لەکاتێکدا کە بەشێوەی جیاواز لە دنیادا رۆژی جیهانی ژنان یاد دەکرێتەوە، ئەوساڵی ئێمە جیاوازتر لە هەموو ساڵانی دیکەیە. لەجێ خۆیەتی لێرەوە سڵاو بنێرین بۆ هەموو ئەو ژنە قارەمانانەی لە گۆرستانی ئایچی سەرپۆشەکانیان لادا و جەریقەی شۆرشێکیان لێدا، پیاوی کوردستانیش هاوشان لەگەڵ ژنان لە ئایچییەوە هاتنەوە سەر شەقام و شۆرشی ژینا و ژن، ژیان، ئازادیان خوڵقاند.
دڵنیام هیچ کاممان وتە، دروشم و حەماسەی شەقامەکانی مەهاباد، بۆکان و جوانڕۆی و هەموو شارەکانی رۆژهەلاتمان لەبیر ناچێت. دڵنیام هیچ کاممان وتەکانی بابی شەهید محەممەد حەسەنزادە، بابی شەهید سالار مجاور و دایکی شەهید میلاد مەعروفی و کوری شەهید غەفور مەولودی زۆری دیکەش لەبیر ناکەین کە هەر یەکەیان وەک لیدەرێکی سیاسی قسەیان دەکرد. هەموو ئەو وتە سیاسیانە لە فەزایەک دا گوتراون کە کەس مافی ئازادی تێیدا نیە بەتایبەت ئەگەر کورد بی و لەو نێوەشدا ژن بی. دەسەلاتێکی سیاسی کە ٤٤ ساڵە خوێن دەخواتەوە. هەربۆیە تاک بە تاکی رووداوەکان لە شۆرشی ژینادا گرینگن.
هەموو ئەو رووداوانەش پێیان گوتین کە گۆرانکاری ریشەیی بەرێوەیە، دەچینە قۆناغێکی دیکەوە و ئەو قۆناغەش خەباتی هەمەلایەنەی دەوێ.
ئەوە راستیەکە کە چاوەڕوانکراو نەبوو کە ژنان ببنە پێشەنگ لەو شۆرشە و لە ماوەیەکی زۆر کورت دا کۆمەڵگەی نێودەولەتیش بێنێتە سەر خەت و لە هەرجێیەک باس باسی ژنان لە ئێران و بەتایبەت ژنانی کورد بوو. کۆماری ئیسلامی ٤٤ ساڵە بە هەموو سیستمی پروپاگەندەی ویستویەتی کۆمەڵگە رابێنێت کە ژنان ڕەگەزی دووەمی کۆمەڵگەن و هاوکات باشترین جێگە بۆیان ماڵەوەیە. بەڵام ژنانی کورد لە ئایچی ئاوێکی ساردیان بە هەموو سیستمی پروپاگەندەی کۆماری ئیسلامی دا کرد. نەترسانە لە سیستمی دژە ژنترین وڵاتی دنیا دەنگیان هەڵینا و ئەمجارە کەس بۆ وان قسەی نەکرد. ئەوە ژنانی کورد و ژنانی ئێرانی بوون بۆ ئێمە دوان، ئەوان دەنگیان رەساتر بوو ئەگەرچی هیچ ئازادی رادەربرێنێکیان نەبوو. واتە دەنگیان بە واتای لەدەستدانی ژیانیانە. هەربۆیەش دەبینین کە بەداخەوە زۆر کچی لاو و چەندین شەهیدی ژنمان هەیە.
ژنان هەمیشە لە ئێراندا بە قوربانی نێویان هاتووە، ئەمما لە شۆرشی ژینادا هەموو هاوکێشەکەیان گۆری، ئەوان بوونە ئیلهامبەخش و دەنگی شۆرشێک بۆ لادانی دیکتاتۆرترین دەسەلاتی سەردەم.
