هەر گوتارێک کە زاڵ دەبێ یا ڕۆژێک لە کۆمەڵگەیەکدا زاڵ بووە، مەرج نییە کە لەگەڵ زاڵبوونیدا ڕەواش بووبێ، گوتاری کۆماری ئیسلامی لە سەردەمانێكدا زاڵ بوو، بەڵام ئایا بە واتای ڕەوابوونیەتی؟ بێگومان وڵامی ئەم پرسیارە نایە. ئازادی و دێموکراسی پرۆژەیەکی ڕەها نین و بەردەوام لە بەردەم گۆڕان و نوێبوونەوەدان و هەمیشە پێویست بووە هێندە جەغزی ئازادی کراوە و کراوەتر بێتەوە، کە هەمووان خۆیانی تێدا ببیننەوە، کەس لەم نێوەدا بێبەش نەبێت. لەوانە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە یا هەمان LGBT.
کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە یا LGBT چییە؟ ئێمە ڕۆژانە ئەم ناوەمان بەرگوێ دەکەوێ، بەڵام بەپێی کلیشەیەک کە لە مێشکماندا ئاخنراوە، بەسەر ڕاستیی چییەتیی ئەم کۆمەڵگەیەدا باز دەدەین و بەباشی نایانناسین. لێرەدا نامهەوێ بچمە سەر مێژووی ئەم کۆمەڵگەیە، بەڵام پێم باشە بەگشتی و بەکورتی پێناسەیەکمان لەسەر ناسینیان هەبێ. هەرچەند زیاتر لەو چوار پیتەیە بەڵام لێرەدا هەرکام لە پیتەکانی ئێڵ، جی، بی، تی و کیووش – کە من لەسەرەوە نەمهێناوە – دێنینە بەر باس، کە ئاماژە بە کەسگەلێکی جیاواز بە خواستی جیاوازەوە دەکات، بۆ نموونە ئێڵ دەبێتە لێزبیان (ژنانی هاوڕەگەزخواز)، جی، گەی (پیاوانی هاوڕەگەزخواز)، بی، بایسێکشۆڵ (کەسانی دووڕەگەزخواز) و تییش ئاماژەیەکە بە ترەنسجێندەرەکان، واتە ئەو کەسانەی وا پێناسەی باوی دیاریکەر لەسەر ڕەگەزی خۆیان قەبووڵ نییە و دەیانهەوێ خۆیان پێناسەیەکیان بۆ چییەتیی ڕەگەزیان هەبێ و ئەو چاوەڕوانییەشیان هەیە کە کۆمەڵگە پێناسەکەیان بە فەرمی بناسێت. وەک کەسێک کە لە ڕووی ڕواڵەتەوە لە ژنان دەچێ، بەڵام هەست و عاتفە و خواستی خۆی، لە بازنەی پیاوانەدا دەبینێتەوە. ئەم کۆمەڵگەیە تەنیا بەسەر ئەم چوار توێژەدا دابەش ناکرێ و جۆری تریشی زۆرن، بەڵام ئەمانە دیارترینیانن و پیتی کیووش ئاماژە بە کەسانێکە وا هێشتا هیچ پێناسەیەکیان بۆ خواستی ڕەگەزیی خۆیان نییە و لە حاڵی توێژینەوەدان لەسەر خواستەکانی خۆیان.
