ئاسۆ مینبەری
ژنان بە درێژایی مێژوو و لە زۆر کۆمەڵگەدا بە هەموو جیاوازییە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسی و … ەوە، بەرەوڕووی جۆرە جیاوازەکانی هەڵاواردن و توندوتیژی بوونەتەوە و بێگومان ئەوەی کە ئێستا وڵاتانێکی زۆر هەن کە تێیاندا ژنان ئەگەر نەڵێین بە تەواوەتی لانیکەم ئازادی و ئارامییەکی ڕێژەییان هەیە ئاکامی تێکۆشانێک بووە کە خودی ژنان بۆ دەرباز بوون لە دۆخی ئەوکاتی خۆیان خستوویانەتە گەڕ.
مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە ئەزموونی جیاواز و جۆراوجۆر، لە هەر جوغرافیا و وڵاتێکدا بە هەر ئایین و یاساوڕێسایەکی تایبەتەوە، ژیانی ژنان بە جۆرێک تێدەپەڕێ، وڵات هەیە ژن تێیدا سەربەستە و وەکوو مرۆڤێک پێوەرەکانی ژیانی ئاسوودە و بەدوور لە هەڵاواردن و توندوتیژی ئەزموون دەکات، وڵاتیش هەیە کە تێێدا ژن وەکوو کۆیلە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش دۆخەکەی خراپتر دەبێ.
ئەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێ کە زیاترین ڕێژەی کێشەکانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە وەکوو وڵاتانی جیهانی سێهەم ناسراون، وڵاتگەلێک کە گەشەیان نەسەندووە و لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری و تەنانەت ئەخلاقییەوە نەیانتوانیوە خۆیان بەڕۆژ بکەنەوە، هەر بۆیە هەڵسوکەوتە گشتییەکان لەگەڵ توێژە جیاوازەکان و بەتایبەتیش ژنان نالەبارە.
هەموومان باش دەزانین کە وڵاتانی پێشکەوتووی ئێستاش، خۆ لە بنەڕەتەوە پێشکەوتوو نەبوون و بە هەوڵ و تێکۆشانی خەڵکەکە و بە فکر و ئایدیای حاکمان و دەسەڵاتداران قۆناغە سەختە مێژووییەکانی گەشەسەندن و پێشکەوتنیان بڕیوە و گەیشتوونەتە ئەمڕۆ هەر بۆیە ئەوەمان لەبەر چاو بێ کە ئەوانیش لە سەرەتاوە وەکوو ئەمڕۆ نەبوون و ڕەنگە هەندێ جار ڕووداوێکی دەگمەن توانیبێتی ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ گۆڕانی کۆمەڵگاکە بەگشتی و خەلکەکە بە تایبەتی بووە.
بەم ڕوانینەوە با بێینەوە سەر کوردستان! ساڵانێکی زۆرە کە کوردستان لەژێر هێژموونی هێزی داگیرکەردایە و لەم ساڵانەشدا هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە خەباتی سیاسی لە کوردستان چۆن پەرەی ئەستاندبێ، هەوڵ دراوە خەباتی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیش لەپاڵیدا تووشی گۆڕان ببن، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەبینین کە چۆن دامەزرانی دەسەڵاتێکی کۆماری توانی کاروباری کۆمەڵگە ڕێک بخات و لە ڕێگەی بەڕێکخراوەیی کردنی کاروباری کۆمەڵگەوە، گۆڕانێکی مەزن و شوێندانەر لە کۆمەڵگەدا درووست بکات تا جێگایەک کە دەتوانین بڵێین، خودی کۆماری کوردستان خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگ لە مێژووی کوردستاندا بە ئەژمار دێت.
یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرینگەکانی کۆماری کوردستان وەک زۆر جار باس کراوە، دامەزرانی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان بووە[ بە ناوی حیزبی دیموکراتی ژنانی کوردستان] کە توانیویەتی ڕوانینی کۆمەڵگە بەگشتی بەنیسبەت ژنان و بەشدارییان لە کاروباری ڕێکخراوەیی و سیاسیدا بگۆڕێ، واتە بەشێک لەم گۆڕینی ڕوانینە، گۆڕینی ڕوانینی ڕەگەزی و کردنەوەی مەیدان بۆ ژنان بووە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە کۆماری کوردستان توانیی بەستێنی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بەنیسبەت پرسەکانی ژنانەوە درووست بکات، ئاڵوگۆڕێک کە تا ئەو سەردەمە لەلایەن دەسەڵاتی حاکم بەسەر کوردستانەوە هەر بیریشی لێ نەکرابووەوە، بە دوور لە ڕاستی نییە ئەگەر بڵێین دەسەڵاتەکانی حاکم بەسەر کوردستاندا کە وەکوو دەسەڵاتی داگیرکەر دەناسرێن تاکوو ئێستاش نەیانتوانیوە بەو ئاستە لە تێگەیشتوویی بەنیسبەت ڕۆڵ و ئەرکی ژنان لە کۆمەڵگەدا بگەن، کە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە وێنە زۆرن!
لە ماوەی ٧٧ ساڵی ڕابردوودا، واتە لە پاش دامەزرانی یەکەمین ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە کوردستان، تاکوو ئەمڕۆ، مێژووی ئێمە وەکوو کورد بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، ڕەنگە زۆر جار دەسەڵاتی حاکم توانیبێتی لە ڕێگەی دامودەزگا و ئیمکاناتی بەردەستی خۆیەوە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تاک و کۆمەڵ بووبێت و ڕوانین و بیرکردنەوەی خۆی گواستبێتەوە بۆ نێو هزری تاکەکان، بەڵام بێگومان هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەش هەر بەردەوام بووە.
ڕەوتی ئاسێمیلاسیۆن و تواندنەوەی تاکەکان لە گوتاری باڵادەست زۆر جار توانیویەتی سەرکەوتوو بێت چونکە دەسەڵات بە هەموو هێزەوە و لە ڕێگەگەلی جیاوازەوە توانیویەتی هەوڵ بۆ پێکانی ئامانجەکەی خۆی بدات، کە لەم ڕاستایەدا میدیا، کەرتی پەروەردە، تەنانەت نۆرمە جێگیرکراوەکان لە کۆمەڵگەش توانیویانە یارمەتیدەری باشی دەسەڵات بن.
ئەم ڕەوتە مێژووییەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گوتار و ئاکاری زاڵی داگیرکەر، ئێستاش هەر بەردەوامە، بە پێی ئەو ڕێچکەیەی کە لە کۆماری کوردستانەوە دانراوە، ژنان هیچکات ملکەچی و زەبوونییان قەبووڵ نەکردووە، هەر بۆیە لە دوایین ڕووداوی گرینگی کوردستاندا، واتە لە شۆڕشی ژینادا کە بە کوژرانی کچێکی کورد بەدەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد لە تاران دەستی پێکرد، ئەوە ژنان بوون کە چەخماخەی شۆڕشە نوێیەکەیان لێ دا.
لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینای جوانەمەرگدا، لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز ڕووداوێک ڕووی دا کە دەبێ لە مێژوودا بنووسرێتەوە! ژینا لەلایەن تاریکپەرەستانەوە بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی دڵخوازی ئەوان گیانی لێ ئەستێندرا، بەڵام لە ڕۆژی بەخاکسپاردنەکەیدا، ژنان لە گۆڕستانی ئایچیدا بە فڕیدانی سەرپۆشەکانیان و وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان،ئازادی، چەخماخەی شۆڕشێکیان لێ دا کە پاش ٥ مانگ ئێستاش هەر بەردەوامە! ئەم کردەوەیە گرینگ بوو چونکە: کۆماری ئیسلامی حیجابی کردبووە بیانوو بۆ کوشتنی کچێکی کورد، لە دژکردەوەدا ژنان بە فڕێدانی سەرپۆشەکانیان وەبیر ڕێژیمیان هێنایەوە کە ئەو سەرپۆشە زۆرەملێیە و ئەگەر ژیانتان لە ژینا ئەستاند بۆ ئەوەی کە حیجابەکەی باوی دڵتان نەبوو، ئەوە ئێستا هەموومان ژیناین و بە لابردنی، بەرەنگاری بیری چەقبەستووتان دەبینەوە، لەلایەکی تریشەوە بە وتنی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بۆ جارێکی دیکە وشیاری نەتەوەیی و تێگەیشتوویی خۆیان بەنیسبەت بوون و کەرامەتی خۆیان وەکوو مرۆڤی خاوەن ئاوەز کە مافی یەکسانی ژیان و ئازادییان هەیە بە گوێی ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانی گەیاندەوە.