ئەگەر چی دەتوانین شرۆڤەی جیاواز بۆ شۆرشی ژینا بکەین، بەڵام یەکێک لە شرۆڤەکان دەتوانێ لەسەر بنەمای جێندەری بێ. کاریگەری شۆرشەکە لەسەر ژنان و هەروەها بزووتنەوەکانی ژنان و گرینگتر لەوانەش رۆڵی خودی ژنان لەو شۆرشەدا. ئەگەر چی شۆرشەکە لە باسی سەرپۆشەوە دەستی پێکرد بەڵام هەر زۆر زوو بەرینتر لەوە بۆوەوە و ژنان نەک تەنیا روخانی کۆماری ئیسلامی بەڵام هاوکات باسەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاری و هەروەها کۆمەڵگەی ئێرانی کە ژن بە رەگەزی دوهەم دەبینێت بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەو رۆڵەی کە ژنان لە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دا دیتیان ناکرێ بگەرێندرێتەوە دوایە و ناشگەرێتەوە. ئەوەی ژنان لەو شۆرشەدا ئەنجامیان دا دەبێ لەمەوبەدوا دابەشی بکەین بە بزووتنەوەکانی ژنان لە پێش شۆرشی ژینا و دوای شۆرشی ژینا.
وتەکانی دایک و بابی شەهیدەکان لە رۆژی ناشتنی رۆلەکانیان یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی شۆرشی ژینایە کە دەتوانین لە کوردستان باسی بکەین. ئەوان جارێکی دیکە دەستیان لەسەر دوو شت دانا کوردبوون و ژن بوون. هەریەکەیان بەجۆرێک لەوتەکانیاندا دەبیندران و بەجۆرێک ڕوانگەی کۆمەڵگەی پیاوسالاریان بەرانبەربە ژنان دەخستەوە ژێرپرسیار.
“زەمانێک ئێمە ئەگەر دەمانویست بە یەکێک بڵێین زۆر پیاوە، زۆر بەغیرەتە، زۆر بەناموسە، زۆر بەویژدانە، لە کەلیمەی چی ئیستفادەمان دەکرد پیاو، دەمانکوت زۆر پیاوە. ئەڵحان ئەگەر پیاوێک بیهەوێ زۆر پیاوبێ، دەبێ زۆر ژن بێ”’.
ئەم وتەیە وتەی بابی شەهید محەممەد حەسەنزادە لە بۆکان و لە ڕۆژی ناشتنی کوڕەکەیدایە.
هەروەها بابی شەهید سالار مجاور لە رۆژی ناشتنی کورەکەیدا لە کورتە ڤیدیۆیەکدا دەڵیت” ئەوشەوە کە تەرمی سالارمان تا بەیانی ڕاگرت کە بەرۆژ ئەسپەردەی بە خاکی بکەین فشارێکی زۆری ئیتلاعاتمان لەسەر بوو، ئەمما دایک و خوشکانێک هاتبوونە بەردەرگا و تا بەیانی لەگەڵمان بوون تا ئەسپەردەکردنی سالار کە هیچ کات ئەو خوشک و دایکانەم نەدیبوو..
ئەوە ئەو دیوی گۆڕانەیە کە لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان رویداوە و شۆڕشی ژینا نیشانی داین..
خستنە ژێرپرسیاری روانگەی کۆمەڵگە بۆ ژنان یەکێک لە لایەنە گرینگەکان بوو کە لە وتەی دوو بابی شەهید دا بە ڕوونی هەستی دەبینرێت کە توانی میدیا و کۆمەڵگەی نێودەولەتیش چالاکتر بهێنێتە مەیدان. هەروەک دەزانین لە کۆمەڵگە دێموکراتەکاندا مافەکانی ژنان زومێکی زۆرتریان لەسەرە.
ژنان لە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دا ڕۆلیکی گرینگیان لە سۆشیال میدیادا دی. لەوێدا هاتن بۆچونەکانیان نوسی، وێنەکانیان بەشکرد و ئەزمونی خۆیانیان لە رەفتاری کۆماری ئیسلامی باسکرد و هەر ئەوەش وایکرد کە مەشروعیەتی کۆماری ئیسلامی نەمێنێت و لە کۆنواسیۆنی مەقامی ژنی وەک نەتەوەیەکگرتوەکان دەربکرێت کە تا ئێستا لە مێژووی نەتەوەیەکگرتوەکان نەکراوە.