ئەمە بەکورتی پێناسە و ڕوونکردنەوەیەک بوو لەسەر ئەم کۆمەڵگەیە کە زیاتر بناسێندرێن بە خوێنەرانمان، بەڵام لێرەشدا دەمەوێ ئاماژەیەک بە گرینگترین کێشە و هەروەها خواستەکانیان بکەم، کەوا هاندەریان بووە بۆ ئەوەی لەم ساڵانەی ڕابردوودا بەتایبەت، بێنە سەر شەقامەکان و حزوور و بوونێکی چالاکیان هەبێ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. لە ڕاستیدا گەر نەمانەوێ زۆر بچینە نێو وردەکاری و ئاماژە بە حاڵەتە جۆراوجۆرەکانیان نەکەین، دەبێ بڵێین ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە لە نەبوونی ئەمنیەت و ئاسایش و هەروەها بەفەرمینەناسینیان دەناڵێنن، چون هەر ئەم بەفەرمینەناسینە ڕێگە خۆشکەرە بۆ پەراوێزخستنیان و پاشانیش پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن کۆمەڵگەوە، لەبەر ئەوەی پشتگیرییەکی قانوونییان نییە و ئەمەش دەتوانێ زیاتر بیانخاتە بەر ئەگەری ئەزیەت و ئازار و…
خودی ئەو نائەمنییەی لەسەرەوە باس کرا بە شێوەی جۆراوجۆر لەسەر ڕێی ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەیە، دەتوانێ ئەزیەت و ئازارێکی زارەکی بێ هەتا دەگاتە ئەوەی کە ئازاری جەستەیی و سێکسی و هتد بێ. ئەو خەبات و موبارەزەیان وا لە هەموو جیهاندا لە ئارادایە هەر بۆ ئەو پەراوێزخستنە و نائەمنبوونەیان و هەروەها دەستەبەرنەبوونی مافەکانیان دەگەڕێتەوە، وەک باسم کرد بەفەرمینەناسین یەکێک لەو ئامرازانەیە وا زۆر بەسانایی دەتوانێ کۆمەڵە کەسانێکی زۆر لە هەموو مافەکانیان بێبەش بکات، وەک نەتەوەیەک کە بەفەرمی نەناسرێ؛ چون کردەی بەفەرمیناسین ئەرکدارت دەکا لە بەرامبەر ئەو کەس/ کەسانە/ کۆمەڵگە/ نەتەوەیەدا؛ بەپێچەوانەکەشی هاوتایە لەگەڵ سڕینەوەیان. ئەوەی کە ساڵانێکە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە بە شێوەی جۆراوجۆری وەک ژێرزەمینی و ناڕەزایەتیدەربڕین و ڕێپێوان و… خەباتی بۆ دەکەن، ئەوەیە کە لەدژی ئەو سیستمەی وا هەوڵی سڕینەوە و بەفەرمینەناسین و بەقێزەونناساندنیان دەدات و هەروەها ناویان هاوتای ترس و دڵەڕاوکێ و هەڕەشە بۆ کۆمەڵگە دەزانێ، بوەستنەوە.
مەبەستی من لە هێنانە بەرباسی ئەم بابەتە چەند هۆکارێکن کە گرینگترینیان دژایەتی لەگەڵ جۆرێک لە فاشیزمە، بەو واتایەی کە ئێمە گەر بێین و فاشیزم سادە بکەینەوە بەسەر ئەوەدا کە دژایەتییەکی ڕووت لەگەڵ هەرچەشنە جیاوازییەک بێ و خستنە نێو بازنەی ناخۆیی و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی هاوشێوە و هاوبیر و ڕەدکردنەوەی هەرچەشنە جیاوازییەک، ئەوە بێگومان کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەش بەهۆی جیاوازیی چییەتییەکەیەوە لەگەڵ زۆربەی کۆمەڵگەکاندا، بە شێوەی خۆبەخۆ دەکەوێتە بازنەی ناخۆیییەوە. لێرەدایە کە ئێمە لەگەڵ جۆرێک لە فاشیزم و ڕەگەزپەرستی بەرەوڕووین، مەبەست لە ڕەگەز لێرەدا ئێتنیک نییە. ئەمە ڕاستییەکە و دەبێ قەبووڵ بکرێ کە هەموو مرۆڤەکان هیترۆسێکشۆڵ نین و لەم نێوەدا جیاوازی هەیە و دەبێ ڕێز لەم جیاوازییانەش بگیردرێ. ئێمە دەزانین کە کەمینە و زۆرینە لە زانستی سیاسەتدا بە واتای جەماوەر و حەشیمەت نییە، بەڵکوو بریتی لە ڕادەی دەسەڵاتە و پێوەری بەشداریکردن لە کایە سیاسییەکاندا دەرخەری کەمینە و زۆرینەیە، وەک نموونە کۆمەڵگەی شێعەی عەلەوی لە وڵاتی سووریە، سەرەڕای کەمیی