هەر جار کە هەواڵی دیلکراوانی ئێران دێتە گۆڕێ، باسی دەستدرێژی سێکسیش بە شوێنیدا دێتە سەر مانشێتی هەواڵەکان. دیارە ئەم کردەوە قیزەونە لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێرانیشەوە هەر بووە و لە زیندانی شایشدا ئەم دیاردە ڕوویداوە، بەڵام ڕێژەی باڵای دەستدرێژی سێکسی لەم رێژیمەدا وای کردووە کە ئەو تابۆیە شکاوە و هاواری هەموو قوربانیانی بەرز کردوەتەوە، هەواڵی ئەم دواییەی دەستدڕێژی سێکسی سپا بۆ سەر چەند زیندانی بەلووچ هانیدام لە چەند خاڵ دا ئەم کردەوە قیزەونە شی بکەمەوە:
لە ساڵەکانی دەیەی شەستی کۆچیدا مونتەزێری نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دەستدڕێژی سەر زیندانیانی سیاسی لە نامەیەکدا ڕاگەیاند، ئەوەی دوایی لە زمانی شایەتحاڵەکاندا دەرکەوت ئەوە بوو کە بە دوو هۆکار ئەم کارەیان کردووە: یەکەم پێیان وا بووە ئەو کچە زیندانیانەی کە کچێنی خۆیان پاراستووە نابێ ئاوا ئیعدام بکرێن و دەبێ کچێنیان نەمێنێ و کە بوونە ژن جا حوکمەکەیان بەڕێوەبچێت، دووهەم هۆکار کە ڕەگەزی نێریشی ئەگرتەوە بۆ ڕووخاندنی کەسایەتی زیندانیان و دۆڕاندنی ورەیان، دەستدڕێژییان دەکرایە سەر…
میشێل فۆکۆ لە کتێبی «چاودێری و سزادان، لەدایک بوونی زیندان» باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی زیندان لە چەندین ئامراز بۆ شکاندنی ورە و کەسایەتی زیندانی کەڵک وەردەگرن، کە قیزەونترینیان دەستدڕێژی سێکسییە. بەو واتایەی کە ئەگەر زیندانی خۆڕاگر بێ و دەمی قورس بێ وای لێ دەکەن لە خۆی بێزار ببێ و ورەی بشکێ، زۆرجار ئەبینین کە دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد ئەکرێن ناتوانن لەگەڵ ئەو کردەوەی لەگەڵیان کراوە ڕێک بێن و دەست دەدەنە خۆکوژی.
لە ساڵە سەرەتاییەکانی رێژیمەوە وەکوو فێڵی-شەرعی ژنانی زیندانییان سیغە(صیغە) ئەکرد کە نێوی زینای نەخرێتە سەر و جا دەستدڕێژیان دەکرد، بەڵام بە ئەزموونێک کە دوای ئەوە دەستیان کەوت حوکمی موحارەبەیان داهێنا کە بە ناوی (موحارەبە لەگەڵ ئیسلام) ناسراوە، بە پێی ئەو حوکمە ئەو کەسەی کە موحارەبە (واتە شەڕ) لەگەڵ دین دەکات، ماڵ و حاڵ و گیانی حەڵالە، بەو پێیە دەکرێ بیکوژن، ئەشکەنجەی بدەن، دەست بەسەر ماڵ و سامانی بگرن یان دەستدڕێژی بکەنە سەری، ئیتر وای لێهاتووە کە نێر و مێی بۆ نییە و وەکوو یەکێک لە تێکنیکەکانی ئەشکەنجە کەڵکی لێوەردەگرن.