ژنان لە شۆرشی ژینادا ئەو دەرفەتەیان خوڵقاند کە پێشتر نە رویدابوو و نە کرابوو. بەشداری چالاکانەی ژنان لە مەهاباد لەبیرناکرێ ئەودەمەی ژنانی بەتەمەن بە بەرد پێدان بە لاوەکان ببونە پشتگیری بەهێزی لاوان بەرانبەر بە هێزە ئەمنیەتیەکان. بەداخەوە هەربۆیە شەهید کوبرا شێخە شەهید بوو. ئەوان هەم دەرفەتی فیزیکی و هەم لە دنیای مەجازی جێ پێی خۆیان بەهێزتر کرد.
ئەگەر چی بەشداری چالاکانەی ژنان لە شۆرشەکەدا بە بێ قوربانیدان نەبووە و نابێت. هەروەک چۆن سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکدا باسی لە دیاردەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی زیندانی کردووە.
چ ڕێگەیەکی باشتر هەیە بۆ وەسفکردنی دۆخی ژنانی کورد لە کوردستانی ئێران لەوەی کە لە دۆسیەی ژینا ئەمینی دەست پێ بکەین کە ڕووخساری بۆتە ڕەمزی خۆڕاگری لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی؟
هەر لە پرسەی ژینادا بوو کە ژنانی کورد جارێکی دیکە بڕیاریان دا کە بڵێن بەسە: بەسە نادادپەروەری، بەسە توندوتیژی، بەسە نامرۆڤایەتی.هەر لەوێشەوە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی گوترایەوە و بۆ ئەمرۆ بوەتە مانیفیستێکی سیاسی بەهێز بۆ ژنان و پرسەکەیان و هەروەها بۆ شوناسی کورد و کاریگەربوونی لە ئێراندا.
بەڵام چیرۆکی خەباتی ژنانی کورد لە ئێران چییە؟ کەی دەستی پێکرد و چۆن؟
لێرەدا دەگەرێمەوە بۆ یەکەمین دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنم کە ١١ مانگ ژیاوە و ناوی کۆماری کوردستان بووە.
کۆماری کوردستان بە سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن، میدیای مۆدێرن، سوپای نیشتمانی، سیستەمی باج، سروودی نەتەوەیی، ئاڵای نەتەوەیی، زمانی نەتەوەیی و بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسی و کولتووریدا ناسراوە.
لە کاتێکدا گرینگیدان بە پەروەردەیی ژنان و بەتایبەت پەروەردەی سیاسیان یەکسەر ئەم دەوڵەتە لە هەموو فۆرمەکانی تری پێش مۆدێرنی کوردی جیا دەکاتەوە.
لە کۆماری کوردستان ژنان نەک وەک تێکۆشەری بزووتنەوەی ژنان یان سەرکردەی حیزب، بەڵکو بۆ پشتیوانی لە دۆزی نەتەوەیی دەچوونە دەرەوەی ماڵ. سەرکردە پیاوەکانی ئەم بزووتنەوەی نەتەوەییە، وەک بەرجەستەکردنی نەتەوەیەکی مۆدێرن، ڕۆڵێکی “گونجاو” و “شایستە”یان بەو ژنانە بەخشیوە.
لە کۆماری کوردستاندا بایەخێکی بەرچاو بە ژنان دەدرا. بیست و سێ کەسایەتی دیاری کۆمار لە کاتی ئاهەنگگێڕانی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٢ی مانگی یەکی ١٩٤٦ وتار دەدەن، لەو شانزە وتاربێژە دوو کەسیان ژن بوون.
ئەگەر بگەڕێینەوە ٧٧ ساڵ لەمەوبەر. بایەخی بوونی ژنان لە پۆستی سەرکردایەتی و پێشکەشکردنی وتار، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خەباتی ژنانی کورد لە ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە.
دوو هەفتە پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کچان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەدەچێت و مامۆستاکان قسە دەکەن، یەکێکیان کوبرا عەزیمییە و دەڵێت: “داوا لە ژنان دەکەم بە ڕووخانی دیکتاتۆریەتی ڕەزاشا دڵخۆش بن و تەقسیری لە ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانەکان نەکەن کە لەوێ بە زمانی دایکی خۆیان فێری خوێندن دەبن.”.