جەماوەریان بەڵام لە زۆرینەدان، چون دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوەیە. لەم ڕووەوە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەش لە زۆربەی وڵاتەکاندا هەر لە کەمینەدان. لە وڵاتێکی وەک ئێران و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەم کۆمەڵگەیە وێڕای چەندین نەتەوە و پێڕەوانی ئایین و ئایینزای جۆربەجۆر لە کەمینەدان و بگرە لە دۆخێکی دژوارتریشدان و ئەویش ئەوەیە کە بەگشتی بوونیان ڕەد دەکرێتەوە و لە ئەگەری دەرکەوتنیان هەر بە حەواوە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی سەرانسەریی ژینا بە دروشمی پێشکەوتنخوازانەی ژن، ژیان، ئازادییەوە، کە دەسپێکەکەی بە پاڵپشتیی گەورەترین کەمینە واتە ژنە، چرای هیوا لە دڵی هەموو پەراوێزخراوان و کەمینەکانی ئەو وڵاتەدا داگیرسا، یەکێک لەوانەش کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بوو. دیارترین تایبەتمەندیی ئەم سەرهەڵدانە فرەڕەهەندە دژایەتیی کۆماری ئیسلامییە، ناکرێ کەسێک خۆی بە ئازادیخواز بزانێ بەڵام تەنیا خواستەکانی خۆی ببینێ، ناکرێ ئێمە دژبە ئێعدام بین، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێعدامی هەندێک کەس بە ڕەوا بزانین، یانی لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە ستانداردی دووانە نابێ ببێ، بەتایبەت لەلایەن ئێمەوە کە خۆمان بە ئاڵاهەڵگری خەباتێک دەزانین کە لە ڕاستای دابینکردنی مافی نەتەوەیەکە وا لە حاڵەتی کەمینەدایە، ئێمە هەموو کەمینەکان بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستادا پێویستە یەکڕیز بین و دان بە مافەکانی یەکتردا بنێین بۆ ئەوەی جارێکی تریش هەموومان لە حاڵەتی کەمینەییی خۆماندا نەمێنینەوە و تەنیا شایەدی گۆڕینی ڕواڵەتی دەسەڵاتدارەکان بین و نەتوانین گۆڕانێکی بنەڕەتی لە هەموو ڕووەکان و هاوکێشەکاندا ببینین.
هەر لەم سەرهەڵدانەدا سەرەڕای هەموو گوشارەکانی بەتایبەت ئەم ساڵانەی ڕابردوو لە بڵاوکردنەوەی ڕق و قینەوە هەتا گرتن و ئەشکەنجە و دەسدرێژیی سێکسی و ئێعدام بەرامبەر بە ئەم کۆمەڵگەیە، ئێمە شایەدی چالاکیی بەرچاوی ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان لە کوردستان و لە هەموو ئێران بووین، ئەمە بەو واتایە کە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە خۆیان بە بەشێک لەم شۆڕشە دەزانن و داوای بەشی خۆیان لە مافەکان دەکەن و ئازادانە و وشیارانە شوناس و خواستی خۆیان، بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکەن. لە دیوارنووسیی شاری مەهابادەوە کە پەیامێک بوو بەم چەشنە: «کۆمەڵگەی LGBTQ+ ڕاساوە و شۆڕش دەکا» هەتا شارەکانی وەک قوم و ئەراک و تاران و تەبرێز، نیشان لە مافخوازییەکی نەترسانەیە، کە بە نۆرەی خۆی کۆڵەکەی دەسەڵاتی ڕەگەزلێدراو و داخراوی کۆماری ئیسلامیی وەلەرزە خستووە.
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم هیچ کام لە ئێمە – بەتایبەت کەمینەکان – دەستمان بە دێموکراسی و ئازادییەک ڕاناگا، مەگەر ئەوەی کە گەرەنتییەک بۆ دابینبوونی مافەکانی هەموومان هەبێ، وڵاتی ئێرانی فرەچەشن بە سڕینەوە و لەبەرچاو نەگرتنی ئەم جیاوازییانە بە هیچ ئاکامێکی باش و دڵخواز ناگات، تەنیا ڕێگە بەفەرمیناسینی هەموو جیاوازییەکان و هەموو کەمینەکان و مافەکانیانە.