گیان ڕوح دەگری و نیگاش مشتێ
چاوەڕوانی
بەدەلاقەی تەمەنەوە
گرێ دەدات.
ئەم ئێوارە غوربەتیە کەوتۆتە سەر شانەکانم
من خۆم ناناسمەوە،
بەو وەسفەی تۆ لێم دەکەی!!!!
گومانم لە خۆم و گەڕانەوەی تۆ هەیە!!!
من بەردەوام چاوەڕێم
لەودیو پەنجەرەکەوە
بەتەمی سەر ڕوخسار،
ئاوێنەی ژورەکەم
یەک یەک وشە حەرام کراوەکان،
ماچ ، لەززەت، باوەش، خۆشم دەوێی، بیرت دەکەم
دەنووسمەوە.
با ئەم دیوارە نەی بیستێ
ئەگینا
وردو خاشی دەکا
زمانم،،،
هەڵی دەپروکێنی خەیاڵم!!!
لێرە من و ئەو من و تۆ نامۆین بە پێکەنین
کەچی لە خەما
بسکی سپیمان هۆندۆتەوە!!!
ئەمە چ مەنفایەکە
کەس لە دوانی” با “و
سەمای خۆر تێناگات
کەی دێ
شانەکانمان دەگری ژیان
من و ئەو لە چاوەروانی
ئەم سەر شیتیەی ژیان
دەردەچین.
کوێستان عومەر زادە