گەلانی زوڵملێکراوی ئێران!
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
لە ساڵی ۱۹۹۹ی زاینییەوە، رێکخراوی یۆنسکۆ-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٢١ی مانگی فێورییەی(۲ی رەشەمە) وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە رۆژژمێردا دیاری کرد.
لە۲۱ی فێورییەی ئەمساڵدا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی چالاکی و ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە رێزگرتن لەم بۆنەیە، دەبینین کە وڵاتی ئێمە گیرۆدەی ستەم و هەڵاواردنێکی سیستماتیکی لەمێژینەیە کە باڵی بە سەر هەموو جومگەکانی ژیانی نەتەوەی کورد، کە زمانی کوردی و کولتوور و شوناسی نەتەوەی کوردیش یەکێک لەوانن، کێشاوە.
زمان ناسنامە و کۆڵەکەی سەرەکیی ژیان و هەرمانی نەتەوەیە. بۆیە، هەر نەتەوەیەک زمانەکەی لێ بسەندرێتەوە، خۆشی لە نێو دەچێت و دەفەوتێ.
کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو مافەیان بە هەموو نەتەوەیەک داوە کە بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و بنووسن.
رژێمی کۆماری ئیسلامی لە ئێرانیش هەموو ڕەشنووس و کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە زمانی دایکی پەسند کردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێ کردنیان هەڵنەگرتووە. تەنانەت حاشا لە رەنگاوڕەنگی کۆمەڵگای ئێران دەکات و تەنیا زمانی فارسی وەکوو زمانی فەرمی وڵات سەپێندراوە و کار بۆ سڕینەوەی کلتوور و زمانی باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکات.
بەپێی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، زمانی فارسی تاقە زمانی فەرمیی وڵاتە و سیستەمی پەروەردەیی و کۆی دامودەزگاکان ئەرکدارن بخرێنە خزمەت سەپاندنی زۆرەملێی ئەو زمانە بە سەر زمانەکانی دیکەی نێو جوغرافیای سیاسیی ئێراندا.
بەڵام شۆڕشی ژینا هەموو نەتەوە و کلتوور و زمانە جیاوازەکانی، دەست لەناو دەست هێنایە سەر شەقام و هەموویان بەیەکەوە دروشمی “مردن بۆ دیکتاتۆر”یان بە کوردی و بەلووچی و تورکی و عەرەبی و فارسی و …هتد گوتەوە.
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست!
زمانی کوردی یەکێک لەو زمانانەیە کە هەر لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی پەهلەوی و پاشان دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی رووبەڕووی سڕینەوە بۆتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆش چالاکانی بواری فەرهەنگی و زمانەوانی سەرەڕای هەموو زەخت و گوشارەکان، بەرەوڕووی ئەو پیلانە دژەگەلییانە ڕاوەستاون و لە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ پاراستنی زمانی کوردی درێغیان نەکردووە.
زمانی دایکی پێناس و شۆناسی هەر نەتەوەیەکە، بۆیە زور گرینگە کە دایکان و باوکان هەر لە سەرەتاوە گرینگی بە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بە زمانی نەتەوەیی خۆیان بدەن و منداڵەکانیان فێری نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی بکەن.
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بە گرینگی دانانی زمانی دایکی شوناسی نەتەوەییمان لەو رۆژەدا، ڕێز لە خەبات و ماندووبوونی چالاکانی فەرهەنگی، سیاسی، مامۆستایان و دایک و باوکان بۆ پاراستنی زمانی دایکی دەگرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنیا بە هەوڵی هەمەلایەنە دەتوانرێت ئەو شۆناسە نەتەوەییە لە پیلان و هەڕەشەی داگیرکەر بپارێزرێ و هاوکات داوا لە هەموو تاکەکانی نەتەوەکەمان دەکەین کە، بە هزر و کردەوە، خاوندارێتیی خۆیان بۆ پرسی زمانی دایکی بسەلمێنن.
۱ی رەشەممەی ۱٤٠١ هەتاوی
۲۰ی فێورییەی٢٠٢٣ ی زایینی