لە سەردەمی کۆماردا یەکەمین ڕێکخراوی ژنانی کورد لە ئێران دامەزرا، کە سیمای حکومەتێکی مۆدێرنی کوردی نیشان دەدا کە پشتیوانی لە پێشکەوتنی ژنان دەکرد
مینا قازی هاوسەری قازی محەممەد سەرۆکی کوردستان بوو بە سەرۆکی ڕێکخراوی ژنان. ئەمەش بیرکردنەوەی مۆدێرنی قازی محەممەد دەردەخات، هەرچەندە پیاوێکی ئایینی بووە، هاوکات لە کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسک پیاوسالار دا یەکەمین ڕێکخراوی ژنانی دامەزراندووە و هاوسەرەکەی بووەتە یەکەم سکرتێری یەکەمین ڕێکخراوی ژنان.
یەکێک لە گرنگترین ئامانج و چالاکییەکانی ئەو سەردەمە پەروەردەی ژنان و ناردنی کچان بۆ قوتابخانە و دروستکردنی قوتابخانە بۆ کچان بوو.
لەم کورتە باسە مێژووییە بۆمان دەردەکەوێت کە بەشداری چالاکانەی ژنانی کورد لە شۆڕشی ژینادا لە ماوەیەکی کورتدا دروست نەبووە و مێژوویەکی لە پشتەوەیە. ئەگەرچی ئەوکات پێیان نەکەوتوە بزوتنەوەی فێمینیستی و ئەمما من نێوی دەنێم بزووتنەوەی فێمینیستی. بزووتنەوەیەکی فێمینیست و یەکسانیخوازی.
ئایا پرسی ژنی کورد جیاوازە لە پرسی ژنانی ئێران؟
لە کۆنتێکستی شۆڕشی ژینادا پێم خۆشە وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە..
هەروەک لە پێشدا باسم لە رۆڵی ژنانی کورد کردبوو لە سەرهەڵدانی شۆرشی ژینا دا.
لەگەڵ پەرەسەندنی ئەم شۆڕشە، زۆرێک لە چاودێران بەردەوامن لە تیشک خستنە سەر ئەو ڕاستییەی کە سەرەتا ناڕەزایەتییەکان لەنێو ژنانی کورددا سەریان هەڵدا. ئەم وردەکارییە بە هۆی پێگەی هەستیاری تایبەتی ژنانی کورد لە ئێران – و مێژووی دوور و درێژی خۆڕاگرییان، بنەڕەتییە.
بۆ ژنانی کورد، مردنی ژینا ئەمینی وەبیرهێنەرەوەی هەستی زەبر و زەنگی قووڵی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە ژنان بەتایبەت بە ژنی کورد و بیرهێنانەوەی توندی ئەو ستەمە سیستماتیکییەی کە دەبێت ڕۆژانە بەرگەی بگرن.
ئەگەر چاو لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی بکەین دەکرێ بڵین هەر نەتەوە و چین و توێژێک بەجۆرێک لە جۆرەکان، زەبرو و زەنگ، گۆشەگیری، ئەشکەنجە و ئێعدام بوون ئەزمونی هەلاواردنی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دیوە و بەلام هێندێک لە هاوولاتیان کە سەر بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران، دەکرێ زیاتر روبەرووی توندوتیژی ببنەوە وەک کورد و هەروەها ژنی کوردیش.
هەموو ژنان لە ئێران لە بواری یاسا و پراکتیکدا لە بوارەکانی وەک هاوسەرگیری، تەڵاق، کار و مییراتدا ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە. لەسەرووی ئەمەشەوە هیچ یاسایەکی کارایی نییە بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی.
بۆ ژنانی کورد، بەلووچ، عەرەب و بەهایی، لەنێو ئەوانی تردا، ئەم چەند چینە جیاکارییانە جگە لە ڕەگەز، نەتەوە و ئایینیش دەگرێتەوە. بۆیە ستەمیان سێ چینە..
هەر بەم هۆیەشەوە دەبێ پێگەی ئەم ژنە پەراوێزخراوانە بە جیا لە “ژنانی ئێرانی” بە هۆی هەلومەرج و هەلومەرجی زۆر جیاواز لەنێو گەلانی نێو سنوورەکانی ئێران شی بکرێتەوە و شرۆڤەی بۆ بکرێت.
