گەلاوێژ محەممەدی
ئەو ڕاپەرینە و ئەو هەموو ناڕەزایەتی کە ئێستا لە ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت هەیە ئایا دەتوانین ناوی شۆڕشی ژینای لێ بنێن؟ من پێم وایە بەڵێی بە چەند هۆ/ ئارگۆمێنتەوەر دەتوانین بڵێن ئەو شۆڕشە وەک، ” شۆڕشی ژینا و دروشمی ژن- ژیان- ئازادی” بۆ ناڕەزاییی دەربڕین بەرانبەر بە ناڕەوا کوژرانی ژینا بە دەستی پارێزەرانی یاسای دژە ژن لە ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، وە بە پشت بەستن بە ئەزموونی ساڵها خەبات و تێکۆشان بەرانبەر بە سەرکوت و پێشێلكردنی مافەكانی ژنان بە دەستی ئەو حکوومەتە جینایەتکارە دەستی پێ کرد. کەواتە پێشەکی بۆ سەڵماندی ئەوەی کە ئەو ناڕزایەتیانە دەچنە ناو چوارچێوەی شۆڕشەوە با بزانینی پێناسەی شۆڕش چییە؟
وەک وشە شۆڕش بە مانی گەڕانەوە لە دۆخێک ڕا بۆ دۆخێکی دیکە، ئاڵۆگۆڕ، یان گۆڕانێکە یان دەتوانین بڵێن دەکرێت بە ”گۆڕانێکی کوالیتی” هەژمار بکرێت. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین هەڵگەڕانەوە و گەشەکردن. لە کۆمەڵناسیدا بە واتای گەڕانەوە بۆ دۆخێکی باش، دۆخێکی پرشنگدار یان گەڕانەوە بۆ ئازادی ونبوو، کە بەداخەوە بە درێژایی مێژوو ئێمە کورد بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەت ئەو ئازادییەمان لێ زەوت کراو. ژنان لە ئێران ساڵهایە لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرێن. ژنان لە کوردستان تەنها لەبەر ڕەگەزیان تووشی هەڵاواردن نەبوون و بەڵکوو بەردەوام تووشی ستەمی نەتەوەییش بوون، کە هەموو ئەوانەش کاریگەرییان لەسەر دۆخی ژیانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژندا هەبووە و هەیە، تەنانەت لەسەر هەست و کەسایەتیشیان وەک مرۆڤێک کارلێکەریان هەبووە.
کاتێک بیرمەندان لە شۆڕشی فەرەنسادا باسی مافی سەربەخۆیی گەلان و گۆڕینی باری گوزەرانی جەماوەر بە دەستی خۆیان و … هتدی دەکرد کە هەرگیز پێشتر بوونی نەبووە، کۆمەڵناسان و فەیلەسووفان دەستەواژەی شۆڕشیان هێناگۆڕی و بەو شێوەیە پێناسەیان کرد کە شۆڕش واتە” گۆڕینی سروشتی شتێک.” پێناسەی وشەی شۆڕش لە زاراوەی جیهانیدا هەوڵدانە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان ڕووخاندنی حکومەت و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، بۆ دروست کردنی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە هەموو دامەزراوەکان و پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕێکخراویەکاندا لە چوار چێوەی ئامانجێکی دیاریکراودا. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسان هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری کە ببێتە هۆی چاکسازی کۆمەڵایەتی گەورە یان پرۆسەی وەرچەرخان خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکە.
کەواتە بە پێی ئەو پێناسەیە لە شۆڕش دەتوانم بڵێیم، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو خەباتە هەمیشەییە ژنانی کورد بەرانبەر بە هەموو ئەو زوڵمانە، بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیریان و ئاشنابوونی زیاتریان بە مافەکانیان، ژنان بوێرانە هاتنە ڕیزی پێشەوەی خەبات و بێدەنگیان شکاند. ژنان هەر لە رۆژی ناشتنی تەرمی ژینا لە گۆڕستانی شاری سەقز لە چوارچێوەی شۆڕشێک بە ناوی ”شۆڕشی ژینا و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی” لەچکەکانیان فڕێ دا و دەنگی نارەزایەتیان هەڵبری. ئەو بێدەنگی شکاندنەی ژنانی کورد بووە بە چەخماخەیەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی هەموو چین و توێژەکان و هەموو ستەملێکراوەکان لە سەراسەری ئێراندا. لە ڕاستیدا ژنانی کورد و بزوتنەوەكە بوونە چرای ڕێنوێنی ئەم شۆڕشە. بوونی ژنان بە ویستی پێشکەوتووانەوە کاریگەری لەسەر ناوەرۆکی شۆڕشەکە و دروشمەکان و داواکارییەکان دانا، بۆیە زۆر جار باس لەوە ئەكرێ کە ڕاپەڕینی ئەم جارە شۆڕشێکی زۆر بێ وێنەیە و بە دڵنیایەوە هەتا ڕووخانی ئەو ڕژیمە توتالیتارەی ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبێت، ئەگەر بەرزو و نزمیشی هەبێت.
دەکرێت داواکاری و بنەماکانی ئەو شۆڕشە بە مانای یەکلاکەرەوەی خۆی وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی بناغەی سیستەمی ڕژیمی ئیسلامی ئێران و تێکشەکاندنی دەسەڵاتی وەلی فەقییە لە قەڵەم بدرێت. شۆڕشە گەورەکان ئەو شۆڕشانەن کە گۆڕانکاریی بنەڕەتیان لە حوکمڕانی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وڵاتێک یان کۆمەڵگەیەکدا پێکهێناوە. بەدڵنیایەوە شۆڕشی ژیناش یەکێکە لەو شۆڕشە گەورانە کە هەموو جیهان باسی دەکات و بەهیوای زوو گەیشتن بە لوتکەی ئامانجەکانی.