ئەبینین کە ئەم دیاردە جگە لە رێژیمی ئێران لە نێو تاقمە توندڕەوەکانی ئیسلامیشدا هەیە و ئەوان بە جێی دەستدرێژی لە زینداندا، نێوی کۆیلەی دەخەنە سەر و بە ئاشکرا کەڵکی سێکسی لێوەردەگرن و بە کڕین و فرۆشتنی دەدەن. بۆیە لە نێو ئەو گرووپانەدا ئیدی باسی (صیغە) و کڵاوی شەرعی نییە و ئەوەی کە پێیان وابێ لەگەڵ بیر و ڕایان ناگونجێ، بە کافری ئەزانن و گیان و ماڵی حەڵاڵە (بڕواننە کارەساتی ئێزەدیەکان). لەم ساڵانەی دواییدا لە سووریاش چەندین هەواڵی دەستدرێژی زیندانیان دەنگی دایەوە، یان هەموومان شیعری «کونگرەی شووشان»ی عەبدووڵڵا پەشێومان لە بیرە کە دەڵێ:
دوێنێ کۆنگرە بوو…
کۆنگرەی شووشان بوو
هەر وڵاتێک و شووشەیەکی نارد
هەر شووشەیەک و
بەسەرهاتی خۆی پوختە گێڕاوە:
چەند قاوەخانە و چەند ماڵ گەڕاوە،
لەسەر چەند مێزان تاج لەسەر بووە،
چەند دەمی دیوە و چی تێ کراوە!
پێش ئەوەی کۆنگرە کۆتایی پێ بێ
بوتڵێکی ڕەشی
لە سپێدەوە، کڕ و کپ و مۆن
قوت بۆوە و هاتە بەردەم میکرۆفۆن:
‹خوشکان، برایان!
من وەکوو ئێوە سەربردەم نییە،
نە مێزم دیوە، نە کۆڕی یاران
نە گەشتی لادێ، نە باڕی شاران
ڕاستیتان دەوێ؟
ئەو ڕێیە دوورەم بۆیە بڕیوە
تا پێتان بڵێم:
من شووشەی بەعسم
لە پاش و پێشی مرۆڤ بترازێ،
هیچم نەدیوە.. ‹
ئەتوانین بڵێین دەستدرێژیکردن تاوانێکە کە لە ڕووی تووندوتیژییەوە ئەنجام دەدرێت نەک لە شەهوەت، ئەوەندەی کە دەبینین منداڵان و بەساڵاچووان و پیاوانیش قوربانی تاوانێکی لەو شێوەیەن. ئەم فشاری جەستەییە بۆ لەناوبردنی تەرکیزی دەروونی زیندانی بەکاردەهێنرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم فشارانە دەخرێنە سەر زیندانی بۆ ئەوەی لە بیروباوەڕەکەی کەم بکاتەوە کە لە ڕاستیدا هەر بۆ ئەم بیروباوەڕەیە کە خراوەتە زیندانەوە. هەڵسەنگاندنی زیندانی بۆ خۆی وەک کەسێک کە لەسەر بیروباوەڕەکەی جێگیر بووە یان نا، دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر ڕادەی ئەو ئازارەی کە لە ئەنجامی ئەو دەستدڕێژییە تووشی دەبێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە زانستی دەروونی نیشانی داوە کە پابەندبوون بە بیروباوەڕ و بەهاکانی مرۆڤ، یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان کە ڕۆڵی پارێزەری هەیە لە سەقامگیری زیندانیانی سیاسی.
بە واتایەکی تر بەبێ گوێدانە تەمەن و ڕەگەز، کاریگەری و دەرئەنجامەکانی دەستدرێژی سێکسی لە سەرووی لە هەر جۆرە برینداربوونێکی جەستەیی و ئەشکەنجەیە. زەبر و زەنگی دەستدرێژی دەتوانێت وێرانکەر بێت. لەم ئەزموونەدا کەسەکە لەوانەیە هەست بە ترس و شەرم و تەنیایی بکات، یان کابووس ببینیت، چیتر هەست بە ئاسایش ناکات. متمانەی خۆی لە دەست ئەدات. لەوانەیە خۆی بە تاوانبار بزانێ بەو شتەی کە ڕوویداوە یان باوەڕ بەوە بهێنێ کە «پیس» بووە. لەوانەیە لەگەڵ PTSD، دڵەڕاوکێ و خەمۆکیدا کێشەی هەبێت. لە کۆتاییدا ئەبێ بڵێم ئەو کەسانەی کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر. هیچ سووچێکیان نییە و دەسەڵاتی ئەوەیان نەبووە کە پارێزگاری لە خۆیان بکەن و بەرگری بکەن، بۆیە پێشنیار ئەکەم هەتا ئەتوانن باسی بکەن و بە جێی ئەوەی شەرم لە گێڕانەوەی بکەن، بە بڵاو کردنەوەی ئەم رێژیمە شەرمەزار بکەن.