هەر لەم ڕاستایەدا ئەگەر دامەزرانی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خۆماندا دەناسین کە بووە خاڵێکی دەسپێک بۆ هەوڵ و تێکۆشانی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و بەتاڵکردنەوەی بیری دواکەوتووانەی لاوازبوونی ژن، ئەوە شۆڕشی ژینا بەڕاستی دەکرێ وەکوو خاڵێکی وەرچەرخانی دیکە لە مێژووی کوردستاندا ناوی لێ ببردرێ. ڕاستە کە کۆماری کوردستان توانی بە کردەوە ژنان بهێنێتە نێو گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەڵام لە شۆڕشی ژینادا بوو کە ژنان لە مەیدانی کردەوەدا و تەنیا بە چەکی ئیرادە بەرەنگاری دژەمرۆڤترین دەسەڵاتی سەردەم بوونەوە و لەم پێناوەشدا ژمارەیەکیان شەهید بوون و ژمارەیەکیش دەسبەسەر و زیندانی کران و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
شۆڕشی ژینا وێستگەیەکی گرینگ بوو، لێرەدا بوو کە ژنان بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوودا، جارێکی دیکە هاتنەوە مەیدان و بە خوێندنەوەی ئەمڕۆییانە بۆ دۆخەکە، پێشەنگایەتییان لە ئەستۆ گرت. ژنان لەم قۆناغەدا سەلماندیان کە مرۆڤێکی وشیارن بۆ داواکردنی مافەکانیان، دایکێکی تێگەیشتوون بۆ پشتیوانی لە ڕۆڵە ئازاکانیان، هاوسەرێکی بەجەرگن بۆ پاڵپشتی لە هاوسەرەکانیان و خوشکێکی بەورەن بۆ یارمەتی گەیاندن بە براکانیان. ژنان لەم قۆناغە لە مێژووی خەباتی کوردستاندا، مۆرکی لاوازبوونیان بە مێژوو سپارد و بە ورە و ئیرادەی بەهێزی خۆیان نەک تەنیا هاوکار و هاوسەنگەرێکی باش بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکوو پێشەنگێکی بوێر بۆ گەیاندنی شۆڕشەکە بە ئەنجامێکی دڵخواز بوون.
بۆیە دەتوانین بڵێین، شۆڕشی ژینا ئەگەرچی دەرفەتێکی نوێ بۆ هاتنەمەیدانی ژنان بوو، نیشانی دا کە ژنان وەک چۆن لە ڕابردوودا هەوڵیان دابوو بوون و کەرامەتی خۆیان لەدەست داگیرکەران بپارێزن، ئێستا پێشەنگایەتیی خەباتێک دەکەن کە خودی کۆماری ئیسلامیش بە هەموو هێز و تواناوە و سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی بۆ کپکردنی دەنگی ژنان، دانی پێدا دەنێت و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم هیزە، دروشمگەلی جۆراوجۆر لە بەرانبەر دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا دادەنێ، کە بێگومان هیچکات ئەم هەوڵانە ناتوانن بیری ئازادی بۆ ژیانێکی ئازادانە لە ناخی ژناندا بسڕنەوە، هەر وەک چۆن هەوڵە سیستماتیکەکانی ساڵان و دەیەکانی ڕابردوو نەیتوانی ژنان لە داوا ڕەواکانیان پاشگەز بکاتەوە بۆیە شۆڕشی ژیان دەبێ وەکوو ئەو خاڵە وەرچەرخانە گەورەیە بناسین کە بۆ جارێکی دیکە ژینی بەبەر ژنان کردەوە و وای کرد کە وەکوو کۆماری جوانەمەرگ وتی: هیچ شتێکیان جگە لە ئازادی خۆش نەوێت!