ئەگەر لەم شۆڕشە یان هەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا لایەنەکان و تاکەکانی بەشدار تەنها هەوڵەکەیان ئەوە بێت کە ببنە خاوەنی دروشمەکان و ناویان دەرکەوێ و نەتوانن لەتەك ناوەرۆكی ئەو شۆڕشەکەدا بێنەوە و هەوڵ بۆ ڕادیكاڵ کردنەوە و پێشکەتووترکردنی شۆڕشەكە و دروشمەکانی بدەن لە کۆتاییدا هەم شۆڕشەکە لەبواری کاتەوە وەدواوە دەکەوێت و هەم تاک و لایەنەکان قازانجێکی لێ ناکەن. نابێ بیرمان بچێ هیچ کەس بە بیری باوکسالاری ناتوانێ خۆی بکاتە خاوەنی ئەو شۆڕشە چونکە دروشم و خواستەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەتەك فیکری ئەو کەسانە نایەتەوە کە هەڵگری بیری سەپێندراوی باوک یان پیاوسالار بن.
لە ڕاستیدا هەر تاک و لایەنێک هەوڵ بۆ خۆ بە خاوەنکردن و داگیرکردنی شۆڕشەکە بدا، بێگوومان هەڵگری بیری تایبەتمەندییەکانی سیستەمی باوکسالارە. بۆیە تێگەیشتن لە ناوەرۆکی دروشمەکە یەکەمین هەنگاوە کە هەموو تاک و لایەنەکان ئەبێ هەڵیگرن.
ئەم شۆڕشە، بزووتنەوەیەکی گشتگیرە و ژنانێکی چالاک، کارامە و شوێندانەر ئەتوانن تێدا دەرکەون کە خاوەنی هزر، جەستە و بڕیاری خۆیان بن و بیسەلمێنن کە هەڵگری ئەو پێناسەیە نینە کە کۆمەڵگەی باوک / پیاوسالار بە درێژاییی مێژوو بۆیانی دیاری کردووە. هەموو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو پێویستی بە توانای گشت تاکەکان هەیە و تاکی کۆیلە و ژێردەستە ناتوانێ بۆ گەشەدان بە کۆمەڵگە کارتێکەری هەبێت. ئەم شۆڕشە هەوڵێکی هەمەلایەنەیە، بۆ لەناوبردنی سیستمێکی توتالیتار وەک ڕژیمی ئیسلامی ئێران کە مافی مرۆڤ بە گشتی و مافی ژنان و کەمینەکانی بە تایبەت نەپاراستووە، حکوومەتێک کە تا سەر ئێسقان هەڵگری بیری پیاوسالاری و دژە مافی مرۆڤ بووە. ئەرکی یەکسانیخوازان و هەموو مرۆڤە پێشکەوتنخوازەکانە کە پارێزگاری لە ناوەڕۆکی مافی ژنان و ئەو شۆڕشە بکەن و هەوڵی بەهێزکردنی بدەن. نابێ ڕێگە بدرێ لە ژێر هیچ پاساوێکدا پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگا وەکوو مافی ژنان پەراوێز بخرێن.
کاتێک تماشای ناوەرۆکی بزووتنەوەکە و دروشمەکان و گۆڕانگارییەکان لە سەرەتای شۆڕشەكە تا ئەمڕۆ دەکەین هەموو شتێک وا نیشان ئەدەن کە شۆڕشی ژینا لە بواری یەکسانیخوازییەوە وەکوو زۆر بواری دیکە پڕ دەسکەوت بووە و هەر لەم ماوە کورت و پڕ ئازار و قوربانییەدا هەوڵی جددی بۆ گۆڕانگاری لە فۆرم و کولتووری زاڵی نایەکسانی دراوە. بۆ نموونە لە چلەی ژینا کاتێک لە سەقز کچان و کوڕان بە دەست لەناو دەستی یەکتر بەشدار بوون، هیچ کەس وەک جاران نەی ئەتوانی رەخنەیان لێ بگرێ و بەریان پێ بگرێ. ئێستا زۆرێک لە ژنانی ڕۆژهەڵات هەست بەو ترسە کە بە درێژایی مێژووی ئەو ڕژیمە لە دەرەوەی ماڵەکانیان لەسەریان بووە ناکەن و ئەمە ئەكرێ بە سەرەتای شۆڕشێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی پێناسە بکرێ.
ژنانی ئێران بەگشتی و ژنانی ئازای كوردستان بەتایبەتی هاوکات لەتەك بەشدارییان لە شۆڕش لە دژی حکوومەتی دیکتاتۆر و داگیرکەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو نوێنەری بیرە دواکەوتوو و دژە ژن، شەڕیان لەتەك سیستمی باوکسالار کردووە کە مێژووەکەی لە حکوومەتی ئێران کۆنترە. بیرمان نەچێت کە هاوکات لەتەك هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حکوومەتێکی دیکتاتۆری مرۆڤ كوژ و داگیرکەر دەکرێ و دەبێ پێکەوە و بە هەوڵی بەردەوامی هەموو یەکسانیخوازەکان و ئەو کەسانەی باوەڕیان بە یەکسانی و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان هەیە، پەرەپێدەری شۆڕشێکی بەردەوام بین بۆ دانانی بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندرووست و یەکسان کە مافی هەمووان وەك یەك تیایدا پارێزراو بێت. بە هیوای سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا و گەیشتن بە مافی نەتەوایەتی و کەسایەتیمان وەک ژنی کورد.