ئەگەر چاو لە خەباتی ژنانی کورد بکەینەوە دەبینین کە ژنانی کورد لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە بوونەتە خاوەن خەباتی چەکداری. خەباتی ژنان بۆ ئەو ژنانە و بەشداربوون لەو خەباتە دەکرێ دوو ئامانج بپێکێت. یەکەمیان خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی هەروەها دەرفەتێکیش بۆ ڕزگاربوون لە چەوساندنەوەی کۆمەڵگەی پیاوسالاری ئێرانی کوردی بۆ ژنان لە ئاستی بنەماڵە و کۆمەڵگەشدا.
دەکرێ لیرەدا خالێکی هاوبەش لە نێوان ئەو ژنانە ببینینەوە کە لە شەقامن و هاواری ئازادی دەکەن و ئەوانەی لە ڕیزی خەباتی چەکداری دان ئەویش ئەودەمەی لەماڵ دەرۆنە دەر نازانن دەگەرێنەوە یان نا. بەلام ئەوان گیان دادەنێن بۆ دەستەبەری کۆمەڵگەیەکی ئازاد نەک بوون لە کۆمەڵگەیەکدا کە بۆت بریار بدا چ بکەی و چ لەبەر بکەی و چۆن بژی. …
لەو باسەدا زۆر جوان دەتوانین ببینین کە ژنان و بەتایبەت ژنانی نەتەوە جیاوازەکان لە ئێراندا لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی کۆماری ئیسلامیدا چیان چێشتووە و چۆن خەباتیان کردووە.لە کاتی ئاماژەدان بە ژنان لە ئێران و داخوازی و خواستەکانیان، ئەوەمان لەبیربێت کە یەک شیکاری ڕوونکردنەوە لە ئارادا نییە. ئەمە وڵاتێکە تۆڕێکی ئاڵۆزە نەک تەنها لە ڕووی ڕەگەزەوە، بەڵکو لە ڕووی نەتەوە و ئایینیشەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئانالیز و شرۆڤە لە هەموو بەستێن و شوێنەکان سەبارەت بە ژنان لە ئێراندا گرنگە
زۆر کورتی بکەنەوە کە کاریگەری شۆرشی ژینا بۆ ژنان ئەوە بوو کە یەکدەنگی، هەروەها شۆرشی کۆمەلایەتی و سیاسی. لە یەکدەندەگی بە یەکدەنگ لە باقی ژنانی ئیران بتوانن پێشرەوی بزووتنەوەیەکی فیمینستی بن کە بتوانن خواستەکانیان باس بکەن و برەوی پێبدەن. لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی کە بتوانن ئەو سونەتیانەی کۆمەڵگەی پیاوسالار بخەنە ژێر پرسیار کار بۆ کاڵکردنەوە و نەمانیان ببەن و وەک بزونتەوەی سیاسی بەشداری چالاکانەی ژنان بۆ ئەوەی بتوانین لە نوسینەوەی یاسا لە سیستمێکی دێموکراتدا ژنان پەراویز نەخرێن و نەکرێنە قوربانی پرسە نەتەوەیەیکە.
کۆتایی باسەکەم پێم خۆشە بە شتێکی کورت لە سیمون دۆبوار تەواو بکەم. لە کتێبی بەنێوبانگی ڕەگەزی دووەمدا دەلیت:.
«سەركەوتنی ژنان لەم شۆڕشەدا كە دەبێ بیكەن هیچ كات بەواتای زاڵبوونی ئەوان بەسەر پیاواندا نییه، بەڵكو لە ئاكامدا دەبێ ببێتە هۆی یەكسانیان لەگەڵ پیاوان، كە تامی شیرینی ئەو سەركەوتنە نەك هەر ژنان، بەڵكوو ناخی پیاوانیش شیرین دەكات».
سەرچاوەکان
– – نامیلکەی (ژنان و ناسیونالیسم له کۆماری کوردستانی ١٩٤٦دا) وەرگێڕان: ئەحمەد ئەسکەندەری
– ماڵپەری ئەنستیتوتی کوردی بۆ ئاشتی.