڵەیە چونکە ئاوا نەوەک هیچ شتێک چارەسەر نابێ بەڵکوو ڕق و کینەش زیاتر دەبێ بەڵام خۆ دەبێ یاسا بە جوورێک بێ کە هەرکەسێک ئەو مافە بەخۆی نەدا ئەگەر هێزی زیاتر بێ ئەوە دەتوانی ئەوی تر لەنیو بەری.
کوشتن و سوتاندن و سەربڕینی ژنان لە کوردستان و لە ئێران و لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دیاردەیەکی کۆن نییە و دوور لە چاوەڕوانی نییە، ئازاری ژنان و دەرکردنیان لە شوێنە گشتیییەکان وەک گۆڕەپانە وەرزشییەکان لە ئێران و لەم دوایانە لە کوردستانی باشووریش یەک دوو نموونەمان بینی کە بوونی کچێک لەنێو گۆڕەپانێکی ماتۆڕسواری بوو بەهۆی ئەوەی پیاوەکان بەوپەڕی بێڕێزییەوە خۆیان دەرخەن.
ئەوە زۆری پیدەوێ تا ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگە دا خاشەبڕ بێ و نەمینێ و ئەو جیاوازییە ڕەگەزیە یەکێک لە هۆکارەکانی کە پیاوان خۆیان بە مڵکداری ژن بزانن و پێیان وابێ ڕەگەزی سەرووتر و باشترن و مافی ئەوەیان هەیە ئەگەر ژنێک بە دڵی ئەوان ڕفتاری نەکرد لەنێوی بەرن و بیکوژن.
ساڵانە دەیان ژن دەبنە قوربانی و بە دەستی پیاوانی دەوروبەریان دەکوژرێن و لەنێو دەچن. ئەو ژنانە بە دڵنیاییەوە وەک هەر مرۆڤێکی دیکە مافی ژیانیان هەیە بەڵام دەبنە قوربانی فکریەتێکی لاواز و غەڵەت کە ئەویش ئاکامی پەروەردەی حکوومەتێکی نێرسالارە و بەدەستی کەسانی نیزیکیان لەنێو دەچن. ئەو پەروەدە سەقەتەی کە چەند دەیەیە کۆماری ئیسلامی بە شێوەگەلی جۆراوجۆر ژنی خستووەتە ژیر چەپۆکی پیاوان و تا توانیوێتی ئازاری داوە، ئیتر لەوەی گەڕێین چاوی هەر ئەو پیاوەی لەبەرامبەر ئەوەی ژن نیوەی تەواوکەری ئەوە، بەستووە کوێری کردووە.
ژنکوشتن لەسەر ئەوەی ژنێک نایهەوێ لەگەڵ پیاوێک بژی یان بە دڵی پیاوێک ناجووڵێ و ڕفتار ناکا، جا گرینگ نییە ئەو پیاو کێیە، باوک، برا، مێرد و هێندێک جار کوڕ و…، تەنانەت زۆر جاریش هۆکارەکان زۆر سەیرتر لەوەن کە لە بیرەکاندا بگونجێن وەک کوشتن لەسەر ئەوەی ژنێک کچی دەبێ یان زۆر هۆکارگەلی سەیری دیکە کە پیاوان مافی ژیان لە ژنان دەستینن. ڕۆژانە دەبنە سەردێڕی هەواڵدێرییەکان و زۆر جار چاومان هێندەی ئەو هەواڵانە بینیوە کاتێک هەواڵیکی ئاوا دەبینین داناچڵکێین و زۆر بە ئاسایی وەری دەگرین. ژنێک دەستگیرانەکەی ئاگری تێبەردەدا، یەک مێردەکەی بە سەری بڕاوێوە لە گۆڕەپانی شاردا دەسووڕێتەوە، یەک بە داس باوکی لەنێو پێخەودا سەری دەبڕێ، یەک لەسەر چۆمی مێردەکەی سەری دەبڕێ، یەک براکەی و ئامۆزاکەی لە ماڵی خۆی هەڵیدەواسن. ئەوانە و دەیانی وەک ئەوانە سەردێڕێ ئەو هەواڵانە بوون کە لە پێش ئەو ڕۆژانەی دنیا بە دەنگی بەرز هاواری ئازادی بۆ ژنان بکا و دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی“ ببێتە موسیقای سەر زاری ژن و پیاوی ئازادیخوازی ئەو وڵاتە، بۆیە کەمێک دژوارە بیستنی هەواڵی کوشتنی ژنێک لەو بارودۆخەدا.
لە دوای شۆڕشی ژینا فکرەکان زۆر گۆڕدراوە و زۆر لە پیاوان کە دەستپەروەردەی ڕێژیمێکی دژە ژن و چەوسێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و هیچ باوەڕێکیان بە مافی ژن نەبوو و ژنیان لە پەڕاوێزی ژیانیاندا و وەک ڕەگەزی دووهەم دەبینی فکریان گۆڕدرا و بە هەموو هێزیان هاواریان کرد کە ژن دەبێ و پێویستە کە ئازاد بێ، ئەو پیاوانەی کە ئەگەر ژنێکیان لە دەرێ بدیبایە بە دەیان لاتاو و قسەی ناحەز لەگەڵی دەدوان ئەمجار وێرای لەچک سووتاندنی ژنان دەنگی ئازادی بۆ ژنانیان بەرز دەکردەوە. ئەوە نوقتەگۆڕانێکی ئەساسی بوو لەنێو کۆمەڵگەدا بەڵام بەداخەوە ئێستاش کەسانێک هەن کە خۆیان قوربانی پەروەردەیەکی پیاوسالار و تۆکمەن و خەتاباری ئەسڵی ئەو پەروەردەیە سیستم و دەسەڵاتێکە کە بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بووە.
ئەو سیستمەی ئەوە شێوە پیاوانەی بە شێوازێک پەروەردە کردووە کە وابزانن خۆیان ڕەگەزی یەکەم و سەروەر و ژنان ژێرچەپۆکە و ژێردەستیانن و مافی خاوەندارییەتیان بە نیسبەت ئەوان دەبێ و هەر ئەوەوەیە مافی ئەوە بە خۆیان دەدەن دەست بەسەر ژنان دا هەڵێننەوە و بەشێوازێکی نامرۆڤانە لەنێو بەرن.
جیاوازی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران ئەوەیە کە ئەزمونی خەبات و ژنان پێکەوە هاوشان هەیە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە کاریگەری قوڵ دابنێ و نموونەی هاوکاری و کارکردنی ژنان و پیاوان لە “Njo”کان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندووترین بەڵگەیە•